دانپێدانان لە ژوورە تاریکەکاندا

مەریوان وریا قانع

مامۆستای زانکۆ
  12/10/2020  |    1498 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێم لە زاری نوێنەرەکەیەوە باس لەوەدەکات ڕۆژنامەنووسێکی ڕفێنراو لەناو ماڵ و منداڵی خۆیدا و بێسەروشوێنکراو لە ماوەی ڕبروودا ”دانی بەوەدا ناوە“ کە ”یارمەتی دارایی دەرەکیی“ وەرگرتوە بۆئەوەی لەڕێگای نووسین و قسەکردنەوە پشێوی لە هەرێمدا بنێتەوە، حکومەتی هەرێم ناشیرین بکات و قسەی نەشیاو بە بەرپرسان بڵێت، لە ئەنجامیشدا ئاسایشی هەرێمەکە بخاتە مەترسییەوە .

بۆ کەسێک کەمەکێک شارەزای شێوازی حوکمڕانیی هەندێک لە سیستمە سیاسییە هەرە ناشیرینەکانی سەدی بیست بێت مۆدێلی ئەم جۆرە شانۆگەرییە گەمژانەیە بە ئاسانی دەناسێتەوە. کەس هێندەی ڕژێمەکەی ستالین لە دروستکردنی شانۆگەریی ساختەی ”دانپیانان“دا شارەزانەبوو، بەجۆرێک ئەنجامدانی ئەم شێوازە لە شانۆگەریی دانپیانان، یەکێکە لە تەکنیکە سەرەکییەکانی دیاردەی ستالینزیم لە سەدەی بیستەمدا، بەعسییەکانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی سەدام حوسەینیش شتێکیان لە ڕژێمەکەی ستالین گەڕابووەوە، وەک ستالین، سەدام هاوڕێکانی دەگرت و بەر لە کوشتنیان ناچاری دانپیانانی ساختەی دەکردن، ئینجا بە ڤیدیۆ دانپیانانە ساختەکانی بەناو ڕیزەکانی حیزبەکەدا بڵاودەکردەوە.. زۆرێک لە ڕژێمە ستەمگەرەکانی تری دنیا بەم مەهزەلەی ”دانپیانان“ەدا تێپەڕیون و بەشێکبووە لە تەکنیکی ترساندن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگا .

ئەوەی مایەی پێکەنین و بەزەییە لەم شانۆگەرییە ناشیرین و گەمژەییانەی حکومەتی هەرێمدا ئەوەیە تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکە بە قسەی ڕۆژنامەنووسێکەوە گرێئەدات لە دۆخێکدا ٩٥ لە سەدی دەزگا میدییایە جۆربەجۆرەکان، تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ و کەناڵە ساتالایتەکان و ڕۆژنامەکان و سایتەکانی سەر ئینتەرنێت، موڵکی پارتە سیاسییەکان و لەناو پارتەکانیشدا موڵکی کەسە پارەدار و دەسەڵاتدارەکانی ناو ئەو پارتانەن. ئەم میدیایە ڕۆژانە درۆ و پڕوپاگەندەی ڕێکخراو بۆ ئەو کەسانە و پارت و هاوپەیمنەکانیان دەکەن. کۆنترۆڵکردنی زۆرینەی هەرەزۆری کەناڵە میدیاییەکان یەکێکە لە ئاکارە سەرەکییەکانی حوکمڕانیەکەی هەرێم. ژمارەی دەنگە میدیاییە سەربەخۆکان بە پەنجەی دەستێک دەژمێردرێن، لەبەرامبەر ئەو لەشکرە گەورەیە لە ڕۆژنامەکار و دەزگای میدیایی ئاراستەکراودا .

لە هەمووی بێماناتر تۆمەتبارکردنی ئەو ڕۆژانەنووسەیە بەوەی کە وێنەی حکومەتی هەرێم و بەرپرسەکانی ناشیرین دەکات، وەک ئەوەی حکومەتی هەرێم و بەرپرسەکانی فریشتەبن و هەموو دونیا سوێدن بەسەری ئەوان بخوات. ڕاپۆرت و ئۆرگانە نێودەوڵتیەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی چاودێریکردنی گەندەڵیی و ڕێکخراوەکانی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنەمگەریی، هەر هەموویان حکومەتی هەرێم وەک یەکێک لە ڕژێمە ناشیرینەکانی دونیا نیشانئەدەن .

شێروان شێروانی سەرچاوەی دروستبوونی ناڕەزاییەکانی خەڵکی کوردستان نییە تا ێەو بەلاڕاێیاندا ببات، ئەو سەرچاوەی پشتکردنی خەڵکی کوردستان لە پارتە سیاسییەکان و لە حکومەتی هەرێم نییە. بەرپرسانی کوردستان خۆیان و حکومەتەکەیان سەرچاوی ئەو هەموو ناڕەزایەتیی و تووڕەبوونن کە ساڵ لە دوای ساڵە لە کوردستاندا کەڵەکەدەبێت، بەجۆرێک پردێک بۆ گفتوگۆ لەنێوان کۆمەڵگا و ئەو دەسەڵاتدارانەدا نەماوەتەوە .

ئەم بەرپرسانە دەڵێی لەو وڵاتەدا ناژین کە حوکمڕانیی دەکەن. لە دواهەمین هەڵبژاردندا نزیکەی ٧٠ لە سەدی خەڵکی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردن و یارییە پڕ تەزویرەکەی هەڵبژاردنی هەرێمیان کرد. ئەم بەرپرسانە و حکومەتەکەیان، بە تایبەتی دوو هێزە حوکمڕانکەی کوردستان، لە باشترین حاڵەتدا نوێنەرایەتی ٢٠ لە سەدی خەڵکی ئەم وڵاتە دەکەن و ٨٠ لە سەدەکەی تری وەک دز و جەردە و تاوانبار سەیریان دەکەن .

بە کورتییەکەی، بڵاوکرنەوەی گومانلێکراوی دانپیانانی ناو ژورە تاریەکەکان دەرکەوتێکی تری ناشیرینبوونی سەرتاسەریی ئەم حوکمڕانییە سوڵتانییەیە .

زیاتر