شەڕ تەنیا نەبوونەکەی باشە، کە هەبوو، ئیتر هیچ شوێنێکی باش نیە، تا هەڵپەی ئەوەتبێ جێگای خۆتی تیا حیجزکەیت!
دوو تەرەف، پێش شەڕ، ئەکرێ یەکێکیان لەویتریان باشتربێ. بەڵام لە شەڕدا یەکسان ئەبنەوەو بە هەردوکیان خراپێك بەرهەمئەهێنن، لێرەشەوە ئیتر هیچیان چاك نین. مەیدانی چاکبوون ناشەڕەو کێ ئەیەوێ چاکبێ با لەوێدا شێربێت. مەیدانی خراپبوون شەڕەو هەمووش لەوێدا ڕێوێن.
شەڕ دوو تۆپەو لە ئەساسەوە خۆیان بچوکن، بەڵام وەکو تلۆربوونەوەی بەفر وایە، تا بڕوات گەورەئەبێ و لەکۆتاییشدا هەر تۆپێكیان بەقەت لایەکی کۆمەڵگای لێدێ و بەهەردوکیشان بەقەت هەموو کۆمەڵگایان لێدێ. ئێستا هێزەکان تۆپی شەڕیان تلۆرکردۆتەوەو کاری منو تۆش هەرئەوەیە کە نەچینە ناوی و بۆیان گەورە نەکەین، بۆئەوەی بچوکی و ناڕەواییەکەی دیاربێ و لەناو قەرەباڵغیدا شەڕعیەت و گەورەبوون بەدەست نەهێنێت!
هەردولا کەمپەینی شەڕی خۆیان ئەکەن و کاری منو تۆش هەرئەوەیە کە نەچینە کەمپی هیچیانەوە. کۆمەڵگا بە کەمپەینی ئەوان نابێ بە معەسکەر، بەوە ئەبێت بە معەسکەر کە منو تۆ بچینە ناوییەوە. شوێنی منو تۆ ئەو دابەشکارییەی ئەوان نیە کە بمانکەن بە دوو بەرەو بماندەن بەگژ یەکدا. شوێنی ئێمە کەمپێکی ترە، کە لەوێوە بچین بەگژ شەڕو هەموو لاکانیدا.
سنوری دوو هێزی سیاسی، ئەوەیە کە ململانێ بکەن بەڵام شەڕ نا. سنوری منو تۆش ئەوەیە کە لایەنگیری بکەین بەڵام شەڕ نا. شەڕ سنورەو با هەمووان لەوێدا بوەستین. ئەگەر حیزبەکانیش نەوەستان و هەر خەریکی شەڕی خۆیانبوون، تۆ بوەستەو لەوێدا ئیتر واز لە لایەنگری و پیاهەڵدانەکانت بێنە ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیشبێت. چونکە تۆ لەوێوە داخڵی شەڕەکە ئەبیت و لەوێشەوە ئەتوانی داخڵ نەبیت. چونکە تۆ لەوێوە تۆپەکە گەورەئەکەیت و لەوێشەوە ئەتوانی بچوکیکەیتەوە.
چەکی پەکەکەو پەیوەندی پارتی و تورکیا، هەردوکی ئەبێ بخرێتە ژێر پرسیارەوەو بزانین چەنێكی قازانجەو چەنێکی زەرەر. بەڵام ئەوەی کە چەکی پەکەکە ئەخاتە ژێر پرسیارەوە نابێ پارتی بێت. ئەوەشی کە پەیوەندیەکانی پارتی ئەخاتە ژێرپرسیارەوە نابێ پەکەکە بێت. چونکە لەم حاڵەتەدا پرسیارو گفتوگۆ دروستنابێ، بەڵکو شەڕو تێگیران دروستئەبێ. ئەوەی کە پارتی و پەکەکەو ئەوانیتر ئەخاتە ژێرپرسیارەوە، ئەبێ هەموومان بین نەك لایەکمان. ئەبێ گشتێك بێت نەك پەرتێك!
ئا لێرەوەیە کە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی زەرورە، بەڵام کۆنگرە بە عەقڵێکی باڵای نیشتمانیی، نەك ئەویش هەر بە عەقڵی حیزبی. دواجار تۆ کۆنگرەت بۆئەوەیە کە سنورێك بۆ هەژمونکاریی حیزبەکان دانێ، نەك ئەوەی خودی ئەویش مەیدانی هەژمونکاریی حیزبەکانبێ و شەڕی ئەوەیانبێ کامیان دەستی بەسەردا بگرن! دواجار تۆ کۆنگرەت بۆئەوەیە کە هێڵە گشتی و هاوبەشەکان داڕێژێ، نەك ئەویش هەر کێکبێ و تەوزیعکرێ و هێڵە گرگنەکانی حیزبی تیا تۆخبکرێتەوە!
بەدیاریکراوی ئێمە پێویستمان بە کۆنگرەیەکە بۆ سنوردانان بۆ پارتی و پەکەکە هەردوکیان. چونکە ئەم دوو هێزە هیچ سنورێکیان نیەو هیچ سازشێك نافامن و هەموو شتێك ئەکەنە قوربانی هەژمونکاری خۆیان. پارتی لەنێوان کاولبوونی دنیاو دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی، بێ دوودڵی دووەمیان هەڵئەبژێرێ و پەکەکە لەنێوان کاولبوونی دنیاو هەژموونی ئایدۆلۆژیاکەی، بێ دوودڵیی دووەمیان هەڵئەبژێڕی. ئەم دووانە چەنێك جیاوازبن، "لەو خاڵەدا" بە موو فەرقیان نیەو لەوێشدا کێشەکە هەردوکیانن نەك یەکێکیان. (هەڵبەتە یەکێتی حیزبەکانی تریش هەروا، بەڵام لێرەدا باسەکە پارتی و پەکەکەیە.) ئەو خاڵەش بەرزترین سەقفی کەلەڕەقی و کەلەپووتیی سیاسی ئێمەیەو ئەبێ دەزگایەك و پەیمانێك و شتێك لە بانەوە هەبێ، بۆئەوەی ئەو سەقفە نزمبێتەوە.
ئێمە پێویستمان بە کۆنگرەیەکە بۆئەوەی کۆتایی بە هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیا بهێنێت. بە پەکەکە بڵێ سنوری تۆ باکورەو کاتێ لە باکوریت، بەرامبەر ئەنکەرەیت، بەڵام کاتێ لە ڕۆژهەڵاتیت، لەڕاستیدا زیاتر بەرامبەر کۆمەڵەو دیموکراتیت نەك بەرامبەر ئێران!
بە پارتی بڵێ ساحەی تۆ باشورو بەغایە، بەڵام کاتێ میلیشیای ڕۆژ دروستئەکەیت، ئیتر تۆ بەرامبەر ڕۆژئاوایت نەك بەرامبەر دیمەشق!
ئێمە گاڵتە بە مۆدێلی کۆمەڵەو دیموکرات ئەکەین، بەڵام لەڕاستیدا ئەبێ کۆنگرەیەك هەبێ، ئەوە بکات بە مۆدێلێکی نیشتمانی و پارتی و پەکەکەش ناچاربکات کە وەکو کۆمەڵەو دیموکرات تەنیا خەریکی پارچەی خۆیانبن و واز لە دەستێوەردان و هەناردەکردنی هەژمون و ئایدۆلۆژیا بۆ پارچەکانی بهێنن، کە هەر بەرهەمهێنانەوەی خۆخۆرییەو هەر ئەچێتەوە گیرفانی دوژمن.
ئێمە پێویستمان بە پەیمانێکی نیشتمانییە، کە حیزبی چەکدار لە قاڵبی دەزگای دەوڵەتی و پەروەردەی نیشتمانی بداو تا ئەمە نەکەین، لە پاڵ چوارەکەدا هەمیشە داگیرکەری پێنجەمیشمان حازرە. وەکچۆن دوژمن لەکوێ بێت ئەو شوێنە داگیرکراوە، ئاواش حیزبی چەکدار لەکوێبێت ئەو شوێنە داگیرکراوە. زۆنی زەرد داگیرکراوە، زۆنی سەوز داگیرکراوە، زۆنی پەکەکە داگیرکراوە، گوڵەخانەش داگیرکراوە.. جا بۆئەوەی لە داگیرکراویی دەرچین، کاری ئێمە تەنیا ڕەتکردنەوەی دوژمن نیە، بەڵکو ڕەتکردنەوەی مۆدێلی حیزبی چەکداریشە.
کێشەی ئێمە نەبوونی عەقڵی دیموکرات و دەزگای دیموکراتە کە فرەیی بفامێ. لەغیابی ئەمەشدا هەریەکەو خۆی یەکسان ئەکات بە هەموو. ئیتر موعارەزە خۆی پێ هەموو بەرەی خەڵکەو ئیسلامیی خۆی پێ هەموو موسوڵمانانەو پارتی خۆی پێ هەموو نەتەوەیەو پەکەکەش خۆی پێ هەموو گەلانە.. کە ئەمەش وەهمێکی فاشیستییەو هیچی تر!
"وەهمە" چونکە لەڕاستیدا وانیەو هەر پەرتێك تەنیا خۆیەتی نەك هەموو. "فاشیزمە" چونکە تۆ تەنیا بەسڕێنەوەی ئەوانیتر، ئەگەیت بەو خەونەی کە خۆت هەمووبیت. لێرشەوە شەیتاندن و "پیشەسازیی ڕق" دەستپێئەکاو تا شەڕو کاولکاری ئەڕواو کوردیش دایمە هەر لێرەدایە کە خاڵی سفرە!
هاوڕێیەك نامەی ناردوە، ئەڵێ لەنێوان پەکەکەی شۆڕشگێڕو پارتی خائیندا قسەی خۆت بکە با لە مێژوو دوانەکەویت.
منیش بۆم نوسی، "مێژووی شەڕ" هەر بۆ ئەوە باشە کە لێ ی دواکەوین و "شۆڕشگێڕی" هەر ئەوەیە کە لەناو خۆماندا، بەسەر عەقڵی شەڕدا سەرکەوین و "خیانەتیش" هەر ئەو شەڕەیە کە حیزبەکان دایمە لەسەرپێن بیکەن و کە منو تۆش دایمە بەسەرا خۆمانی تێفڕێ ئەدەین!
تەبعەن جگە لەکاتی شەڕ، لەهەرکاتێکی تردا، بمخەیتە نێوان پارتی و پەکەکەو ناچاربم یەکێکیان هەڵبژێرم، پەکەکە هەڵئەبژێڕم. ئەوەش لەبەر تۆزە جوانییەکەی پەکەکە نا، لەبەر ناشرینییە زۆرەکەی پارتی. جا ئەگەر شتەکە لای تۆ پێچەوانەیە، قەیچێکا تۆ پارتی هەڵبژێرە، بەڵام لەکاتەکانی تردا، نەك لەکاتی شەڕدا! با فێربین لەکاتی شەڕدا، لایەنگرییەکانمان فڕێدەینە زبڵدان، بۆئەوەی خۆمان نەبینە زبڵی شەڕەکان.
هیچ شتێکیش پاساوی شەڕ نیە، تەنانەت بەرگریش. بەرگری تەنیا بیانوی شەڕە نەك پاساوی رەوای شەڕ. ئەوەی کە هەر لایەك پێیوایە حەق بەوەو بەرگری ئەکات، ئەمە شتێکی ڕووکەشجوانی ناو بەتاڵەو تەنیا کەمپەینی شەڕی پێ گەرمئەکرێ. چونکە ئەوانەی کە بەرگری ئەکەن، پێش بەرگرییەکە شتی تر هەبووە کە نەیانکردوە بۆیە دۆخەکە گەیشتۆتە ئەوێ! ئەوانەی کە خۆیان پێ حەقە، حەقبوو شتێکی تربکەن نەك شەڕ، چونکە خودی شەڕ، ئەو ناڕەوایەیە کە هەموو حەق و ڕەواکانی تیا پێشێل ئەکرێ!
لێرەشدا تەنیا مەبەستم ئێستاو پارتی و پەکەکە نیە، مەبەستم هەموو کات و هەردولای هەموو شەڕەکانە بەگشتی. چونکە عادەتەن لاکانی شەڕ، هەریەکەیان خۆی بە حەق و بەرگریکارو مەزڵوم ئەزانێ و کەس ناڵێ من وائەکەم هەر بە عەنتەری، هەمووی هەر ئەڵێ من وا ئەکەم بۆ بەرگری. ئا لێرەشەوەیە کە وەزارەتەکانی شەڕ، هەموویان ناویان وەزارەتی بەرگرییەو هیچیان ناوی وەزارەتی هجوم نیە، چونکە هەمووی ئەیەوێ لە پشتی وشەی بەرگرییەوە، ڕەوایەتی بۆ شەرەکانی بهێنێت!
جا لێرەدا گرنگە خودی بەرگری بخەینە ژێر پرسیارەوەو بە هەردولای هەموو شەڕەکان بڵێین: لەڕاستیدا ئێوە بەرگری ناکەن، ئێوە شەڕ ئەکەن. ئەگەر بەرگریتان ئەوێ، باشترین بەرگری تێپەڕاندنی عەقڵی شەڕە. عەقڵی شەڕیش هەر بەوە تێئەپەڕێنرێ، کە لە شوێنێکدا ئیتر بەرامبەر خۆت بوەستیتەوە نەك بەرامبەر ئەو. حسابێ لەگەڵ خۆتدا بکەو بزانە پشکی تۆ لە شەڕەکاندا چیە کە هەمیشە لەپشتی وشەی بەرگری و ڕەوایەتییەوە ئەیانکەیت!
سەیرکە پارتی بەرگری لە ئەزموونەکە ئەکاو پەکەکە بەرگری لە شۆڕش، هەردوکیشیان بە شەڕ، دەی شەڕ هەر ئەو شتەیە کە خەتەرە لەسەر ئەو دووانە.
لەنێوان خێرو شەڕدا ئاشتی هەڵبژێرە، چونکە دوالیزمی "خێرو شەڕ" خۆی خودی شەڕەو شەڕەکان هەر لەوێوە دێن. بۆ مەگەر شەڕ چیە، جگە لە دوو لا، کە هەرهەکەیان خۆی بە خێرو فریشتەو ئەویتر بە شەڕو شەیتان ئەزانێ؟ بۆ مەگەر شەڕ چیە لە جگە لە دابەشکردنی دنیا بۆ ڕەش و سپی؟ لەنیوان خیانەت و شۆڕش، ئاشتی هەڵبژێرە، چونکە خودی خیانەت شەڕەو خودی شۆڕش تێپەڕاندنی عەقڵی شەڕە.
لێرەدا باسی دوژمن و میت و تورکیاو ئێرانم نەکردوە، چونکە کێشەکە بەرد هاویشتنی بەردەوامی ئەوان نیە، کێشەکە ماڵی خۆمانە کە لە شوشەیە. ماڵی خۆشمان لە هەموو لاکانەوە لە شوشەیە نەك تەنیا لە لایەکەوە. لە عەقڵێکەوە لە شوشەیە، کە عەقڵی شەڕەو هەمووی هەر ئەوەی لەسەردایە. شەڕەکانی ئێمە لە ڕووکەشدا شەڕی وەکالەتن و ئەمە راستە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا شەڕی عەقڵێکن کە تەواو هی خۆمانەو ئەمەش هەر ڕاستە!
عەقڵێك کە لەبری ئەوەی سازش بکات بۆ گشت و ئاشتی بخولقێنێ، خۆی یەکسان ئەکا بە گشت و شەڕ هەڵئەگیرسێنێ. جا ئێمە جاش و باشمان هەر ئەمەی لەسەردایەو لێرەدا دوژمنیش نەبێ ئێمە هەر ئەوەین کە هەین. بۆ ئەوەشی ببین بە شتێکی تر، ئەبێ دەسکاری ئەو عەقڵە بکەین. دەسکاری ئەوەش لە جەمال عەبوڵاکانەوە ناکرێ، لە تۆوە ئەکرێ کە ئیتر خۆت جەمالی هیچ لایەك نەبیت و گوێ لە جەماڵی هیچ لایەکیش نەگریت.