سیاسەت لە چاودا

  03/12/2020  |    1072 جار خوێندراوەتەوە
سیاسەت خۆی، ئەرکێکە لە ئەخلاقدا. کاتێکیش سیاسەت لە ئەرك و ئەخلاقدا نیەو لە چاودایە، ئیتر لە واقعدا هیچ ناکرێ. مەوزوعەکەش هەر هیچ نەکردن نیە، بەڵکو وەهم و فریوی کردنیشە. ئیتر فەوزایەکی زۆری کردن هەیە بەبێ کردن خۆی. ئیتر هەمووان لە چاودا کارت بۆ ئەکەن و کەسیش لەڕاستیدا هیچت بۆ ناکات!
ئیتر سیاسەت لە ئەرکی گشتییەوە، ئەبێتە نمایشی ناو فەزای گشتی. سیاسییش لەبری بکەری کردەکە، ئەبێتە ئەکتەری نمایشەکە! ئیتر دەسەڵات لەبری بەجێهێنانی ئەرکەکانی خۆی، ڕاگەیاندنی کوالیتی بەرزی خەبەری و تەرفیهیت بۆ ئەکاتەوەو موعارەزەش لایڤی فەیسبوك! ئیتر خۆپیشاندانیش لە ئەرکێکی گشتی هەمووانەوە، ئەبێتە "خۆ"پیشاندانی هەنێك، لەناو قەرەباڵغی و بەردەمی کامێراکان!
ئیتر ژن و مێردەکانیش، لەبری ئەوەی لە ماڵ و ژیانی خۆیاندا یەکتریان خۆشبوێ، لە وێنەو سناپدا، نمایشی خۆشەوستی بۆ چاوی ئەوانی تر ئەکەن! ئیتر دین لەبری ئەوەی شتێکبێ لە ڕۆحی خۆتدا، شتێکە ئەیدەی بە چاوی ئەودا! ئیتر بەخشین، لەبری ئەوەی ئەرکێکی ئەخلاقیی خۆت بێت، کردەیەکی چاوییەو تەسویری ئەکەیت بۆ ئەوانیتر! ئیتر جوانی، لەبری ئەوەی لە سروشتی تۆدابێ، لە چاوی ئەودایەو کە لە چاوی ئەویشدابوو، لە تۆدا ئەبێ بە سلیکۆن!
ئیتر جلوبەرگ و مۆبایلەکەت و سەیارەکەت و ناوماڵەکەت و تەواوی ستایلی ژیانت، ئەوەنیە کە خۆت ئەتەوێ، ئەوەیە کە چاوی ئەوان ئەیەوێ! تەنانەت خوێندنەوەو کتێبیش ئەبێتە کەرەستەی خۆنواندن، لەکاتێکا ئەوانە کەرەستەی خۆدروستکردنن لەناوەوە، نەك بابەتی خۆدەرخستن بۆ دەرەوە! ((ئیتر ئەخلاقیش، لە باشبوونەوە ئەبێتە بەباشزانین. هەر ئەونەی کە ئەوانیتر بەباشت بزانن و لە چاوی ئەواندا وابیت، ئیتر گرنگ نیە خۆت لە خۆتدا چیت!))
بەمجۆرە ئیتر هیچ شتێك لە خۆیدا نیەو هەمووی لە چاودایە. بوونی شتەکانیش لە چاودا، یەعنی نەبوونی ئەوان لە ڕاستەقینەدا. نەبوونی ڕاستەقینەش یەعنی بوونی موزەییەف. کاتێکیش کە کۆی شتەکان موزەییەفە، ئیتر ئینسانیش خۆی نەماوەو بووە بە دەعبایەکی تر. ئیتر ژیانیش ماناو پڕێتی خۆی نەمانەوەو بووە بە شتێکی پووچ. ئیتر سیاسەتیش خۆی نیەو نمایشی سیاسەتە.
چۆن شتەکان لە چاو وەرگرینەوەو بیانخەینەوە ناو خۆیان؟ ئەمە پرسیارێکی وجودییەو ئەبێ عەقڵ و هۆشیاریی ئێمە وەڵامی بداتەوە. چونکە شتتێك، تەنیا لە خۆیدا خۆیەتی و لە هیچ شتێکی تردا خۆی نیە. مرۆڤ تەنیا لە خۆیدا مرۆڤەو ئەخلاق تەنیا لەخۆیدا ئەخلاقەو سیاسەت تەنیا لەخۆیدا سیاسەتەو چاکە تەنیا لەخۆیدا چاکەیە.. ئەمانە لە شوێنی ترو لە نمایش و لە چاودا، شتێکی ترن و ئێمەش گیرۆدەو فریودراوی ئەو شتەی ترین!
مرۆڤبوون لەناو مرۆڤ خۆیدایەو ئێمە لەخۆماندا ئەتوانین مرۆڤبین. هەریەك لەبری شەڕەکانی لەگەڵ ئەو، بگەڕێتەوە بۆ ئاگایی خۆی، ئیتر هەموومان ئەبینەوە بە مرۆڤ. کە بووینەوە بە مرۆڤ، ئیتر مرۆڤەکان بە جیاوازییەکانیشیانەوە، ئەتوانن دەستبخەنە ناو دەستی یەك و پێکەوە کارێك بکەن، چونکە مرۆڤبوون ئەوەیان لێ ئەخوازێ.
بەڵام لە هەڵپەی مەسڵەحەت و شەڕی یەکتردا، تەنیا ئەتوانین وەحشبین و پەلاماربدەین، ئیتر ناشتوانین پێکەوە کارێك بکەین. ئەوەشی کە لەڕاستیدا ئەکرێت، هەر ئەوەیە کە دواجار پێکەوە ئەیکەین. ئەوەی کە هەر یەك بەتەنیا بانگەشەی کردنی ئەکات، تەنیا شەڕی سوڵتەو وەهمی کردنە، نەك کردن خۆی. وەهمیش هیچی لەسەر بیناناکرێ.
ئەگەر سەرەتا بەسەر خۆماندا بێینەوەو دواتر بچینە سەر ئەو. ئەوکات منێك هەیە کە لەخۆیدا چاکەو لەگەڵ ئەودا ئەتوانێ بچێتە ناو چاکەی گشتی. بەڵام کە خۆم فەرامۆشکردو یەکسەر لە تۆم داو تۆش هەر وات کرد، ئیتر هەردوکمان ئەچینە ناو شەڕو خراپەی گشتی و بە هەموومان هەر خراپی ئەکەین.
بەگشتی تێگەیشتنی ئێمە بۆ سیاسەت هەڵەیەو کێشەکەش لەوێوە هاتووە. بەکورتی سیاسەت لە زیهنی ئێمەدا، یەعنی لێدانی ئەو. لەکاتێکا سیاسەت پێش هەر شتێ، یەعنی فکری تۆو ئەرکی خۆت. دوای فکرو ئەرك، ئەشێ جیاوازی و ململانێت لەگەڵ ئەودا بۆ دروستببێ و ئەمەش ئاسایی و بنیاتنەرە. بەڵام پێش ئەوە، یەکسەر بچیتە شەڕ لەگەڵ ئەو، ئەمەیان تەنیا جەنگەڵەو هیچی تر. "سیاسەتی ئێمەش لەم جۆرەیە"
ئیتر ئێمە لە سیاسەت، نامانەوێ بزانین "س" خۆی چیە، تەنیا ئەمانەوێ بزانین چۆن لە "ص" ئەدات. دەی ئەوەش سیاسەتی ئەخلاقیی ناهێنێ و هەر سیاسەتی چاویی تۆخئەکاتەوە. چونکە لێدانی ئەو لەبەرچاوی تۆدا ئەکرێ، بەڵام ئەرکی خۆم، تەنیا لەخۆمدا جێبەجێ ئەبێ!
یەعنی چارەسەری هەر منێك، لەناو منەکە خۆیدایەو لەناو ئەویتردانیە. منیش دوو جۆرە:
"منێکی ئەنانی" ئەوەیە کە خۆی ئەپەڕێنێ و لەتۆوە دەستپێئەکات. ئیتر ئەمە لەخۆیدا چاکنیەو لە نمایش و لە چاودا چاکە.
"منێکی ئەخلاقی" کە لەخۆیەوە دەستپێئەکاو ئیتر ئەم کەسە لە خۆیدا چاکەو کاری بە چاوی ئەوانیتر نیە. کاتێکیش کە دێتە ناو سیاسەت و فەزای گشتی، چاکبوون هێناویەتی و بۆ چاکە هاتووە، نەك بۆ بەرژەوەندی و خۆدەرخستن. سیاسەتی ڕاستەقینەش ئەمەیەو ئەو کەسەشی کە لێرەدا دەرئەکەوێ، خۆی دەرکەوتووە، نەك ئەوەی خۆی دەرخستبێ!
سیاسەت لەوێوە چاكە، کە لە خۆیدا بکرێ. تەنیا لە ئەخلاقیشدا لە خۆیدا ئەکرێ و ئەوانەی لە چاودا ئەیکەن، بۆ خۆدزینەوەیە لەوەی کە پیویستە لە ئەخلاقدا بیکەن. ئەوەی کە وەکو نمایش بۆ ئەوانیتر ئەکرێ، خۆدزینەوەیە لەوەی کە ئەبێ وەکو ئەرکی خۆت بیکەیت. ئەوانەی لەچاودا سیاسەت ئەکەن، ئەوکاتەشی کە چاکی ئەکەن، هەر خراپی ئەکەن، چونکە سیاسەت لە هەستی بەرپرسیارێتی خۆتدا ئەکرێ نەك لە چاوی ئەودا.
پارتی بەدەم دزینی پارەی برایم خەلیلەوە، پێتئەڵێ یەکێتی پارەی باشماخ ئەدزێ. یەکێتی بەدەم دزینی پارەی باشماخەوە پێتئەڵێ پارتی پارەی برایم خەلیل ئەدزێ. ئیتر هەریەکەیان بە نمایشی لێدانی ئەویتر ئیکتفائەکاو کەسیشیان ئەوە ناکات، کە پێویستە خۆی بیکات. حیزبەکانی تریش هەر واو ئەمەش فەرقی سیاسەتی ئەخلاقی و سیاسەتی چاوییە.
"سیاسەتی ئەخلاقی": کردنی ئەوەیە کە ئەرکی خۆتەو تەنیا چاوی ویژدانی خۆتی ئەوێ. "سیاسەتی چاوی": شاردنەوەی ئەرکەکەی خۆتە، لە پشتی زەقکردنەوەی ئەرکەکەی ئەو، هەموو ئەمەش لەبەردەم چاوی قەرەباڵغییدا.
ئەوەی بۆ چاو ئەکرێ درۆیەو ئەوەشی درۆیە شەڕی مەسڵەحەت و دەسەڵاتە نەك شەڕی چاکە. چارەسەر سیاسەتێکی ڕاستەقینەی ئەخلاقییە کە لەناو ئاگایی هەریەکەماندا، شەڕی دەسەڵات و مەسڵەحەت لەگەڵ ئەو، بگۆڕێ بە ئەركی ئەخلاقی و چاکبوون لە خۆدا.
سیاسەتی ئەخلاقییش هەر چاوییە، لەوێدا کە چاوەکە لەسەر خۆتە، بۆئەوەی بە ئەرکی خۆت هەستی و ئەوەبکەیت کە پێویستە بیکەیت. لەکاتێکا لە سیاسەتی چاوییدا، چاوت هەر لە دەرەو لەسەر ئەوە. جارێك چاوت لە دەسیەتی کە وەکو فریادڕەس دنیات بۆ بکات بە شامی شەریف و لەبری تۆ کارەکە بکات! جارێکیش چاوت لێیەتی وەکو شەیتانێك، کە هەموو شتێك خەتای ئەوەو ئیتر تۆ بەرپرسیارنیت!
دواجار دەنگی حەق دەنگەدەنگی ناوێ، چونکە دەنگی حەق خۆی بەرزە. دەنگەدەنگ بۆ شتی ترەو شتی تریش دیوەکەی تری فەسادە. ئێمە ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ حەق خۆی. حەق خۆی، ئەوەیە کە هەموو کاتێ گەرمە، نەك گەرموگوڕییەکانی چەن مانگێ پێش هەڵبژاردن. حەق ئەوەیە کە خۆی ئامانجە گشتییەکەیە، نەك ئەوەی بکرێ بە وەسیلەی دەوڵەمەندبوونی چەن کەسێك. حەق ئەوەیە کە تۆ ئاگایانە، خۆت لەسەری ئەوەستیت، نەك ئەوەی مێگەلانە بە فیکەی یەکێکی تر، بۆی هەڵپەڕیت.
زیاتر