مردن و ئومێد

  11/11/2020  |    661 جار خوێندراوەتەوە

مردن شەرم لە کەس ناکاو ژیانیش لەسەر کەس ڕاناوەستێ. بەرامبەر بێشەرمییەکەی مردن، چەکی ئێمە تەنیا شەرم خۆیەتی. شەڕم لەو شتانەی کە نابێ بیانکەین و ئەیانکەین، شەرم لەو شتانەی کە ئەبێ بیکەین و نایانکەین. بەرامبەر ڕۆشتن و پەلەپەلی ژیانیش، چارەسەر هەڵپەو ڕاکردن نیە بەدوایدا، چارەسەر وەستانە لەناو چاکبوونی خۆتدا.

تۆ هەمیشە مردنی ئەوانیتر بۆت ئەبێتە ڕووداو، لەکاتێکا مردنی خۆت ڕووداوە گەورەکەی تۆیە، چونکە لەڕاستیدا تەنیا ئەو مردنەیان بەسەر تۆدا دێت. تۆ هەمیشە ژیانی ئەوانیترت بۆ ئەبێتە ژیان، تەنانەت ئەو کاتەشی کە زۆر مەشغوڵی ژیانی خۆتیت، بۆئەوەیە کە وەکو ژیانی ئەوانیتری لێبکەیت، یان پێشی ژیانی ئەوانیتر بدەیتەوە. بەمجۆرە ئیتر ئێمە لەناو مردنی یەکترداین، نەك لەناو مردنی خۆمان. لەناو ژیانی یەکترداین، نەك لەناو ژیانی خۆمان. ئیتر ئێمە دێین و دەرۆین، بەبێ ئەوەی بژین و بمرین. ئاخر ژیان و مردنیش، وەکو پەنجەمۆر، ئەوەیە کە هی خۆتە.

ژیانی تۆ ئاوێنەیەکە بۆئەوەی خۆتی تێدا ببینیت. مردنی تۆ ئاوێنەکەیە بۆئەوەی تۆی تێدا ببینین. تۆ مردنی خۆتت بۆ گرنگ نیە، چونکە پێتوایە لەو کاتەدا ئیتر تۆ نیت. بەڵام لەو کاتەدا تۆ لە هەموو کات زیاتر هەیت و دیاریت لە ئێمەوە. لێرەشدا مەبەستم ئەوەنیە، تۆ بۆ چاوی ئێمە بژیت و بمریت. بەڵکو بۆ چاوی خۆت بژی و لە ژیاندا جوان سەیری خۆت بکە، چونکە دوای مردنیش هەر ئەوە دیارە!

ئومێدی تۆ خۆتی نەك کەسی تر. لەناو خۆتدایە نەك لەناو ئەو. ئەو تەنیا ئومیدی خۆی لەناویایەتی نەك هی تۆ. نائومێدییش نەمانی ئومێد نیە، شوێنی هەڵەی ئومێدە. ئەوەیە کە لەناو خۆتا فەرامۆشی ئەکەیت و لەناو ئەودا دایئەنێیت. دەی ئەویش لەناکاو ئەمرێ و ئیتر تۆش نائومێد ئەبیت. ئەمەش ڕێك پیشەسازی بەرهەمهێنانی نائومێدییە!

ڕەنگە خودی مردنیش هەر بۆ ئەوەبێت، کە زوو زوو بیرتخاتەوەو بڵێ: ئەوە ئەونیە کە مرد، ئەوە تۆی کە هێشتا ماویت! ئەوە ئەونیە کە ئومێدی لەگەڵ خۆی برد، ئەوە تۆیت کە ئومێدتت لە دەرەوەی خۆتدا داناوە! کاتێ ئەبوبەکر وتی موحەمەد مردو خوا ماوە، مەبەستی ئەوەبوو کە تۆ ماویت و بەرپرسیارێتیەکە لەسەر شانی تۆیە، نەكئەوەی مەبەستی خوایەكبێت کە هەبێ و نەبێ تۆ نازانیت چیە!

هەموومان بڕێك ڕاست و چاکەو بڕێك هەڵەو خراپەین. بە زیندویی هەر ئەمەین و بە مردوییش هەر ئەمەین و لەمە زیاتر نین. کاتێ مرۆڤێك ئەمرێ، مرۆڤێك مردوە، نەك فریشتەیەك یان شەیتانێك. ئەوەی کە زۆر بۆی بەداخین، فریشتە نەبووە، مرۆڤێکبووە کە حەقی مرۆڤبوونی خۆی داوە. ئەوەشی بۆی بەداخ نەبووین، شەیتان نیە، مرۆڤێکە کە حەقی مرۆڤبوونی خۆی نەداوە. مرۆڤبوونیش لەناو هەمووماندا یەکەو هاوبەشە، بۆیە لەوێوە بەرمان ئەکەون و بۆیان بەداخ و بێداخین.

سەیرکە لەگەڵ هەر مردێکا تەنیا کەسێك ناڕوا، بەشێك لە ئومێدی ئێمەش ئەڕوات. ئاخر ئێمە ئومێدی خۆمان لەوێدا داناوەو ئەوەش هەڵەکەیە. هەڵەیە لەوێوەنا کە ئەو کەسانە، کەسی خراپبن و شانیان بەرپرسیارێتی گشتی هەڵنەگرێت. هەڵەیە لەوێوە کە ئێمە بەرپرسیارێتی ئومێدمان لەناو خۆماندا هەڵنەگرتووەو داومانە بە کۆڵی ئەو کەسانەدا!

لەگەڵ مردنی هەر سەرکردەیەکا، وشەی "ڕێباز" بازاڕی گەرمئەبێتەوە. ڕێبازی فڵان و ڕێبازی فیسار.. هەموو ئەم ڕێبازانەش خۆدزینەوەیە لەوەی کە پێویستە تۆ لەسەری بیت! ڕێبازی "ئەو" ڕێك خۆدزینەوەیە لە ڕێبازی "خۆت". ڕێبازی خۆت هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی مرۆڤبوونی خۆتەو کاتێ کە لەناو خۆتدا لەسەر ئەم ڕێبازەبیت، لە دەرەوەشدا ئۆتۆماتیکی و ئازادانە لەسەر ڕێبازە باشەکەیت و لەگەڵ هەموو باشەکاندا یەکئەگریتەوەو خەریکی باشەی گشتیت. کاتێکیش کە لەسەر ئەوە نەبیت، ئیتر هیچ ڕێبازێك بەکەڵکت نایەت و لە هەموویدا هەر کۆیلەیت و هەر خەریکی شەڕە بچوکەکانیت نەك خەمی گشتی!

بۆئەوەی مەرگدۆستی بگۆڕین بە ژیاندۆستی، ئەبێ ئومێد لە جێگای هەڵەوە ببەینەوە جێگای ڕاستی خۆی. شوێنی ئومێد خۆتی و ئومێد لەوێدا راستەقینەیەو زیندوە. لە شوێنی ترو کەسی تردا موزەییەفەو ئەمرێ. کاتێکیش ئەو کەسە ئەمرێ، ئیتر مەرگدۆستی هەڵئەقوڵێ و ئیتر تۆ بۆ ئەو کەسە ناگریت کە مردوە، تۆ بۆ خۆت ئەگریت کە نائومێدو بێکەس مایتەوە!

هەر یەك ئەبێ بەرپرسیارێتی ئومێدی خۆی هەڵگرێ و شتەکە لەناو خۆیدابێ. کە هەریەك وابووین، ئینجا هەموومان ئەکەوینە ناو پەیوەندیییەکی تەندروست و ژیاندۆست و بنیاتنەرەوە. کاتێکیش کە بەرپرسیارێتی ئومێد هەڵناگرین و ئەیدەین بە کۆڵی یەکتردا، ئیتر ئەکەوینە ناو پەیوەندییەکی ناتەندروست و کۆیلانەو مەرگدۆستانەو ڕوخێنەر.

قادری حاجی عەلی و نمونە کەمەکانی لەم شێوەیە، لەوێوە جوان نین، کە فریشتەبووبن، یان لەوێوە کە خەڵکێك ئومێدی لەسەر هەڵچنیون. لەوێوە جوانن کە ئومێدیان نەخستۆتە ناو کەسی ترو شتی ترەوەو خۆیان بەرپرسیارێتی ئومێدیان هەڵگرتووەو بە ئومێدەوە ژیاون. زیندوێتیش هەر ئەو بە ئومێدەوە ژیانەیە.

ڕۆحی ئەو شادبێ و ڕۆحی تۆش هۆشیاربێت بە شوێنی ڕاستەقینەی ئومێد، کە خۆتیت!

زیاتر