پارێزگاره‌كه‌ى هه‌ولێر ...به‌ نه‌خۆشى كۆڕۆنا مرد، یاخود كوژرا ؟

سەرتیپ وەیسی کەریم

رۆژنامەنووس
  21/11/2020  |    39275 جار خوێندراوەتەوە

هه‌موو ئه‌و نووسینانه‌ى له‌باره‌ى مردنى (د.فرسه‌ت سۆفى) بڵاوده‌كرێنه‌وه، ‌ تاوه‌كو ئێستا به‌ دوو ئاڕاسته‌ بوه‌، ئاراسته‌ى یه‌كه‌م گروپێك ‌ ده‌یانه‌وێ ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نن كه‌ خه‌ڵكى خۆشه‌ویست و چاك و پاك پارتى ده‌یانكوژێت و پارتى بكوژى خه‌ڵكى باشه‌. ئاڕاسته‌ى دووه‌م ئه‌و خه‌ڵكه‌ مشه‌خۆر و گه‌نده‌ڵانه‌ى ناو پارتین، كه‌ ده‌یانه‌وێ وانیشانى پارێزگارى داهاتو، یان هه‌ر كه‌سێكى دیكه‌ بده‌ن، كه‌ بیه‌وێ چاكسازى بكات، یاخود بچێته‌ شوێنه‌كه‌ى ناوبراو ئه‌گه‌ر‌ له‌گه‌ڵیان نه‌بێت، وه‌كو فرسه‌ت سۆفى، پارێزگارى هه‌ولێر ئه‌گه‌رى كوشتنى هه‌یه‌.

تاوه‌كو ئێستا هیچ میدیا و رۆژنامه‌نوسێكم نه‌بینیوه‌، به‌ به‌ڵگه‌ى دۆكۆمێنت و زانیارى لۆژیكى و پزیشكى، له‌ چوارچێوه‌ى كارێكى بنكۆڵكارى، به‌دواداچوون بكات و ئه‌وه‌مان بۆ بسه‌لمێنێت، كه‌ فرسه‌ت سۆفى كوژراوه‌، یاخود به‌ نه‌خۆشى كۆڕۆنا كۆچى دوایى كردوه‌ ؟

زانیارى و به‌ڵگه‌ پزیشكییه‌كان له‌ باره‌ى نه‌خۆشییه‌كه‌ى پارێزگارى هه‌ولێر

به‌ پێى به‌ دواداچوونێكى پزیشكى ( له‌ رێگه‌ى نه‌خۆشخانه ‌و ئه‌و كه‌سانه‌ى لێوه‌ى نزیك بوون له‌ پزیشكان و په‌رستاران و هاوڕێ و كه‌س و كاره‌كه‌ى )، فرسه‌ت سۆفى له‌سه‌ره‌تادا كه‌ تووشى نه‌خۆشى كۆڕۆنا ده‌بێـت، بۆ ماوه‌ى ده‌ رۆژ به‌بێ ده‌نگى خۆى كه‌ره‌نتینه‌ ده‌كات، به‌ڵام دواى ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ دووباره‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ رێنماییه‌ پزیشكییه‌كان ده‌ست به‌ كاركردن ده‌كاته‌وه‌. به‌ وته‌ى نێچیرڤان بارزانى و به‌شێك له‌ پزیشكه‌كان دواى ئه‌و ده‌ رۆژ فرسه‌ت سۆفى دووباره‌ تووشى نه‌خۆشییه‌كه‌ بۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌راستیدا نه‌خۆش كه‌وتنه‌كه‌ى به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌ كه‌ باس ده‌كرێت، چونكه‌ هیچ توێژینه‌وه‌ییه‌كى پزیشكى نییه‌ بیسه‌لمێنێت، ئه‌و ماوه‌یه‌ چه‌نده‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سێك دووجار تووشى ڤایرۆسى كۆڕۆنا بێت، به‌ڵكو بۆچوونى راست زیاتر ئه‌وه‌یه‌ جارى دووه‌م هه‌ر درێژكراوه‌ى نه‌خۆشییه‌كه‌ى جارى یه‌كه‌م بوه‌، چونكه‌ نێوانى هه‌ردووجاره‌كه‌دا زۆر نه‌بوه‌. ( به‌شێك له‌ توێژینه‌وه‌و پزیشكانیش ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كه‌ن، ده‌كرێت جارى یه‌كه‌م به‌ سووكى بیگرێت، جارى دووه‌ميش به‌ توندى).

به‌پێى به‌دواداچوونه‌كان (نامه‌ى ده‌نگى) پارێزگارى هه‌ولێر له‌ دواى به‌ سووك وه‌رگرتنى نه‌خۆشیه‌كه، ‌ بۆ جارى یه‌كه‌م قه‌ناعه‌تى له‌ باره‌ى كوشنده‌یى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ گۆڕابو، پێیوابوو تێپه‌ڕاندنى ئاسانه‌ و خه‌ڵكیش تازه‌ له‌سه‌ر بارودۆخه‌كه‌ لێ ڕاهاتوه‌، به‌ڵام له‌ دواى چه‌ند رۆژێك له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ى یه‌كه‌م جار به‌هۆى گوێ پێنه‌دان به‌ رێنماى پزیشكان، دووباره‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ له‌شى سه‌ريهه‌ڵداته‌وه‌، سه‌ره‌تا به‌ كۆخه‌یه‌كى سووك ده‌ست پێده‌كات، هاوكات له‌گه‌ڵ خۆى‌ (ویسالى خێزانى) و به‌ڕێوبه‌رى نوسینگه‌كه‌ى خۆى و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى تووشى ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌بن.
هاوڕێ نزیك و هاوكاره‌كانى چه‌ند جارێك دكتۆر فرسه‌تیان له‌و كۆخه‌یه‌ ئاگاداركردبوویه‌وه‌، به‌ڵام ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌كردبو، كه‌ هه‌ستیارى قورگى هه‌یه‌، چونكه‌ چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌وه‌ى تووشى كۆخه‌ بێت، سه‌ردانى كارگه‌یه‌كى به‌هاراتى له‌ هه‌ولێر كردوه‌.

دوا به‌ دواى توندبوونى كۆخه‌كه‌يى و ئیهمالكردنى نه‌خۆشییه‌كه‌ى، پزیشكه‌كان بۆ ماوه‌ى دوو رۆژ چاره‌سه‌رى نه‌خۆشى ره‌بۆى بۆ ده‌نووسن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنى سه‌رجه‌م نیشانه‌كان، ناچار پشكنینیى ( پى سى ئاڕ) له‌ تاقیگه‌ى ناوه‌ندى هه‌ولێر ئه‌نجامده‌دات، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ى پۆزه‌تیڤ ده‌بێت، بۆیه‌ به‌ ناچارى ده‌چێته‌ نه‌خۆشخانه‌.

به ‌پێێ قسه‌ى پزیشكان و په‌رستار و كه‌س و كار و ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌و ماوه‌یه‌دا له ‌گه‌ڵیدابوون، پارێزگارى هه‌ولێر سه‌رجه‌م نیشانه‌كانى نه‌خۆشى كۆڕۆنا له‌ ( كۆخه‌و نه‌مانى ئاره‌زوويى خواردن و بێ تاقه‌تى و ئازارى له‌ش ...هتد ) تێدابووه‌، سه‌ڕه‌راى ئه‌وه‌ش به‌شێكى زۆر له‌ سیییه‌كانى تووشى هه‌وكردن ببوو.

فرسه‌ت سۆفى به‌ر له‌وه‌ى بچێته‌ نه‌خۆشخانه‌ و له‌ چاودێرى چر بخه‌وێندرێت، جۆرێك له‌ ئیهمالى پێوه‌ دیاربو، ته‌نانه‌ت له‌ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى پزیشكیش وه‌ك پێویست نه‌بوه‌، زۆرجار ره‌تیكردۆته‌وه‌ چاره‌سه‌رییه‌كان به‌كاربهێنێت، چونكه‌ له‌رووى ده‌روونیه‌وه‌ جۆرێك شله‌ژان و ترسى هه‌بو، به‌رده‌وامیش كه‌له ‌ڕه‌قى ده‌كرد، ته‌نانه‌ت ره‌تیكردۆته‌وه‌ بیبه‌نه‌ هیچ وڵاتێك بۆ چاره‌سه‌ر.

له‌ كاتى نه‌خۆشییه‌كه‌ى، به‌رده‌وام مه‌سعود بارزانى و سه‌رۆكى هه‌رێم و حكومه‌ت، له‌سه‌ر هێل بوون، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوون زووتر ببرێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر ره‌تیده‌كرده‌وه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، چونكه‌ تاوه‌كو 48 كاتژمێر به‌ر له‌وه‌ى بێهۆش بێت ئه‌و ئاماده‌یى نه‌بو‌، به‌ڵام دواجار بارزانى له‌رێگه‌ى راوێژكارێكى خۆى، كه‌ كه‌سێكى نزیكى فرسه‌ت سۆفى بووه‌، ئاگادارى كردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ دوا بڕیار خۆیه‌تى ده‌بێت بگه‌یه‌ندرێته نه‌خۆشخانه‌یه‌كى ‌ ده‌ره‌وه‌.

فرسه‌ت سۆفى خودى خۆى هیچ كات له‌ سیسته‌مى ته‌ندروستى هه‌رێمى كوردستان، به‌ تایبه‌ت له‌ ته‌ندروستى هه‌ولێر رازى نه‌بو، هه‌موو هه‌وڵێكیشى ئه‌وه‌بو گۆڕانكارى له‌ سیسته‌مى ته‌ندروستى هه‌ولێر و ژێرخانى كاره‌باى هه‌ولێر بكات، چونكه‌ ئه‌و كه‌رتانه‌‌ به‌راورد به‌ شاره‌كانى دیكه‌ كێشه‌ى زۆرى هه‌بو.

كه‌واته؛‌ به‌ پێى به‌ دواداچوونه‌ پزیشكییه‌كان، هیچ جۆره‌ به‌ڵگه‌یه‌كى پزیشكى نییه‌، كه‌ فرسه‌ت سۆفى كوژرابێت، به‌ڵكو راستییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ناوبراو هاوشێوه‌ى هه‌ركه‌سێكى دیكه‌ به‌هۆى ئیهمالى و گوێ پێنه‌دان و به‌ توندى گرتنى نه‌خۆشییه‌كه‌ هۆكاربوون بۆ مردنى.

بۆچى فرسه‌ت سۆفى هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى كوشتنى له‌سه‌ر نه‌بو؟

فرسه‌ت سۆفى به‌ر له‌وه‌ى ببێته‌ پارێزگارى هه‌ولێر، به‌و پێیه‌ى له‌ لیژنه‌ى چاكسازى بو، ده‌سه‌ڵاتى زۆر زیاتر وه‌ك ئه‌وه‌ى پارێزگار بو ، چونكه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ى پارێزگار نه‌بو، له‌سه‌ر ئاستى حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان و له‌ ئاستى پارێزگاكانى دیكه‌، خه‌ریكى كاركردن بوو له‌سه‌ر ده‌یه‌ها دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى، به‌بێ ئه‌وه‌ى رووبه‌ڕووى هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌ ببێـته‌وه‌.

فرسه‌ت سۆفى به‌شێوازێك كارى له‌سه‌ر دۆسییه‌كان ده‌كرد، كه‌مجار هه‌بوو تووشى پێكدادان بێت له‌گه‌ڵ به‌رپرسى زۆرباڵا، تاڕاده‌یه‌كى زۆریش نه‌یده‌توانى ده‌ست بۆ دۆسیه‌ى گه‌وره‌ و ئاڵۆز ببات، به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ ماڵى بارزانیه‌وه‌ هه‌بو، له‌سه‌ر دۆسییه‌كانی دیكه‌ش به‌ ته‌واوى ده‌سه‌ڵاتى له‌ لایه‌ن ماڵى بارزانیه‌وه‌ پێدرابو.

كاتێكیش فرسه‌ت بووه‌ پارێزگار، به‌راورد به‌ پۆسته‌كه‌ى پێشووى، ده‌سه‌ڵاته‌كانى كه‌مبوونه‌وه‌، ته‌نها له‌سه‌ر ئاستى هه‌ولێر ده‌ستى بۆ هه‌ندێ دۆسییه‌ ده‌برد و گۆڕانكارى و چاكسازى ئه‌نجامده‌دا، به‌ڵام ئه‌و دۆسیانه‌ ئه‌وه‌نده‌ ترسناك نه‌بوون، تا نه‌وێرێت ده‌ستى بۆ به‌رێت. كاتێك بووه‌ پارێزگار توانى ژماره‌یه‌ك گرێبه‌ست و مامه‌ڵه‌ى نایاسایى پارێزگارى پێشوو هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ لابردن و گۆڕانكاریكردن له‌سه‌ر ئاستى حكومه‌تى خۆجێى هه‌ولێر و چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كى دیكه‌شى له‌ گۆڕینى به‌رپرسانى ئه‌و سنووره‌ هه‌بو.

لێره‌ دوو نموونه‌ ده‌خه‌مه‌ڕوو، بۆئه‌وه‌ى زیاتر روون ببێته‌وه‌، كه‌فرسه‌ت سۆفى سیاسه‌تى كاركردنى به‌شێوه‌یه‌ك بو، كه‌ هیچ كات نه‌یده‌ویست پێكدادان له‌گه‌ڵ كه‌سانى باڵاو ده‌ست رۆیشتن له‌سه‌ر كاره‌كانى رووبدات.

بۆ نموونه‌: له‌ كۆتایى پارساڵ و سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا، پارێزگارى هه‌ولێر هه‌ڵمه‌تى بڕینى كاره‌باى سه‌رپێچیان له‌ هه‌ولێر ده‌ستپێكرد، یه‌كێك له‌و ماڵانه‌ى كه‌ لیژنه‌كه‌ چووه‌ سه‌ر ماڵیان ماڵى ( كوڕى گه‌وره‌ى فازڵ میرانى ) بو، له‌گه‌ڕه‌گى دۆلاراوه‌ى هه‌ولێر، دواى ئه‌وه‌ى پاسه‌وانه‌كان رێگرى له‌ لیژنه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ئاگادارى پارێزگار ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ كارێكى له‌م شێوه‌یه‌ هه‌یه‌، ناوبراو راسته‌وخۆ ته‌له‌فۆن بۆ( فازل میرانى) ده‌كات و به‌ زمانێكى نه‌رم و شیرین پێیده‌ڵێت، كه‌ ئه‌و كراوه‌ته‌ پارێزگار بۆئه‌وه‌ى خزمه‌ت بكات و چاكسازى بكات، ئه‌ویش پێویسته‌ یه‌كه‌م كه‌س بێت هاوكارى بكات، بۆیه واباشه‌‌ رێگه‌ به‌و لیژنه‌یه‌ بده‌ن كاره‌باى سه‌رپێچییه‌كه‌ى ماڵى كوڕه‌ى ببڕێت. فازڵ میرانیش قبوڵى داواكه‌ى ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى بچنه‌ ژووره‌وه‌و كاره‌باكه‌ ببڕن، دواى هه‌فته‌یه‌كیش داوا له‌ پارێزگار ده‌كات ئاسانكارى بكه‌ن بۆ به‌ستانى پێوه‌رى كاره‌با.
فرسه‌ت سۆفى نه‌یده‌ویست تووشى هیچ پێكدانێك بێت، هه‌میشه‌ رێگه‌یه‌كى ده‌دۆزیه‌وه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆسییه‌ قوڕسه‌كان، بۆ نموونه‌ له‌ گه‌ڕه‌كى مامۆستایانى هه‌ولێر برایه‌كى لێپرسراوى یه‌كه‌ى هه‌شتاى پارتى زیاده‌ڕه‌وه‌ى كردبووه‌ سه‌ر زه‌وى باخچه‌یه‌كى گشتیى، دواى په‌یوه‌ندیكردن به‌ لێپرسراوى یه‌كه‌ى هه‌شتا به‌و زمانه‌ى خۆى هه‌یبوو له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا زێده‌ڕه‌وییه‌كه‌ى لابرد.

بۆچى هیچ به‌رپرسێك نه‌یده‌توانى هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پارێزگار بكات؟

دواى ئه‌وه‌ى فرسه‌ت سۆفى ماوه‌ى په‌رله‌مانتارى ته‌واو ده‌بێت، به‌ فعلى ئاره‌زووى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ زانكۆ هه‌بو، هه‌ربۆیه‌ش مامه‌ڵه‌ى خانه‌نشینى ره‌تكرده‌وه‌ و دواجاریش گه‌ڕایه‌وه‌ زانكۆ. به‌ر له‌وه‌ى مه‌سرور بارزانى ببێته‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت هه‌ریه‌ك له‌ ( مه‌سعود بارزانى و مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى ) كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌بێ پۆستێكى نوێ وه‌ربگرێت. ئه‌و پۆستانه‌ى بۆى پێشنیاز كرابوو، بریتیتى بوون له‌ : ( سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، وه‌زیرى خوێندنى باڵا، پارێزگارى هه‌ولێر)، به‌ڵام دواجار داوایان لێكرد ببێته‌ پارێزگار.

به‌ چه‌ند رۆژێك له‌وه‌ى مه‌رسومى هه‌رێمى بۆ ده‌ربچێت مه‌سرور بارزانى بانگى نوسینگه‌كه‌ى خۆى ده‌كات و دواى ئه‌وه‌ى له‌ باوه‌شى ده‌گرێت و پێى ده‌ڵێت : هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكین ببیته‌ پارێزگار، چونكه‌ به‌لاى من پۆستى پارێزگار ته‌نها له‌ پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌ت گه‌وره‌تر نییه‌، بۆیه‌ پێمان باشه‌ قبوڵى بكه‌یت و به‌ ته‌واوى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.

به‌ چه‌ند كاتژمێریكیش به‌ر له‌وه‌ى ده‌ست به‌كاربێت، بارزانى داواى بینینى ده‌كات، به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى په‌یامێك بۆ هه‌موو پارتییه‌كان بنێرێت، كه‌ خودى خۆى له‌ پشتى دانانى فرسه‌ت سۆفیه‌وه‌یه‌.

له‌و دانیشتنه‌ دوو قۆڵیه‌دا، كه‌ دواتر له‌سه‌ر داواكارى مه‌سعود بارزانى وێنه‌كه‌ى بڵاوكرایه‌وه‌، بارزانى به‌ فرسه‌ت سۆفى راگه‌یاندبو، كه‌ ته‌واوى ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه‌ له‌و پۆسته‌دا، هه‌ركاتێكیش یه‌كێك له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ى فشارى له‌سه‌ر كرد، ده‌توانێت له‌ رێگه‌ى ته‌له‌فۆنه‌ تایبه‌ته‌كه‌ى ئاگادارى بكاته‌وه‌.

فرسه‌ت سۆفى، ئه‌وه‌نده‌ كه‌سێكى نزیك و دڵسۆزى و باوه‌ڕپێكراوى ماڵى بارزانى بوو، كه‌م رۆژ نه‌بوو له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌و سێ كه‌سه‌ ( مه‌سعود بارزانى و نێچیرڤان و بارزانى) بینین و په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى نه‌بێت، بۆیه‌ هیچ كه‌س و گروپ و به‌رپرسێكى پارتى نه‌ ده‌یتوانى فشارو هه‌ره‌شه‌ى كوشتنى بكات.

فرسه‌ت سۆفى پێیوابو، مه‌رجه‌كانى بۆ بوون به‌ پارێزگارى هه‌ولێر له‌ لایه‌ن بارزانى قبوڵ كرا، له‌و ماوه‌یه‌دا هیچ كه‌سێك له‌ ماڵى بارزانى فشار و هه‌ره‌شه‌ى لێنه‌كردبوو‌. بۆ نموونه‌ له‌ ئه‌مساڵدا، ناوبراو له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌دارێكى هه‌ولێرى نزیك له‌ یه‌كێك له‌ براكانى مه‌سعود بارزانى، ( كه‌ به‌ چه‌ند هه‌زار مه‌تر زه‌وى له‌به‌رده‌م پرۆژه‌كه‌ى خۆیدا زێده‌ڕه‌وى كردبو) كێشه‌ى هه‌بوو ، دواجاریش پارێزگارى هه‌ولێریش له‌سه‌ر قسه‌یه‌كى ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ روونكردنه‌وه‌یدا. برایه‌كه‌ى بارزانى ته‌له‌فۆن بۆ پارێزگار ده‌كات و به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ فشارێك بكات، شه‌فاعه‌تى بۆ ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ كردبو، كه‌ ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ كوڕێكى چاكه‌ و ئه‌و ناكۆكییه‌ش به‌هۆى لێك تێنه‌گه‌یشتن بوه‌. به‌ پێى قسه‌ و گێرانه‌وه‌ى خۆى له‌ماوه‌ى ئه‌و ساڵه‌دا، هیچ كه‌س له‌ ماڵى بارزانى نه‌وێراوه‌ فشارى لێبكات.

ده‌ره‌نجام :

كۆمه‌ڵێك مردنمان به‌ درێژاى مێژووى سیاسى هه‌رێمى كوردستان بینیوه‌، كه‌ به‌شێكى زۆریان به‌بێ بوونى هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى "تیۆرى پلانگێڕى " تۆمه‌تى كوشتنیان دراوه‌ته‌ پاڵ، ئه‌و مردنه‌ى فرسه‌ت سۆفى به‌ پێى هه‌موو به‌ڵگه ‌و به‌ دواداچوونه‌كان، ‌ ئه‌گه‌رى كوشتنى زۆر زۆر لاوازه‌، مردنه‌كه‌ى هه‌روه‌كو كه‌سێكى ئاسایى به‌هۆى كۆڕۆناوه‌ بوه‌، بۆیه‌ ناكرێ ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك ببێته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌ك میدیایى بۆ لێدان و ونكردنى حه‌قیقه‌تى رووداوه‌كان، چونكه‌ ده‌ره‌نجامى ئه‌و نوسین و قسانه‌ هه‌رشتێك بێت، فرسه‌ت سۆفى له‌رووى ئامانج و شێوازى كاركردنه‌وه‌، له‌ زۆربه‌ى به‌رپرسانى دیكه‌ى پارتى جیاوازبو، ئه‌گه‌رچى پارتیش بو گوێڕایه‌ل و دڵسۆزى حزبه‌كه‌ى بو، به‌ڵام له‌ باشترینه‌كانى‌ نێو خراپه‌كانى پارتى بو، له‌ كاركردنیشدا حزبایه‌تى كاریگه‌رییه‌كى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر نه‌بو. سه‌ره‌نجامى ئه‌و قسانه‌شى له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى پارتى له‌سه‌رى ده‌كرێن، هه‌موویان باشى و چاكى ئه‌و نیشان ده‌ده‌ن.

زیاتر