چۆن چاودێری و پشتگیری پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژیی كشتوكاڵی بكه‌ین ؟

سەرتیپ وەیسی کەریم

رۆژنامەنووس
  08/08/2020  |    654 جار خوێندراوەتەوە

له‌گه‌ڵ خراپی و سه‌ختی دۆخی ئابووری و ته‌ندروستیدا، به‌ڵام پێویسته‌ میدیاكان و رۆژنامه‌نووسان، یه‌كێكه‌ له‌ موهیمه ‌و ئه‌رك و كاره‌ گرینگه‌كانی میدیا له‌ بیرنه‌كه‌ن، كه‌ بریتییه‌ له‌ میدیا و رۆڵی له‌ په‌ره‌پێدانی كه‌رته جیاوازه‌كان، له‌ نێوشیان كه‌رتی كشتوكاڵ، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ توێژێكی په‌راوێزخرای نێو كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌، كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا، به‌هۆی خراپی كه‌رتی ئابووری و كشتووكاڵی رووبه‌رووی گرفتی گه‌وره‌بوونه‌ته‌وه‌. له‌م روانگه‌یه‌وه‌ له‌باره‌ی پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی كشتوكاڵی هه‌ندێ زانیاری و بۆچوون ده‌خه‌مه‌روو، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا جێبه‌جێبكرێت. بۆچی گرینگه‌ له‌ دۆخێكی وه‌هادا پشتگیری له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی له‌م جۆره‌ بكرێت ؟

به‌و پێیه‌ی كه‌ش و هه‌وا و خاكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ باره‌ بۆ چاندنی گه‌نم، هه‌ربۆیه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ زه‌وییه‌كانیان بۆ چاندنی گه‌نم ته‌رخان ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ درێژایی چه‌ند ساڵی رابردوو، نه‌یاتوانیوه‌ وه‌كو پێویست سوود له‌ زه‌ویه‌كانیان ببینن، یه‌كێك له‌ گرفته‌كانیشیان ساغ نه‌بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیانه له‌ بازار ، یاخود زۆرجاریش حكومه‌تی ناوه‌ندی پاره‌كه‌یان له‌ كاتی خۆی پێنادات، به‌مه‌ش به‌ ناچاری جوتیاران به‌شێك له‌ به‌رهه‌كانیان هه‌رزان فرۆش ده‌كه‌ن، به‌شێكیشیان واز له‌ كاره‌كانیان ده‌هێنن و زه‌ویه‌كانیان به‌ كرێ ده‌ده‌ن.

له‌ ئێستادا، حكومه‌تی عێراق له‌ باشترین حاڵه‌تدا، ساڵانه‌ ته‌نها (400) هه‌زار ته‌ن گه‌نمی جوتیاران وه‌رده‌گرێت، له‌كاتێكدا به‌رهه‌می ساڵانه‌ی جوتیاران له‌ نێوان یه‌ك ملیۆن و ( 600) هه‌زار ته‌ن بۆ دوو ملیۆن ته‌نه‌.

به‌پێی ئاماره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ زیاتر له‌ ( 44) هه‌زار و ( 536) جوتیار له‌سه‌ر زه‌ویه‌كانیان گه‌نم ده‌چێنن، ئه‌گه‌ر له‌ ساڵێكدا وشكه‌ ساڵی نه‌بێت به‌رهه‌می گه‌نمی جوتیاران ساڵانه‌ له‌ رووبه‌ری ( 3.069.970) دۆنم زه‌وی به‌رهه‌می ساڵانه‌یان به‌ نزیكه‌یی له‌ دوو ملیۆن ته‌ن نزیكده‌بێته‌وه‌ ( رێژه‌كه‌ به‌پێی دواین ئاماری حكومه‌تی هه‌رێمه‌ ). له‌و رێژه‌یه‌ش زۆرترین به‌رهه‌م به‌ر پارێزگای هه‌ولێر و دواتر هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌ی گه‌رمیان و پارێزگای دهۆك و ئیداره‌ی راپه‌ڕین و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌وێت.

یه‌كێك له‌ گرفته‌ گه‌وره‌كانی جوتیاران له‌ ئێستادا، بریتییه‌ له‌ به‌ بازاركردن و ساغ نه‌بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جۆری ئه‌و ته‌رزانه‌ ( بنه‌تۆیانه‌ )ی ساڵانه‌ ده‌یچێنن، زۆجار به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی و نا زانستییه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌شێكی زۆر له‌ به‌رهه‌می جوتیاران ده‌خرێنه‌ جۆری خرابی نمره‌ دوو و سێن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرجار ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی ده‌یده‌نه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی، دواكه‌وتن له‌ پاره‌كانیان هه‌یه‌، هه‌ندێ جاریش بازرگانییه‌كی خراپ به‌ به‌رهه‌می جوتیاران ده‌كرێت له‌ لایان بازرگانه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش وایكرد تاوه‌كو ئێستاش به‌شێك له‌ جوتیاران پاره‌ی ساڵانی رابردوو وه‌رنه‌گرن.

پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ چییه‌ ؟

بۆئه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌ خراپه‌كانی سێكته‌ری نه‌وتی هه‌رێم كه‌متر بكرێـته‌وه‌، پێویسته‌ له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنی پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی گه‌وره‌ وه‌ڵامبدرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش ده‌ستكردنه‌ به‌ گرینگی دان به‌ یه‌كه‌م پڕۆژه‌ی ستراتیژی كشتوكاڵی، كه‌ بۆ هه‌ر حكومه‌ت و وه‌زاره‌تێك ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌.

ئه‌و پڕۆژه‌ ستراتیژی و گرینگه‌ش كه‌ پێویسته‌ په‌له‌ی تیادا بكرێت، بۆئه‌وه‌ی جوتیاران له‌ زووترین كاتدا بتوانن به‌رهه‌مه‌كانیان ساغبكه‌نه‌وه‌، بریتییه‌ له‌ دروستكردنی بازار و كڕینه‌وه‌ی گه‌نمی جوتیارانه‌، جگه‌ له‌و گه‌نمه‌ی كه‌ ساڵانه‌ له‌ لایه‌ن سایلۆكان و حكومه‌تی عێراقی وه‌كو پڕۆژه‌ی پاڵپشتی له‌ جوتیاران وه‌رده‌گیرێت .

ئه‌و پڕۆژه‌ی كه‌ ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ده‌ستیان داوه‌تێ، بریتییه‌ له‌ كڕینه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵانه‌ی جوتیاران، له‌ لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ت و به‌ نرخی زیاتر له‌ بازار.

ئه‌و پڕۆژه‌یه‌‌ له‌ئێستادا گه‌یشتۆته‌ قۆناغی واژووكردنی گرێبه‌سته‌كه‌ و له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی داهاتوو راده‌گه‌یه‌نرێت ناوه‌ڕۆكه‌كه‌‌ی به‌م شێوه‌یه‌ :

*له‌ قۆناغی یه‌كه‌م كڕینه‌وه‌ی به‌رهه‌می گه‌نمی ساڵانه‌ی جوتیاران به‌ بڕی ( 500 ) هه‌زار ته‌ن، هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانی سلێمانی به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان ( 150) هه‌زار ته‌ن، پارێزگای دهۆك ( 150) هه‌زار ته‌ن، پارێزگای هه‌ولێریش ( 200) هه‌زار ته‌نی به‌رده‌كه‌وێت.

*پڕۆژه‌كه‌ له‌ لایه‌ن سێ كۆمپانیای كه‌رتی تایبه‌ت ئه‌نجامده‌درێت، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك به‌ سه‌رمایه‌ی ( 150-200 ) ملیۆن دۆلار ده‌خاته‌گه‌ڕ و پڕۆژه‌كه‌ ئه‌نجامده‌دات، وه‌رگرتنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش به‌و كۆمپانیایانه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت له‌ نێوان سه‌رجه‌م ( سه‌رمایه‌دار و وه‌به‌رهێنه‌ر وئه‌ندامانی ژووری بازرگانی ) ته‌نها سێ كۆمپانیا له‌و كۆمپانیانه‌‌ ئاماده‌ییان نیشانداوه‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ ئه‌نجامبده‌ن و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بخه‌نه‌ نێو پڕۆژه‌یه‌كی له‌م جۆره‌.

*گرێبه‌سته‌كه‌ به‌ پێی یاسایی وه‌به‌رهێنان ده‌بێت بۆ ماوه‌ی ( 25 ) ساڵ، به‌ڵام ساڵانه‌ پێداچوونه‌ به‌ گرێبه‌سته‌كان ده‌كرێت به‌ پێی بارودۆخه‌كه‌.

*له‌سه‌ر كۆمپانیا پێویسته‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ جوتیار بكات بۆ پێدانی جۆری ته‌رز ( بنه‌تۆ) و وه‌رگرتنی گه‌نمه‌كه‌ به‌ نرخێكی زیاتر له‌ بازار، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌و كۆمپانیایانه‌ زه‌وی شایسته‌یان بۆ دابینده‌كرێت، هه‌ندێ لێخۆشبوونیان بۆ ده‌كرێت له‌ ‌ كرێ و باج و گومرگ ...هتد.

* له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران و خسته‌گه‌ڕی ئه‌و سه‌رمایه‌ زۆره‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌، پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو جۆره‌ هاورده‌كرنێكی گه‌نم ئه‌و موشته‌قات و پێكهاتانه‌ی كه‌ له‌ گه‌نم دروست ده‌كرێت ( به‌رهه‌كانی گه‌نم) قه‌ده‌غه‌ بكات، وه‌كو ئاردی نان به‌هه‌موو جۆره‌كانی و له‌گه‌ڵ ( ساوار و بڕوش و گه‌نمه‌ كوتا و هه‌ویری شیرنه‌مه‌نی و سریلاك و ...هتد) . ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ده‌توانن به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ ناوخۆی هه‌رێم ساغ بكه‌نه‌وه‌، چیتر حكومه‌ت پێویستی به‌ هاورده‌كردنی گه‌نم و ئارد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌بێت.

*به ‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك له‌هه‌ر پارێزگایه‌كی هه‌رێم سایلۆیه‌ك دروست ده‌كات، له‌گه‌ڵ دروستكردنی ئاش و ژماره‌یه‌ك كارگه‌ی تایبه‌ت به‌ دروستكردنی ئاردی نان و ساوارو بڕوش و هه‌ویری كێك ...هتد به‌پێی خواستی بازار.
* به‌پێی ئه‌و پڕۆژه‌یه،‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌ر كۆمپانیایه‌ك هه‌لی كار بۆ زیاتر له‌ هه‌زار كه‌س بڕه‌خسێنێت، به‌شێك له‌و هه‌لی كارانه‌ش بۆ ده‌رچووانی كشتوكاڵ ده‌بێت.

* به ‌پێی هه‌موو ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی له‌سه‌ر (17) جۆر له‌ ته‌رزی گه‌نمی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌می جوتیاران شیاوه‌ و به‌ كه‌ڵك دێت، به‌ڵام له‌ حاڵتێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌نمه‌ ناوخۆیه‌ی هه‌رێم نه‌توانێت به‌رهه‌مێكی باش دروست بكات، یاخود به‌هۆی قه‌یران و كاره‌ساتی سروشتی به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان وه‌كو پێیوست نه‌بوو، رێگه‌دراوه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی كه‌می دیاریكراو و گه‌نم و پێكهاته‌كانی له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌بكرێت.

*به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌، له‌سه‌ر كۆمپانیا ئیجبار كراوه‌‌ بڕی (500) هه‌زار ته‌ن ساڵانه‌ گه‌نم له‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرێت، له‌ دوای ئه‌و بڕه‌‌ ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ گه‌نمی زیاتر وه‌ربگرێت و بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق هاورده‌ی بكات، به‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی زیاتر له‌ جوتیاران سوود مه‌ند ده‌بن.

*گرێبه‌ستی نێوان كۆمپانیاكان و جوتیاران به‌ ئاماده‌بوونی لایه‌نی سێهه‌م كه‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌ ده‌بێت.

چۆن پشتگیری پڕۆژه‌كه‌ بكرێت ؟

لێره‌ حكومه‌ت و خه‌ڵكی ئه‌زموونێكی باشیان له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و كه‌رتی تایبه‌ت نییه‌، به‌ڵكو زۆرجار ئه‌و پڕۆژانه‌ی وه‌به‌رهه‌ێنان ته‌نها له‌ بوارێكدا قه‌تیس ماوه، زۆجاریش به‌ ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌دار و بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌نكردن بووه‌، به‌ڵام كاتێك پڕۆژه‌یه‌كی وا ستراتیژی گه‌وره‌ راده‌گه‌یه‌نرێت، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بوژانه‌وه‌ی كه‌رتێكی فه‌رامۆشكراو توێژێكی ماندوو، پێویسته‌ له‌ چه‌ند روویكه‌وه‌ چاودێری و پشتگیری پڕۆژه‌كه‌ بكرێت به‌م شێوه‌یه‌ :

* په‌رله‌مانی كوردستان به‌ وردی چاودێری واژووكردنی گرێبه‌سته‌كه‌و جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه‌ بكات، وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی چاودێریكردن.

* پێویسته‌ په‌له‌بكرێت له‌ جێبه‌جێكردندا، به‌شێوه‌یه‌ك كاتێكی دیاریكراو دابنرێت تاوه‌كو له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا پڕۆژه‌كه‌ بخرێته‌ كار و ده‌ستبكرێت به‌ وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران.

* پێویسته‌ جیاوازی نه‌كرێت له‌ نێوان جوتیاران له‌ وه‌رگرتنی گه‌نم و له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆسه‌یه‌كی شه‌فافدا ئه‌و كاره‌ بكرێت.

*رێگه‌ بگیرێت له‌ كڕین و فرۆشتن و مامه‌ڵه‌كردن به‌ زه‌وی كشتوكاڵی، له‌ لایه‌ن خودی جوتیاران و سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، چونكه‌ له‌و حاڵه‌تدا ره‌نگه‌ خه‌ڵكانێك بیانه‌وێ زه‌وی به‌ رووبه‌ری زۆر بكڕنه‌وه‌.

*هه‌ڵمه‌تێكی نیشتمانی و گشتیری راگه‌یاندن ( ته‌سویق) له‌ لایه‌ن حكومه‌ت و میدیاكانه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت، تاوه‌كو جوتیاران بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر پیشه‌كانیان خۆیان و هانبدرێن، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه‌ كاره‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن.

*پێویسته‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك وه‌زاره‌تی دارایی و ناوخۆ و بازرگانی و كشتوكاڵ و حكومه‌ت به‌ گشتیی ، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ خراپانه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ به‌ قاچاغ هێنانی كه‌ل و په‌ل و خۆڕاك و له‌ ده‌ره‌وه‌، تاوه‌كو بتوانین هه‌رێمی كوردستان له‌و بواره‌دا بگاته‌ خود دابینكاری، ئه‌و هه‌وڵه‌ شكستی پێنه‌هێنرێت.

*وه‌ك به‌شێك له‌ هاندانی به‌رهه‌می ناوخۆیی و جوتیاران، پێویسته‌ هاووڵاتیانیش داخوازییه‌كانیان له‌سه‌ر به‌كارهێنانی به‌رهه‌می ناوخۆیی زیاد بكه‌ن.
زیاتر