شانەکە لەسەرى قوباد تاڵەبانیدا مەشکێنن!

  18/12/2020  |    4554 جار خوێندراوەتەوە

زیاتر لەهەفتەیەکە شاندى حکومەتى هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى بۆ گفتوگۆ و رێککەوتن لەبەغدادە، هەموو ئەو چاوپێکەوتن و دانیشتنانەى لەگەڵ بەرپرسانى عێراق کراوە، ئەوە دەردەخەن، دانوستاندنى ئەمجارەى نێوان هەرێم و بەغداد قورس و جیاوازترە، بەتایبەتى کە لایەنە سیاسییەکانى عێراق خۆیان لەبەردەم هەڵبژاردنێکى سەختدا دەبیننەوە و لەلایەکی تریشەوە هەرێم بە کۆڵیک خاڵى لاواز و دەرزەنێک رێککەوتنى جێبەجێنەکراوەوە بەشدارى ئەم گفتوگۆیانە بووە، دیارە بەغدادیش لەسەر خەرمانێک هەڵەوکەموکورتى حکومەتى هەرێم سەنگەرى لە شاندەکەى هەرێم گرتوە و ئامادەنییە بەئاسانى وەک جاران سازانیان لەگەڵ ئەنجام بدات.

 خاڵى یەکلاکەرەوەى ئەم گفتوگۆیانە، پرسى رادەستکردنى نەوتە، بەغدادو ئێمەش ئەزانین ماوەى چەندین ساڵە پرسى نەوت، نەک لاى قوباد تاڵەبانى نییە و نەبووە تەنانەت لەدەست یەکێتیشدا نەبووە، بۆیە قوباد تاڵەبانى کە سەرۆکایەتى شاندى هەرێم دەکات، لەلایەن هەرێمەوە وەک عەبدى مەئمور بەشدارە و لەبەغدادیش زیاتر وەک کورى تاڵەبانى حسابى بۆدەکرێت نەک جێگرى سەرۆکى حکومەت. ئەوەى لەبەردەستى قوباد تاڵەبانییە لەم گفتوگۆیانە دووشتە، یانم دەبێت بریار بدات نەوت رادەست بکات، یان ئەوەیە داواکەى عێراق رەتدەکاتەوە، خۆ گەر بریاریش بێت بریارى رادەستکردنى نەوت درابێتە دەستى و ئەویش بیەوێت ئەو هەڵەیە بکات و بریاربدات نەوت رادەستى بەغداد بکات، ئەوە جگە لەوەى خۆى شانەکە لەسەریدا دەشکێنێت و توشى بەبەرپرسیارێتیەکى مێژووى و ئەخلاقیی دەبێتەوە، لەهەمانکاتیشدا خاڵیکى رەش بۆخۆى و حزبەکەى تۆمار دەکات، بۆیە هەق نییە قوباد تاڵەبانى بۆ رازیکردنى شەقام بەراست یان ناراست ئەوە راگەیەنێت کە ئەوان ئامادەن لەسەر دەستى ئەو نەوت رادەستى بەغداد بکەن.

دیارە یەکێتى لەرابردوودا دواى پارتى سودمەندى دووەم بووە لە داهاتى نەوت، بەڵام هەرگیز شەریکى راستەقینەى بریاردەرى سەرەکى چارەنووسى پرسى نەوت نەبووە، یەکێتى وەک خۆشیان دەیڵێن ئاگادارى زۆرێک لە رێککەوتنەکان بوون و رەزامەند بوون بەوەى کە رویداوە، بەڵام ئەوەى پرسى نەوت و ئابورى سەربەخۆو رێککەوتنى تورکیاى بەرێوە، بردوە ئەوە پارتى بووە نەک یەکێتى، بۆیە یەکێتى و قوباد تاڵەبانى بەم شێوەیە هەڵەى گەورە دەکەن گەر لەسەر دەستى ئەوان بریار بدرێت نەوت رادەستى بەغداد بکەنەوە، ئەوان وەک پێشوو دەتوانن هاوبەش بن و هاوکار بن بەشدارى گفتوگۆکان بکەن، بەڵام بریارى رادەستکردن و نەکردن هى پارتییە نەک یەکێتى و ئەو شاندەى ئێستا لەبەغدادن.

ئێستا شکستى قوباد تاڵەبانى لە گفتوگۆکان، سەرکەوتنى سبەینێیەتى و باشترە لەوەى بەرپرسیارێتى  رادەستکردن و نەکردنى نەوت بخاتە سەرشانى خۆیى و حزبەکەى، بۆیە هەق وایە شاندەکە شەرم لە کۆتایهاتنى گفتوگۆکان نەکات و بگەرێتەوە بۆ هەرێم تاکو شاندێکى ترئامادە دەکرێت و بەسەرکردایەتى ئەوانە دەنێردرێتە بەغداد کە لەرابردوو تائێستاشدا قفڵى نەوتەکە لەدەست ئەواندایە نەک قوباد تاڵەبانى.

ئەمرۆ عێراق لەبەردەم قەیرانێکى ئابورى سەختدادیە، راستە ئەوان دەوڵەتن و کارتى زیاتریان لەبەردەستدایە، بەڵام دۆخى سیاسى و ئایندەى حوکمرانى ئەو وڵاتە نارۆشن و نادیارە، خۆ گەر پارتى و یەکێتى ئەوەندە حرسیان لەسەر پەیداکردنى داهاتە بۆ بژێوى و مووچە، دەبوو پێش ئەوەى ئاوا بەزەلیلى شاند بنێرنە بەغداد و چاو لەگیرفانى ئەوان بن، باشتر بوو پیاچوونەوەکیان بە گیرفانى حزبەکانى خۆیاندا بکردایە و هەموو هێڵکەکانى خۆیان بەپەلەپەل نەخستایەتە سەبەتەکەى عێراقەوە .


زیاتر