سۆرانی  |  بادینی  |  English      

کازمیی دەیەوێت چی بکات؟

  28/08/2020  |    1807 جار خوێندراوەتەوە

موستەفا کازمی لەیەکەم جوڵەیەوە تا ئێستا توانیویەتى تارادەیەکى باش سەرنجى چاودێران و شەقامى عێراقى بەلاى خۆیدا رابکێشێت، جیاوازى کازمى و ئەوانى تر، تەنها ئەوەنییە، کە کازمى خاوەن حزب و هێزى ملیشیا و کورسى پەرلەمان نییە، بەڵکو بەشێک لەوەى سەرنجى خەڵکى راکێشاوە، ئەوەیە، کە بوێرانە هەنگاو هەڵدەگرێت و بەرەورووى تەحەدیەکان دەبێتەوە. گەرانەوەى سەرۆک وەزیرانى تازە بۆ شەقام و دروستکردنى گروپى گەورە لە دەستەى راوێژکارانى لە خەڵکى نارازى و خوێنى تازە و کەسایەتیە دیارەکانى کۆرەپانى تەحریرو بریارە خێراکانى لەسەر گرتنە دەستى دەروازە سنورییەکان و جێگۆرکێى بەرپرسە ئەمنى و سەربازییەکان، هەمووئەوانە بەیەکەوە ئەوە نیشاندەدەن، کازمى دەیەوێت جیاوازتر لەوانى پێشوو، جوڵە بکات و لەو ماوە کورتەى لەبەردەستیایەتى خۆى وەک فریادرەس نمیاش بکات. 

  لەراستیدا بەشێک لەگرفتى عێراقى نوێ ئەوەیە، کە تەوافقى نێو سێ پێکهاتە سەرەکییەکەى عێراق( کورد، شیعە سوننە) لەسەر پشک و پۆستەکان هۆکارى ئەم دۆخەن، بەڵام گرفتى سەرەکى عێراق لە ١٧ ساڵى رابردوو ئەوە بووە، کە هێزەسەرەکییەکان کارئاسانیان کردوە بۆ دەستێوەردانى هێزى دەرەکى و عێراقیان کردۆتە مەیدانى ململانێیەتى ئەقلیمى و جیهانى، بەتایبەتى کەئەو تەوافقە لەبرى ئەوەى ببێتە هۆى کۆکردنەوە و سازانى پێکهاتەکان و دروستکردنى چەترى نیشتمانى، بەپێچەوانەوە هەر یەک لەلایەک کار لەسەر بەهێزکردنى خۆى و لاوازکردنى ئەوى دى دەکات.

 بە دەستبەسەراگرتنى سەرچاوەى داهاتى گشتى و خۆهەڵواسینى بە وڵاتانى رکبەرى ناوچەکە، لەوانە جەمسەرى شیعە و سوننە، ئەمەش جگەلەوەى دابرانى گەورە بۆگەلى عێراق دروست کردوە، لەهەمان کاتیشدا ناداد پەروەریەکى زۆرى برەو پێداوە و دەست و پێى حکومەتى شەتەک داوە و قوربانیەکەشى بەگشتى خەڵک بووە، بۆیە ئەرکى کازمى لەوە قورسترە، لەدیدارى خۆپیشاندەران و تەوازوعى هەڵسوکەوت کورت بکرێتەوە، لەوەش دژوارترە، کە پێشبینى دەکرێت بەبریارى حکومەتێکى کاتى بتوانرێت چارەسەرى پرسگەلێک بکرێت، کە تا ئێستا پێکهاتە سەرەکییەکانى عێراقى والێکردوە هەریەک لەدۆڵێک بێت. دیارە چارەسەر موستەحیل نییە، بەڵام ئەوەى کە ئەمرۆ دەبینرێت لەپرۆسەیەکى شێنەیى و بەرنامە بۆدارێژراو دروست بووە.

مەترسەکەش ئەوەیە ئەم دۆخە بەرژەوەندى گەورەو هێزى گەورەى چووەتە پشت، بۆیە چارەسەریش دەبێت بەپرۆسەیەک بێت و هێزى گەورەى نێودەوڵەتى و وزەى شەقام بەراشکاوانە بچنە پشتى، کازمى یان هەر کەسێکى تر گەربیەوێت عێراق لەم پشێویى و ئاڵۆزیە دەربهێنێت و بیخاتە سەر سکەى دەوڵەتسازى، بەدور لەتێروانینى کودەتا، راستەوخۆ پێویستى بەبەدەستهێنانى پشتیوانى ناوخۆو دەرەکى هەیە، پێویستى بە پرۆژەو بەرنامەى رۆشن هەیە، تابتوانێت عێراق لەمەدارى سعودى، تورکى، ئیرانى و دەسەڵاتى شیعەگەرایى، دەبهێنێت، عێراق سەرەتا پێویستى بەوەیە، وەک خۆیان دەڵێن، چەک بگرەرێتەوە دەست دامەزراوەکانى دەوڵەت و ئیرادەى چاکسازى و داد پەروەرى وەک پرۆژەیەکى سەرەکى میللى تەبەنى بکرێت و گوشار دروست بکرێت تا بکرێتە خواستى نارەزایەتى هەر سێ پێکهاتە سەرەکیەکە. 

زیاتر