سۆرانی  |  بادینی  |  English      

نيشتمانى سارا و گەرەکى جوولەکانى سلێمانى

  19/07/2020  |    356 جار خوێندراوەتەوە
لەم رۆژانەدا لەسەر پێشنیارى دۆستێکم رۆمانى "نیشتمانى سارا"م خوێندەوە کە (٤٤٨) لاپەرەیە و براى ئازیزم کاک میران ئەبراهام نوسیویەتى، راستیەکەى ئەم شکارە جوانە کە بەشێک لە بیرەوەرى پەنجا ساڵى رابردووى منداڵیمى بەبیرهێنامەوە، زیاترە لەوەى کە تەنها پێى بلێن رۆمان، چونکە زۆربەى رووداوەکان کە لەسەرەتاى سەدەى نۆزدەهەمەوە دەستپێدەکات تا کۆتایى ١٩٩٦ زیاتر رووداوگەلێکى راستین و ناوى کەسەکان لەگەڵ رۆژو ساڵى رووداوەکان راستین و خەیاڵى نووسەر نین، واتە بۆکەسانێک کە مێژووى جووە کوردەکان و شارى سلێمانیان لاگرنگە، خوێندنەوەى ئەم رۆمانە پێویستە. شێوازى گێرانەوەى رووداوەکان بەچێژى رۆمان و بەزمانێکى جوان، خۆێنەر پەلکێش ئەکات تا چێژێکى تایبەت وەربگرێت لە زانینى چۆنیەتى رووداو و بەسەرهاتەکان کە بەداخەوە زۆربەى هەرباس لەنەهامەتى و تاڵى ژیانى کوردە جوولەکەکان دەکات لەوسەردەمەدا.

هەندێک لەسەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن، کە سەرهەڵدانى ئاینى جوولەکە دەگەرێتەوە بۆ نزیکەى ٣ هەزار ساڵ لەمەوبەر، ئەوەش بەهۆى ئەوەى کاتێک پاشاى ئاشورییەکان، جوولەکەکانى وڵاتەکە دەردەکات و وەک سزایەک دەیانێرێتە ناوچە شاخاویەکانى کوردستان، ئاوارە جوولەکەکانیش لە کوردستان دەستدەکەن بەبڵاوکردنەوە بیروباوەرى ئاینى خۆیان و ئاینى جوولەکە لەلایەن زۆرێک لەخەڵکى ناوچەکە قبوڵ دەکرێت، بەتایبەتى دواى ئەوەى چەندین کەسایەتى دەسەڵاتدار لەهەولێرو و خانەوادەى ترى دیارى ئەو سەردەم لەسلێمانى و خانەقینەوە پەیوەست دەبن بەئاینەکەوە، واتە ئەو جوولەکانەى لەکوردستان ژیاون هەر بەئەسڵ خەڵکى کوردستان بوون نەک وەک ئەوەى زۆرجار واڵیک دەدرێتەوە ئەوان هاتبێتنە کوردستان.

ئەم رۆمانە زۆر بەروونى ئەوە نیشان ئەدات، کە خوێندنەوەى رووداوەکانى مێژوو، گەر تەنها لەلایەکەوە بێت، ئەوا ئەوکات خۆێنەر والێدەکات کە تەنها دیوێکى رووداوەکان ببینیت و دیوەکەى تر فەرامۆش بکرێت، بۆیە رۆمانەکە بۆخۆى بەشێک لەو دیکۆمنت و بەسەرهاتنەى تیایە، کە دەیسەلمێنێت کوردە جوولەکەکان چۆن نیشتمانى خۆیان خۆش ویستوە، بەتایبەتى ئەوانەى گەرەکى جوولەکانى سلێمانى کە لەقەلاچۆلان و ناوچەکانى ترەوە هاتوون، ئامادەى ئەوەیان تیابووە، زۆر ئیهانەو زوڵم قبوڵ بکەن تەنها لەبەر ئەوەى لە سلێمانى بمێننەوە روونەکەنە ژیانى غەریبى، رۆمانەکە ئەو دیوە نیشان ئەدات، کە بەشێک لەخەڵکى کورد چۆن بەهۆى کاریگەرى ئاین و سیاسەتى عەرەب و تورکەوە لەو سەردەمانەدا ئازارى جوولەکەکانیان داوە، بەتایبەت ئەوکاتەى دەکەونە ژێرکاریگەرى هەژموونى دەوڵەتى عوسمانیەوە، بەڵام جوولەکەکان چونکە ئەو کاریگەرییە ئاینیەیان لەسەر نەبووە، هەمیشە بەرچاویان رونتر بووە لەسەر دەوڵەتى عوسمانى ململانێیەتیان لەگەڵ کردون.

بەداخەوە کە کورد لەو سەردەمەدا نەیتوانیوە، سود لەتواناو وزەو کارامەیى جوولەکەکان وەربگرێت، ئەوان لەو سەردەمەدا کەسانى شارەزایان هەبوو لە بوارە جیاجیاکانى ژیان هەر لەمۆزیک ژەندنەوە تا خومچێتى، پەیکەرتاشى، بازرگانى، زەرەنگەرى و شارەزایى لەبیناسازیدا، بەتایبەتى لەدروستکردنى شارى سلێمانى رۆڵیکى بەرچاویان هەبووە، کەسە خوێنەوارەکانیان سەربارى رێگرى و دژایەتیکردنیان بەردەوام خەمى نەتەوییان هەبووە و لەکۆرو کۆبوونەوەکاندا ویستویانە بەشداربن و لەدەرەوەى روانگە ئاینیەکەیان ویستویانە بەشدارى خەمى هاوشارییەکانیان بن.

بەهۆى ئەوەى جوولەکەکانى کوردستان بەردەوام گوشارى هەمەجۆری زۆریان لەسەر بووە، بەردەوام هەستى یەکبوون و خۆپارێزیان تیادا بەهێز بووە، هاوکارى یەکتریان کردوە و لەزۆربەى شوێنەکانى کوردستان شوێنى دیاریکراوى عیبادەت و کۆرستانى تایبەت بەخۆیان هەبووە، ئەوکاتە کە سلێمانى لە حەوت گەرەک پێکهاتووە ئەوان دانیشتووى یەکێک لەگەرەکەکانى بوون کە دەکەوێتە خوار سلێمانى و بەگەرەکى جوولەکەکان دەناسرا.

ئەوەى لەبیرەوەى پەنجا ساڵى رابردووى منداڵیمدا مابێتەوە ئەو چیرۆک و بەسەر هاتانەیە کە لەزمانى دایک و باوکمەوە بیستومن، بەحوکمى ئەوەى لەناوەراستى چلەکان ماڵمان سەرەتا لەگەرەکى گاوران بووەو دواتر لە کۆتایى پەنجاکان چوینەتە نزیکى گەرەکى جوولەکان، دایک و باوکم زۆر دڵ پر لەسوێ بوون بۆیان و ئاگادارى زۆر رووداوى ناخۆش بوون، ئەوان هەرگیز ئەو غەدرو ناحەقیانەیان لەبیر نەدەچووەو باسیان دەکرد، کە چۆن بەهۆى کاریگەرى ئاینەوە گوشار خراوەتە سەر خانەوادە جوولەکان و ئازارى خۆیان ومنداڵەکانیان داون. باوکم بەردەوام باسى راستگۆیى و دۆستایەتیانى ئەوانى وادەکرد، کە کوردێکى سەرراست و پاک بوون، دراوسێکى بێ وەى بوون، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەوەش هەر کەسانێک هەبوون کە شەرفرۆشیان لەگەڵدا کردون بەردەرکیان پێگرتون، هەرچەندە بەخۆێندنەوەى رووداوەکانى ئەو سەردەمە ئەوەش دەردەخات کە رەنگە لەسلێمانى کوردەجوولەکان دۆخیان لەزۆر شوێنى ترباشتر بووبێت.

زیاتر