كێشه‌ی ترامپ له‌كوێدابوو؟

د.کامەران مەنتک

مامۆستای زانکۆ
  07/02/2021  |    691 جار خوێندراوەتەوە
زۆر له‌خه‌ڵكی كوردستان خه‌ونی حوشتریان له‌سه‌ر ئه‌مریكا هه‌ڵچنیوه‌، پشتیان به‌ئه‌مریكا به‌ستوه‌و وه‌ك تاكه‌ فریادڕه‌سێك ده‌یبینن بۆ رزگاركردنی له‌و دۆخه‌ی تیایدایه‌، وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد ترامپ له‌كاتی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر گرێسپی و سه‌رێكانی گوتی: كورده‌كان به‌ر‌امبه‌ر یه‌كتر دانیشتوون و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئیمه‌ بچینه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ توركیا و به‌رگریان لێبكه‌ین، به‌هه‌موو ئه‌قڵی خۆیان پییان وایه‌ ئیمه‌ توركیا ئه‌ندامی ناتۆ به‌ كورده‌كان ده‌ده‌ین!؟ زۆر ره‌خنه‌ له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ترامپ گیرا، هه‌موو ره‌خه‌نكانیش ره‌هه‌ندێكی سیاسیان هه‌بوو، له‌ناوه‌وه‌ی ئه‌مریكا وه‌ك ره‌خنه‌ی قۆناغی پێش هه‌ڵبژاردن هه‌وڵیان پشتی ترامپ له‌زه‌وی بده‌ن و رێگا بۆ سه‌ركه‌وتنی دیموكراته‌كان خۆشبكه‌ن، له‌ده‌ره‌وه‌ش ره‌خنه‌كان زیاتر فرمێسكیكی تیمساحانه‌ بوو، ئه‌گینا ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌یان له‌هه‌لوێستی ئیداره‌ی ئه‌مریكاو توركیا ده‌گرت، خۆیان له‌ژێره‌وه‌ یارمه‌تی توركیایان ده‌داو توركیا به‌چه‌كی ئه‌وان په‌لاماری رۆژئاوای كوردستانی ده‌دا، له‌وانه‌ش ده‌وله‌ته‌ ئه‌وروپیه‌كان و به‌پله‌ی یه‌كه‌میش ئه‌ڵمانه‌كان.

كه‌واته‌ كێشه‌ی ترامپ له‌كوێدایه‌؟ كێشه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ترامپ له‌ راستگۆییه‌كه‌ی دابوو، كه‌ رووی راسته‌قینه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مریكای له‌جیهان ئاشكرا كرد، جیاوازی ترامپ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانی تری ئه‌مریكا ئه‌وه‌بوو ئه‌و راستیه‌كانی ده‌گوت و ئه‌وانه‌ی تر راستیه‌كانیان ده‌شارده‌وه‌، ئه‌گینا ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ترامپ پیاده‌ی ده‌كرد به‌رامبه‌ر به‌كورد هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته‌ قێزه‌ونه‌ بوو، كه‌ له‌دولی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان و به‌شێوه‌یه‌كی چڕتریش له‌دوای جه‌نگی دوه‌می جیهانیه‌وه‌ به‌رامبه‌ر كورد پیاده‌ی كورد، ئه‌مریكا هه‌میشه‌ كوردی وه‌كو كارتێك به‌كارهێناوه‌ و هه‌ركاتێك كاری پێنه‌مابێت سڕی كردووه‌ یاخود فڕێیداوه‌، له‌هیچ كاتیكی ته‌نگانه‌ ئه‌مریكا پشتی كوردی نه‌گرتووه‌، هه‌موو سیسته‌مه‌ دیكاتاتۆره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌، به‌م رژێمانه‌ی كوردیشیان جینۆسایدكردو جینۆساید ده‌كه‌ن دارده‌ستی ئه‌مریكان، توركیا، كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ له‌ناوبردنی كورد ده‌دات.

سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌روكه‌شدا به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی له‌روسه‌كان هه‌ندێك گرژی له‌په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان دروست بوو، كه‌چی تا ئێستا نزیكترین هاوپه‌یمانی ئه‌مریكایه‌. ئه‌وه‌ی ترامپ گوتی، كیسنجه‌ریش نزیكه‌ی 45 سال به‌رله‌و هه‌مان شتی گوت و هه‌مان شتیشیكرد له‌ 1975 كاتێك كاریان به‌كورد نه‌ماو به‌ چركه‌یه‌ك خه‌ونه‌كانی كوردیان كوژانده‌وه‌، كیسنجه‌ر راشكاونه‌ گوتی ئه‌مركیا ده‌وله‌تێكی گه‌وره‌یه‌و ستراتیژیه‌تی خۆی هه‌یه‌، ئه‌مریكا رێكخراوێكی خێرخوازی نیه‌، ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی بكوژی ئابوری بركنز بخوێنیته‌وه‌ به‌ ئاسانی له‌وه‌ تیده‌گات، كه‌ ئه‌مریكا چۆن سه‌رۆكه‌كان دروست ده‌كات و چۆن ده‌سته‌مۆیان ده‌كات و له‌رێگای ئه‌وانه‌وه‌ گه‌نده‌ڵی له‌وڵاته‌كانیان بلاوده‌كاته‌وه‌و ده‌یه‌وێت له‌رێگای ئابوریه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌كان ملكه‌چ بكات، ئه‌و گه‌نده‌ڵی و تاوان و كوشت و بڕه‌ی له‌نێوان ده‌وڵه‌ته‌كان و له‌ناوه‌خۆی ده‌وڵه‌ته‌ سته‌مكاریه‌كانی رۆژهه‌ڵات و ئه‌فرۆئاسیا رووده‌دات، به‌پله‌ی یه‌كه‌م ده‌ستی ئه‌مركیای له‌ پشته‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ ئه‌مریكایه‌ پشتگیری ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌له‌كان ده‌كات دژی گه‌له‌كانی خۆیان، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا پشتگیری ئه‌و رژێمه‌ دیكتاتۆرو سته‌مكارانه‌ی رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست نه‌كات، ئه‌وا به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌كه‌ونه‌ ژێر چنگی گه‌له‌ سته‌مدیده‌ و تووڕه‌كانیان ده‌ربازیان نابێت.

ئه‌مریكایه‌ پشتی ده‌سڵاتدارنی سعودیه‌، ده‌وله‌تانی كه‌نداو، رژێمی سه‌دام...هتد گرت دژی گه‌له‌كانیان چه‌كاریكردن، كام ده‌وله‌ت له‌و ده‌وله‌تانه‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی به‌ملیاران دۆلار له‌ئه‌مركیای كڕیوه‌و ده‌یكڕیت دژی دوژمنانی خۆی به‌كاریهێناوه‌، هه‌موویان به‌ پاڵپشتی ئه‌مركیا دژی گه‌له‌كانی خۆیان به‌كاریانهیناوه‌، وه‌ك به‌رپرسێكی ئیسرائیلی گوتی رژیمی سوریا سه‌دان ملیۆن دۆلاری له‌چه‌كی كیمیاوی سه‌رف كردو دواتر دژی گه‌له‌كه‌ی خۆی به‌كاریهێنا، ئه‌و راستیاننه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان ره‌نگ بیت زۆر زه‌ق و ‌بارچاوتر بیت، كه‌ ئه‌مریكا تا ئیستا پاڵپشتی له‌ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ ده‌كات و هه‌موو چه‌كیكیان پێده‌به‌خشێت بۆ لێدان و سه‌ركوتكردنی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان.

ئه‌گه‌ر ئه‌مركیا بۆ چركه‌ساتێك پشت له‌و حزبه‌ كوردیانه‌ بكات ئه‌وا لافاوی تووڕه‌یی خه‌لك زۆر به‌خێرایی رایانده‌ماڵێت، ئه‌وه‌ ئه‌مریكایه‌ له‌ رۆژئاوا، له‌باشوور كورد له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی به‌كاردێنیت و له‌كاتی ته‌نگانه‌دا پشتیان تیده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌مركیا گلۆپی سه‌وز بۆ فڕۆكه‌كانی توركیا دانه‌گیرسێنیت فڕۆكه‌كانی توركیا چۆن ده‌توانن رۆژانه‌ بێنه‌ باشوری كوردستان و داروبه‌ردی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان وێران و سوتماك بكه‌ن، له‌ژیر سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكاو ئه‌وروپاو روسیایه‌ توركیا له‌به‌رزه‌قه‌ی چاوانی دونیا خه‌ریكه‌ میلله‌تی كورد له‌باكووری كوردستان له‌ناو ده‌بات، بۆیه‌ ترامپ راستگۆترین سه‌رۆكی ئه‌مریكا بوو، خێرا دووریان خسته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی زیاتر رووی ره‌شی ئه‌مریكا به‌جیهان نیشان نه‌دات، بۆیه‌ خۆی بووه‌ قوربانی راستگۆییه‌كه‌ی، هاوكان ده‌رفه‌تێكی باشیشی بۆ ئه‌و گه‌لانه‌ ، وه‌كو گه‌لی كورد، كه‌ له‌گوێی گادا خه‌وتوون، بۆئه‌وه‌ی چیتر فریونه‌خۆن وپشت به‌ئه‌ مریكا نه‌به‌ستن و به‌ ده‌هۆل و زوڕنای ئه‌و هه‌لنه‌په‌ڕن!.
زیاتر