سۆرانی  |  بادینی  |  English      

سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كانی سیخوڕه‌كان و مه‌سه‌له‌ی سیخوڕیكردن

د.کامەران مەنتک

مامۆستای زانکۆ
  20/02/2021  |    1876 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمانه‌‌ به‌ده‌یان موسته‌شارو تاوانبارو دزو جه‌رده‌و گه‌نده‌ڵ و وڵات فرۆش و سیخوڕی ولاتان و كۆنه‌ به‌عسی و ئه‌و جه‌للادانه‌ی ئازاری گه‌نجی كوردیان ده‌داو له‌زیندانه‌كاندا سووكایه‌تیان پێده‌كردن، ئه‌و ئه‌فسه‌رو پله‌داره‌ سه‌ربازیانه‌ی‌ پلانیان بۆ وێرانكردن سڕینه‌وه‌ی كوردستان داده‌نا، هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ئاشكرا له‌م هه‌رێمۆكه‌ی ئێمه‌ ته‌راتێن ده‌كه‌ن، نه‌ك هه‌رئه‌وه‌نده‌ به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی له‌به‌غداو ناوچه‌كانی تری ئێراقیش تاوان ئه‌نجامده‌ده‌ن و راده‌كه‌ن په‌نا بۆ هه‌رێمی كوردستان دێنن، لێره‌ داڵده‌ ده‌درێن و زه‌وی و ڤێللاو ئۆتۆمۆبیل و هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان بۆ مه‌یسه‌ر ده‌كرێت، كه‌ رۆڵه‌كانی ئه‌و هه‌رێمه‌ خه‌ونی پێوه ده‌بینێت‌، كه‌چی خه‌ریكه‌ له‌م وڵاته‌ جگه‌ر سووتاوه‌دا شوێنی هاوڵاتیانی ساده‌ی خۆمان نابێته‌وه!.
ئه‌گه‌ر به‌عس جاریك ته‌عریبی كرد، ئه‌و ته‌عریبه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی كردی، له‌ماوه‌ی زیاتر له‌ 1400 سالی رابردوو نه‌كراوه‌، ئه‌و سووكایه‌تیه‌ی ئێستا له‌باشوور به‌ كه‌سایه‌تی كورد ده‌كرێت هیچ دوژمنێكی كورد به‌م شێوه‌یه‌ نه‌یكردووه‌!. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌به‌ر زه‌قه‌ی چاوان ده‌كرێت، گوایه ئه‌مه‌ سیاسه‌تكردنه‌وه‌ كه‌س نابێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكات، دواتریش هه‌ر ئه‌و سوودمه‌ندانه‌، كاتێك ته‌نیا قاچێكیان له‌ هه‌رێم ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان دێت دژی ئه‌و میلله‌ته‌ ده‌یكه‌ین، واته‌ له‌گه‌ڵ حزب و سه‌ركرده‌كان دۆست و له‌گه‌ڵ میلله‌تیش دوژمنن
!.
جێگای سه‌رسامیه‌ داگاكانی به‌غدا و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌وڵاتانی تریش وه‌ك تاوانباری جه‌نگ داوای موسته‌شارو كورد كوژو سیخوره‌كانی به‌عس ده‌كه‌ن، كه‌چی ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئاماده‌ نیه‌ ته‌سلیمی دادگایان بكات، كه‌چی چه‌ند گه‌نجێكی تووڕه،‌ كه‌ هه‌ندێكیان ته‌نیا داوای مووچه‌ی خۆیان كردووه‌، له‌ كونجی زیندانه‌كان ده‌ئاخنرێن و ده‌یان تۆمه‌تیان بۆ دروست ده‌كرێت.
نازانم له‌ هه‌رێمی كوردستان چی ماوه‌ تا سیخوڕی له‌سه‌ر بكرێت؟! ئه‌وه‌ توركیا نیوه‌ی وڵاتی داگیركردووه‌و له‌په‌نای حكومه‌تی كوردیه‌وه‌‌ راسته‌وخۆ سیاسه‌ته‌كانی خۆی جێبه‌جێده‌كات، توركیا چ پێویستی به‌ سیخوڕ هه‌یه‌، له‌كاتێكدا وا زۆربه‌ی لوتكه‌ چیایه‌كانی كوردستان خستۆته‌ بن ده‌ست و به‌رۆژی رووناك كوردستان سووتماك ده‌كات و داروبه‌ر له‌ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵده‌ته‌كێنێت، هه‌موو خه‌ڵكی ناوچه‌ سنووریه‌كان ده‌بینن، كه‌ ترۆمبێڵه‌ بارهه‌ڵگره‌كانی توركیا داربه‌ڕووه‌كانی كوردستان له‌ره‌گه‌وه‌ هه‌لده‌ته‌كێنێت و ده‌یگوازێته‌وه‌ بۆ توركیا، هه‌موو خه‌ڵك ئه‌وه‌ ده‌بینێت، ته‌نیا ده‌سه‌لاتی كوردی نه‌بێت!.
باشه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك چاوه‌كانی هێنده‌ لاواز بێت توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێت ئه‌و تاوانانه‌ی توركیا به‌ رۆژی رووناك ببینێت، چۆن ده‌توانێت چه‌ند گه‌نجێك ئاشكرا بكات، كه‌ سیخوڕی ده‌كات!؟ بۆ كێی ده‌كات؟ بۆ وڵاتێكی بێگانه‌. چی ماوه‌ له‌ هه‌رێم تا دوژمنانی كورد پێویستیان به‌سیخوڕ بێت!. ، ئێران نیوه‌ی داگیركردوه‌، توركیا نیوه‌كه‌ی تر، ئێراقیش وا له‌و دیو سنوری قوشته‌په‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات!؟ چیتان ماوه‌ له‌ده‌ستی بده‌ن
!.
ئه‌گه‌ر خه‌لك سیخوری و خۆفرۆشیش بكات، ئه‌وه‌ ئیوه‌ن ئه‌و بازاڕه‌تان گه‌رمكردووه‌، ئێوه‌ن خه‌ڵكتان هاندا، كه‌ ئه‌گه‌ر سیخوڕی بكات و ولات بفرۆشێت و ده‌ستی دوژمن رابكێشێته‌ ناو وڵات، ئه‌وا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌ناو حیزبه‌ كوردیه‌كان پۆست و پله‌ وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌لاته‌كه‌ی ئیوه‌دایه‌ خه‌ریكه‌ به‌هاكانی كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، بنه‌مای كه‌سایه‌تی گه‌نجه‌كان پووچه‌ڵ ده‌كرێته‌وه‌و وڵات ده‌كرێته‌ تریاك و ماده‌ی سڕكه‌رخانه‌و باوكی شه‌هیدو قاره‌مانه‌كامیش ده‌كرێنه‌ سواڵكه‌ر، ئه‌وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌یه‌ خه‌ڵكی دڵسۆزو وڵات په‌روه‌ر لاته‌ریك و په‌ڕاگه‌نده‌ ده‌كرێت و ‌تاوانبارو خۆفرۆشیانیش تاجی گه‌وره‌ییان ده‌خرێته‌‌ سه‌ر، به‌ڕاستی جێگای سه‌رسوڕمانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان باسی سیخوڕی و وڵات فرۆشی و خیانه‌ت بكرێت، له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری سه‌ركرده‌و هێزه‌ كوردیه‌كان پێشبڕكێیانه‌ له‌سه‌ر خیانه‌ت.
به‌راستی ئه‌وه‌ی له‌ كێشه‌ی شێروان شێروانی و هاوڕێكانی به‌دیاركه‌وت، كاره‌ساتێك و شه‌رمه‌زاریه‌كه‌ له‌مێژووی كوردا وێنه‌ی نیه‌، له‌وه‌ كاره‌سات گه‌وره‌تر هه‌یه‌، كه‌ گه‌نجێكی كورد، به‌ ناموس هه‌ڕه‌شه‌ی لێبكرێت بۆ ئه‌وه‌ی دان به‌ شتێك دابنێت، كه‌واته‌ ده‌بێت ره‌حمه‌ت بۆ به‌عسیه‌كان بنێرین، ئه‌وانیش هه‌رهینده‌یان كرد.
به‌راستی كاره‌ساتی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌هه‌موو كه‌یسه‌كه‌ سه‌رنجراكێشترو پڕئازارتره‌. ئێستا خه‌ریكه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان ئاشكرا ده‌بێت، ئه‌و هه‌موو جه‌للادو تاوانباره‌ی به‌عس بۆچی له‌هیچ شوینیك جێگایان نابیته‌وه‌ له‌ كوردستان نه‌بێت، وا دیاره‌ ئه‌وان بۆیه‌ لێره‌ داڵده ‌دروان بۆئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ناموس له‌زیندانیانی كورد بكه‌ن و خولی فێركردنی ئازادانی گه‌نجان بۆ شۆڕشگێڕه‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كانی كورد بكه‌نه‌وه‌ئه‌و، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌و جۆره‌ هه‌ڕه‌شانه‌ له‌زیندانیه‌كی بن ده‌ست بێئیراده‌ بكات، جیاوازی چیه‌ ئه‌گه‌ر كورد بێت یا عه‌ره‌ب یابه‌عسی یا هه‌ر حزبێكی تر!؟
ئه‌و كاره‌‌ جێگای شه‌رمه‌زاریه‌كی گه‌وره‌یه‌و دڵنیام ئه‌وه‌ خاڵی سه‌ره‌تایی كۆتاییه‌كه‌یه‌و دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ ده‌ڕوات، كه‌ هیچ كوردێكی وڵات په‌روه‌ر خۆزگه‌ی بۆ نه‌ده‌خواست و خۆزگه‌ی بۆ ناخوازێت. زۆر روونه‌، كه‌ ئێمه‌ له‌كۆتایی قۆناغێكدا ده‌ژین و هه‌موو نیشانه‌كانی ئه‌و كۆتاییه‌ ده‌ركه‌وتووه‌و ئه‌و جۆره‌ ره‌فتارانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش یه‌كێك له‌نیشانه‌ زه‌قه‌كانی ئه‌و كۆتاییه‌یه‌
!.

زیاتر