یان وێسگەیەك بۆ بەخۆداچونەوەی مرۆڤایەتی؟
• وەك دەڵێن ژیان خوێندنەگەیەكە و هەموان تیایدا فێردەبن و فێری كەسانی تریش دەكەن جا كەسە هۆشەمەند و بیرمەند و زیرەكەكان پێش هەموان دەكەون و دەبنە ڕابەر و پێشەوا و داهێنەر هەریەكە لە بوار و پسپۆڕیەكدا.بەڕاستیش هەروایە و سروشتی گەشەكردنی ژیان و مرۆڤەكان و تەنانەت ئاژەڵ و ڕوەكەكانیش بۆ سەركەوتوو و زیرەك و بەهێز و داهێنەرەكانن نەك دواكەوتوو و هەژار نەخوێندەوارەكان بەپێی بنەماكانی چارلس داروین. چونكە ئەوان زووتر لەهەموان هەست بە گۆڕانكاری و پێشهاتەكان دەكەن و دەشتوانن پلانی زانستی و واقعیشیان بۆ دابنێن و بە قازانجی خۆیان و كۆمەڵگاكانیان بیانشكێنەوە. هەمیشە پەند و عیبرەت لە ڕابووردوو و هەڵە و نەزانی و كەموكوڕیەكانیان وەردەگرن و بۆ ئایندەش دەیكەنە هۆكاری سەركەوتنی زیاتر و گەورەتر.جا ئەم ڕاستیە بۆ تاك و بۆ كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكانیش دەگونجێت.
• ئەوەی لەم سەردەم و سەدەی بیست و یەكەدا بەرۆكی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی گرتوە بریتیە لە زۆرێك لە قەیرانەكان، هەر لە قەیران و ململانێ سیاسیەكانەوە تا قەیرانی ئابوری و بازاڕ و بازرگانی و ئەمنیەكان و دواتریش قەیرانی كۆمەڵایەتی و تەندروستیەكانیش،كە هیچ دەیە ساڵێك گوزەرناكات بەبێ سەرهەڵدانی یەكێك لەم قەیرانانە كە هەموانیان لەسەر حسابی گیان و زیانی گەورەی ئابوری و تەندروستی كۆمەڵگاكان تەواو دەبن.بەداخەوە هۆكاری قەیرانەكانیش لە زۆرجاردا هەر مرۆڤەكان خۆیانن و ڕژدی و بێباكی و چاوتێرنەبوون و بەرژەوەندخوازی و هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان هۆكارن بۆ دروستكردن و سەرهەڵدانی جۆرەها قەیران بۆ شكاندنی بەرانبەرەكانیان و بەناو سەركەوتنێكی كاتی بۆ خۆیان.تەنانەت كارەساتە سروشتیەكانیش زۆر جاران بەهۆكاری نەزانی و بێ بەرنامەیی و بێباكی مرۆڤەكانەوە ڕوودەدن و دەبنە هۆكاری كاولكاری زیاتری ژینگە وژیان و گوزەرانی سەر گۆی زەوی.
• كۆڕۆناش لە ئێستادا بۆتە ئەو پەتا نەگریس و تۆقێنەرەی كە بەرۆكی تەواوی مرۆڤایەتی گرتوە بەبێ جیاوازی لەنێوان دەوڵەمەند و هەژار و زلهێز و بچوكەكاندا.كۆرۆنا بۆتە وەیشومە و دروێنەكەری گیانی مرۆڤەكان و بۆتە هۆكاری ڕاوەستانی گەشەی ئابوری و داهات و خۆشگوزەرانی، بۆتە مۆتەكەیەك و دەستی خستۆتە بینە قاقای مرۆڤایەتیەوە.كۆرۆنا لە ئێستادا زیاد لە 13 ملیۆن مرۆڤی توشكردوە و زیاد لە نیو ملیۆنی گیانی بێتاوانانی سەندۆتەوە و ڕۆژانەش لە هەڵكشانی مەترسیداردایە.
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە،ئایا كۆرۆِنا بۆتە وێسگەی كۆتایی ژیان؟ یان هێندە دڵڕەق و بێبەزییە كە هەموو جوانیەكانی سەر ئەم گۆی زەویە ڕابماڵێت ؟ یان دەكرێت ببێتە وێسگەیەك بۆ بەسەرداچوونەوەی كار و گوتار و كردار و پیلانە دوژمنكارەكانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی؟
بەڕای بەندە كۆرۆنا و بڵاوبونەوەی و ترس و تۆقاندنەكانی جگە لە وێسگەیەكی ژیان و گوزەرانی مرۆڤایەتی چیتر نیە،وەكو هەموو وێسگە مێژووییە ڕەش و تاڵەكانی تری ڕابووردوو هەر لە پەتای ڕەشی تاعونی سەدەكانی ناوەڕاستی ئەوروپا و برسێتی و قەیرانە دارایی و سروشتیەكانی تر.بۆیە بەدڵنیایی هۆشەمەندی و عەقڵانیەتی مرۆڤ پەی بە دەرمانی ئەم دەردەش دەبات و كۆتایی پێدێنێت و دەیكاتە لاپەڕەیكی ڕەش و تاریكی مێژووی مرۆڤایەتی.
بەڵام گرنگ ئەوەیە كە پەند و عیبرەت و وانەی لێوە فێر ببین،نەك وەك كار و كردەوە و كارەسات و ڕووداوێكی بچوك و بێكاریگەر لێیبڕوانرێت،چونكە لەم سەردمە و لە ڕابووردوشدا هیچ پەتایەك هێندەی كۆڕۆنا نەبۆتە هۆی پەكخستنی ژیان و گوزەرانی مرۆڤایەتی لە هەمووو بوارەكاندا لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا،كە هێشتاش دیار نیە كەی و چۆن مرۆڤ زاڵدەبێت بەسەریدا و كۆتایی پێدێنێت.ئەوەتا كاریگەری گەورەی هەبوە لەسەر ئابوری و داهاتی تەواوی جیهان و بۆتە پەكخستنی كارگە بەرهەمهێنەكان و ڕاوەستانی گەشتو گوزار و دابەزینی نرخەكانی نەوت و زیادبوونی بێكاری و هەژاری و ڕاوەستانی گەشەی ئابوری و و سەرهەڵدانی كێشەی كۆمەڵایەتی و داخستنی خوێندنگە و زانكۆ و جێگەی عیبادەت و زۆری تریش. كە تائێستا هیچ كارەسات و پەتایەك بەم شێوەیە كاریگەری توندی نەكردۆتە سەر تەواوی ژیانی مرۆڤایەتی و لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە كە ئاسەوارەكانی بۆ دەیان ساڵی تریش درێژە دەكێشێت.
بۆیە گرنگە تەواوی مرۆڤایەتی بەیەك دەست و بەیەك هەڵوێست و بوێریەوە ڕووبەرووی ئەم پەتا نەگریسە ببێتەوە دوور لە خۆپەرستی و خود پارێزی وڵاتێك یان كۆمەڵگایەك بەتەنها چونكە دەركەوت مرۆڤایەتی و ژیان لەسەر ئەم گۆی زەویە زۆر لەوە بچوكتر و نزیكترە و تێكچڕژاوترە كە مرۆڤەكان بیریان لێدەكردەوە،هەربۆیە چۆن كۆرۆنا هەموانی یەكخستوە و ڕووبەڕووی هەموانیش بۆتەوە گەرەكە هەموو مرۆڤایەتیش بەیەك و یەكگرتویەوە بەرەنگاریببنەوە و پلانی زانستی و واقعی هەبێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی، نەك پەتاكە پشتی بشكێنێت بەڵكو بیكاتە وێسگەیەك بۆ بەسەرداچوونەوە و تێڕامان لە توانا و كاریگەری مرۆڤەكان بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی مێژوو بەرەو ئایندەیەكی گەشتر و ڕووناكتر لەوەی كە ئێستا هەیە.