سۆرانی  |  بادینی  |  English      

نەوت و زێڕ و دۆلار

  23/08/2020  |    317 جار خوێندراوەتەوە
سێ‌ كوچكەی گرنگ وكاریگەر لەسەر ئابوری جیهان !

3 پێكهاتەی جیاواز كاریگەری گەورە دەكەنە سەر ئاستی داهات و بازاڕ و نرخەكانی كەلوپەل و پێداویستیەكانی ژیانی ڕۆژانەی تاك و كۆمەڵگا و وڵاتان.كە برییتین لە:

1. نەوت : سامانێكی سروشتیە و تائێستا سەرچاوەی یەكەمی وزەیە لە جیهاندا و پێكهاتەیەكی هایدرۆكاربۆنیە و سەرچاوە و كەرەسەی خاوی زۆرێك لە پێداویستی و كاڵاكانی ڕۆژانەی مرۆڤەكانە.ڕۆڵی گەورە و كاریگەری هەیە لە بازاڕ و لەسەر نرخەكان و هەژاری و دەوڵەمەندی و پێشكەوتن و دواكەوتنی كۆمەڵگاكان.هاوشان غازی سروشتیش گرنگیەكی گەورەی هەیە لە پاڵ نەوتی خاودا.

2. زێڕ : كانزایەكی گرانبەهایە و لەسروشتدا دەستدەكەوێت و پاڵپشت و داپۆشەری نرخی دراوە كاغەزیەكانە لە بانك و ڕێكخراوە داراییەكانی جیهانیدا و متمانەی زۆرە و لەكاتی تەنگانە و هەڵاوسان و نزمبونەوەی نرخی دراوەكاندا هەمووان ڕووی تێدەكەن و دەیكڕن و هەڵیدەگرن. و ئەمیش كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر بازاڕ و بازرگانی و نرخی كاڵاكان لە جیهاندا.

3. دۆلار: دراوێكی كاغەزی جیهانیە و بە ڕەسمیش دراوی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایە و بەهۆی بەهێزی و دەوڵەمەندی ئابوری ئەمریكاوە و هەژموونی بەسەر جیهاندا بۆتە دراوێكی جیهانی و زۆربەی مامەڵە بازرگانیەكانی جیهان بە دۆلار دەكرێت و كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر بازاڕ و نرخەكان و ئابوری و بازرگانی  جیهانی. بەڵام هەندێك جار دەكەوێتە ژێر هەژموونی دراوە بەهێزەكانی ترەوە وەك ((یوانی چینی و یەنی یابانی و یۆرۆی ئەوروپی و جونەیهی ئستەڕلینی بەریتانی))ەوە.

پەیوەندییەكانی ئەم 3  كوچكەیە بەیەكەوە:

1. پەیوەندی نەوت  و زێڕ:

پەیوەندیەكی ڕاستەوانەیە و هەركات نرخی نەوتی خاو بەرزبۆوە ئەوا نرخی زێڕیش بەرزدەبێتەوە و بە پێچەوانەشەوە.چونكە هەركات نرخی نەوت بەرزبۆوە داهاتی نەتەوەیی بەرزدەبێتەوە و خەڵكی خۆشگوزەران دەبن و ڕوودەكەنە كڕینی زێڕ و هەڵگرتنی و بەمەش نرخەكانی نەوت و زێڕ لە بازاڕەكاندا بەرز دەبنەوە. لەهەمان كاتیشدا هەردووكیان پەوەندیان هەیە بەنرخی دۆلارەوە.

2. پەیوەندی زێڕ و دۆلار:

پەوەندیەكی پێچەوانەیە و هەركات نرخی زێڕ بەرزبۆوە نرخی دۆلار دادەبەزێت و بە پێچەوانەشەوە.لەبەر ئەوەی زێڕ یەكێكە لە ئامڕازەكانی ئەمان و پاراستن دژی هەر مەترسیەك لە گۆڕانی تێكڕای نرخی دراوەكاندا،هەربۆیە وەبەرهێنەكانی بواری بازاڕی دراوەكان،دەتوانن زێڕ بكڕن بۆ داپۆشینی مەترسیەكانی دابەزینی نرخی دۆلار.

3. پەیوەندی نەوت  و دۆلار:

پەیوەندیەكی پێچەوانەیە،واتە هەركات نرخی نەوت بەرزبۆوە ئەوا نرخی دۆلار دادەبەزێت و بە پێچەوانەشەوە.ئەم پەیوەندیە پەیوەندیەكی ئاڵۆزە.بەهۆی بەرزبونەوەی خەرجی هاوردەكردنی نەوتی ئەمریكی لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی بەرزبونەوەی كورتهێنان لە بودجەی دانەوەكاندا،ئەم بەرزو نزمیە ڕوودەدات لەنرخی نەوت و دۆلاردا.

بەم شێوەیە ئەم 3 كوچكەیە ڕۆڵی گەورە و كاریگەر دەگێڕن لەسەر ئابوری جیهان و بەتایبەتی نەوت و زێڕ وەكو دوو مادەی گرنگ كە گەشە و ئاستی ئابوری وڵاتانیان پێدەپێورێت.

جا بۆئەوەی پەیوەندی نرخەكانی نەوت بە دۆلارەوە نەمێنێت ،دەكرێت:

1. نرخەكانی نەوت بە غەیری دۆلار دیاربكرێت.
2. دەبێت ئەمریكا پشت نەبەستێتە سەر نەوت بە تەواوەتی.

* هۆكارەكانی دابەزینی نرخی دۆلار لەم كاتەدا:

1. پاشەكشەی ئابوری ئەمریكا و تووشبوونی بە شڵەژانێكی ئابوری.
2.زۆربوونی خەرجیە حكومیەكانی دامودەزگاكانی ئەمریكا.
3.شكستهێنانی لە دۆزینەوەی چارەسەری پەتای كۆڕۆنا و نەتوانینی كۆنتڕۆڵكردن و دیارنەبوونی كاتی كۆنتڕۆرڵكردنیشی.

*هۆكاری بەرزبونەوەی نرخەكانی نەوت و زێڕ لەم كاتەدا چییە؟

گەلێك هۆكار كاریگەریان هەیە لەوانەش:
1. جەنگی تەكنەلۆجیا و بازرگانی نێوان چین و ئەمریكا.
2. ململانێ سیاسی و ئابوریەكان لە جیهاندا.
3. ڕێكنەكەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە ناو خۆیاندا لەسەر بڕی بەرهەم و نرخەكان.
4. گەشە یان ڕاوەستانی ئابوری جیهانی.
5. بڵاوبونەوەی پەتای كۆڕۆنا لە جیهاندا.

* بۆیە گرنگە وڵاتان و حكومەتەكانی جیهان،هەمیشە ئەم هاوكێشە و پەیوەندیانەی نەوت و زێڕ و دۆلار لەبەرچاوبگرن و پلانەكانیان لەسەر بنەمای ئەم پەیوەندیانە دابڕێژن و دووربین بن و پێشبینی ئاڵوگۆڕەكانی بازاڕ بكەن و باش خوێندنەوە بكەن بۆ گۆڕانكاری و هاوكێشە ئابوریەكان و جەنگ و ململانێكان، و هەر لەخۆوە و بەبێ‌ پلان دەست نەبەن بۆ بازاڕ و ئابوری و  كڕین و فرۆشتن و دەرهێنانی نەوت و غازی سروشتی  وڵاتەكانیان. چونكە وەك ئاشكرایە نەوت لە ئێستادا شادەماری زۆرێك لە ئابوری و بازاڕ و گەشە و پێشكەوتن و داهێنانەكانی جیهانە و ناكرێت بە سەركێشی و بێئاگاداری و شارەزایی دەستی بۆببرێت ،چونكە ئەوكات خۆت دەبیتە سووتەمەنی و زیانی گەورەت پێدەگات.

بەداخیشەوە زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە بە عێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە و هەموانیشیان نەزان و نەشارەزان لە هاوكێشە ئاڵۆزەكەی ئابوری و بازاڕەكانی جیهان ،هەربۆیە لەبەردەم بچوكترین شڵەژانی ئابوریدا چۆكدادەن و تووشی قەیرانی توندی دارایی و ئابوری دەبنەوە و خۆشیان و میلەتەكانیشان تووشی برسێتی و نەهامەتی و بێكاری و گەندەڵی و بێ‌ مووچەیی دەكەن و دەیان ساڵ دەیانگێڕنەوە بۆ دواوە و خۆشی و خۆشگوزەرانیان لێ‌ حەرام دەكەن و تەنها و تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دەستوپێوەند و بنەماڵە حومكڕانەكانیان كاردەكەن .

 بەم شێوەیەش سەروەری و شكۆی نەتەوە و نیشتیمانەكانیان كردۆتە قوربانی چاوچنۆكی و حەز و غەریزە نەگریسەكانیان لەكەڵەكەكردنی سەروەت و سامان و دزین و بەهەدەردانی توانا مادی و مرۆییەكانی گەل و كۆمەڵگاكانیان و هەربۆیە هەمیشە كۆمەڵگایەكی بەرخۆر و بێ‌بەرهەم و دواكەوتوو بەرهەم دێنن و بۆخۆشیان هەمیشە دواكەوتوو و پاشكەوتەی كۆمپانیا و ڕێكخراو و وڵاتە پێشكەوتوو زلهێزەكانی ئابورین لە جیهاندا.
زیاتر