پێكەوە ژیان یان لێكترازان

  12/10/2020  |    598 جار خوێندراوەتەوە
هیچ خێزانێك یان گروپێكی ئیتنی یان ئاینی یان مەزهەبی تەنانەت ڕێكخراوە پیشەیی و مەدەنیەكان و تا دەگاتە ئاستی حیزبە سیاسیەكان و دواتریش تەواوی كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان بەگەورە و بچوكیانەوە ناتوانن بە بێ‌ بنەمای پێكەوە ژیان لەگەڵ یەكدا لە چوارچێوە و سنور و بەرنامە و پەیڕەو ناوخۆی خۆیاندا هەڵبكەن و پێكەوە بژین،كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش داڕێژراوە و هەمووان لەسەری ڕێكەوتوون و پێشی ڕازین و كاریش بۆ سەركەوتنی دەكەن.جا ئەو چوارچێوەیە سیاسی یان ئابوری یان ئەمنی و یان كۆمەڵایەتی یانیش فەرهەنگی و كەلتوری بێت.چونكە پێكەوە كاركردن و بەشێوەی گروپ و كۆمەڵ و كۆمەڵگاش بەتەواوەتی و بەتایبەتیش لەم سەردەمی بەجیهانی بوون و دونیا پڕ جەنجاڵی و بەرژەوەندپەرستی و مادیەتی تەواو وپڕ ململانێی ناڕەوا و پڕ مەترسی و پەتاكوشندەكانیش،ئەوەیان لەسەر هەموان سەپاندوە كە پێكەوە و لەناو چوارچێوەی گروپ یان كارتێلی گەورە و بەهێز و یەك و یەكگرتوودا كاربكەن، نەك بەشێوەی تاك و پەرش و بڵاوی و لێكدابڕان و دووركەوتنەوە و دڕدۆنگی و دواتریش دوژمنایەتی و نەیاری یەكتری.

قەوارەی مەترسیەكان هێندە گەورە و كاریگەرن لەسەر ئاستی جیهان  و لەسەر ئاستی هەموو بوارەكان و ژیان و گوزەرانی مرۆڤایەتی چەرخی بیست و یەكەم.كە پێویست بە پێكەوە ژیان دەكات نەك دووركەوتنەوە و لیكترازان.بۆ نمونە كۆمەڵگایەكی وەك كۆمەڵگای كوردی لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەكەی كوردستانی گەورە و بەتایبەتیش لەسەر ئاستی هەر پارچەیەكیش بەتەنها ،هەمان یاسا و ڕێسای جیهان و هەمان مەترسی و هەڕەشەكانیان لەسەرە،جا بۆیە لەم قۆناغ و سەردەمەدا لەهەموو كات زیاتر كۆمەڵگای كوردی پێویستی بە كاری پێكەوەیی و پێكەوە ژیانی ئاسایی و هێمن و ئاشتیانە هەیە،دوور لە یەكتر شكاندن و هەڵدانەوەی لاپەڕە خوێناوی و ڕەشەكانی ڕابووردوو بەناوی نوسینەوەی بیرەوەریەكان كە كەمترین دەسكەوت و سەروەریان تیادا بەدیدەكرێت،دوور لە ململانێی تەسكی حیزبی ناڕەوا،دوور لە هەلپەرستی و موزایەداتی سیاسی،دوور لە خۆگیڤكردنەوە و چاوسووركردنەوە و هەڕەشەو گوڕەشەكردن لەیەكتری،دوور لە نەیاری و كەنارخستن و پەراوێزخستنی دۆست و نەیارەكان لەناوخۆ و عێراق و ناوچەكە و دونیاشدا،دوور لە گیانی خۆپەسەندی و خۆسەپاندن و قۆرخكاری دەسەڵات و تەواوی جومگەكان،بەناوی زۆرینە و دیموكراسیەت و ئازادی و  ژمارەی كورسی پەڕلەمانیەوە.


بەداخەوە هەموان خەڵكی ئەم وڵاتەیان و هەمووشمان زۆر باش لە فریودانەكان و ساختەكاری و گزی و فزیەكانی حیزب و سەركردەكان دەزانین  لە هەڵبژاردنەكان و كاری ڕۆژانەی حكومەت و دزینی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە وكە چۆن بونەتە براوە و دەسەڵاتدار، بۆیە ناكرێت ئەوەی لەدەسەڵاتدا بوو لاف و گەزافی براوەی گەورە لێبدات و وابزانێت كە بە ماف و ماندووبون و خۆشەویستی و متمانەی جەماوەر گەیشتۆتە دەسەڵات،بەهەمان شێوەش ئەو حیزب و لایەنانەی كە نەیانتوانیوە كورسی و قەوارەی سروشتی خۆیان بهێنن وابزانن كە ئەوە قەوارە و هێز و توانای جەماوەری ڕاستەقینەی خۆیانە.

بۆیە واباشترە هەردوولا لەسەر ئاستی حیزب و سەركردەكان كاری گەرموگوڕتر بكەن پێكەوە بۆ زیاتر لێكنزیكبونەوە و تێگەیشتن لەیەكتری .


لەسەر ئاستی حكومەت و ئۆپۆزسیۆنیش بەهەمان شێوە دوو جەمسەری بەهێزی ململانێكەری ڕەوا پێكبێنن و لە كێبڕكێیەكی جدی خەمخۆرانەدا بن بۆ گەل و نیشتمانەكەمان.

لەسەر ئاستی جەماوەر و دەسەڵاتیش پێوییستە دەسەڵات ببێتە دەسەڵاتێكی خەمخۆر و بە باك و خزمەتكاری ڕاستەقینە و كاری سەرەكی دابینكردنی پێداویستیە سەرەكیەكانی ژیان و گوزرەانێكی پڕ شكۆ و ئەمنیەت و پاراستنی سەر و سامانی هاوڵاتیانی بێت.هەربەمەش متمانەی هەموان و زۆرینە وەدەستدێنێت. نەك بە گەندەڵی و مشەخۆری و خۆسەپاندن و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی میلەت.


ئەوەتا دوای نزیكەی 30 ساڵ لە ڕاپەڕین و حكومەت و پەڕلەمان و دەسەڵاتێكی خۆماڵی نەتوانراوە كە بچوكترین و سادەترین ماف و داخوازی گەل جێبەجێبكرێت،ڕاستە گەلێك هۆكاری ناوخۆیی و ناوچەیی و دونیایش لە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و تەندروستی ڕێگربوون،بەڵام دەتوانرا گەلێك كاری باشتر و بناغەیەكی تۆكمەتری حوكمڕانیەكی ڕاشد و حەكیم و بەهێز دابمەزرێنرێت،نەك وە ك ئەوەی لە ماوەی 30ساڵ و 9 كابینەی حكومەتدا ساڵ بەساڵ میلەت هەژارتر و قەرزارتر و برسیتر و بێكار تر و نەخۆشتر ببێت و لە ئێستادا بڕی زیاد لە 28 ملیار دۆلار قەرزار بێت كە هەر تاكێكی ئەو 5ملیۆن كەسەی ئەم هەرێمە بڕی 5700 دۆلار قەرزار بێت.بۆیە بەڕاستی ئەمە مەترسیەكی گەورەی ئابوری و سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئایندە و ئاسۆكانیش تاریكتر دەكات.

لەكۆتایدا ئەوەی مەبەستە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پڕ مەترسیە پێویست بە پڕۆسەیەكی ئاشتەوایی سەرتاسەری دەكات لەنێوان سەركردە  و حیزبە سیاسیەكان و لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا و لەنێوان سەرجەم چین و توێژەكان و حكومەتدا.لەنێوان خێزان و تاك بەتاك و كۆمەڵە و ڕێخكراوەكاندا،هەربەم ئاڕاستەی پێكەوە كاركردن و پێكەوە ژیانە گرەوی سەركەوتن و دەربازبوون دەبینەوە نەك بە لێكترازان و دور لەیەكتری و ناكۆكی و ململانێ‌ ناڕەواكان و دیاردە دزێوەكانی بەهەرێمكردن و ناوچەگەرَتی و شارچێتی و حیزب حیزبێنەی بەرتەسك كە 30 ساڵی زیانی گەورەی لێداوین.

زیاتر