ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ى ئاگركردنه‌وه‌ له‌ڕۆژى نه‌ورۆزدا

عەلی باپیر

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
  20/03/2021  |    4539 جار خوێندراوەتەوە

بسم الله الرحمن الرحيم

له‌سۆنگه‌ى ئه‌وه‌وه‌ كه‌ له‌نووسینێكى پێشترمدا له‌باره‌ى ڕۆژى نه‌ورۆزه‌وه‌ باسى ئه‌وه‌م كردبوو كه‌ ئاگركردنه‌وه‌ له‌وڕۆژه‌دا ئه‌گه‌ر به‌نیازو مه‌به‌ستى خراپ نه‌بێ “وه‌ك به‌پیرۆز گرتنى ئاگر كه‌ عاده‌تى مه‌جووسییه‌كان بووه‌”، ئه‌وه‌ به‌پێى بنچینه‌ى: هه‌ڵس‌و كه‌وته‌كان له‌بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌وان، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى شه‌رع قه‌ده‌غه‌ى كردبێ (الأصل في المعاملات الإباحة الاّ ما حرَّمه الشرع) ئاگر كردنه‌وه‌ش چ له‌ڕۆژى نه‌ورۆزدا “وه‌ك یادێكى نه‌ته‌وه‌یی”، وه‌ چ له‌هه‌ر ڕۆژێكیدیكه‌دا، وه‌ك سه‌رجه‌م هه‌ڵس‌و كه‌وته‌كان ڕه‌وایه‌، چونكه‌ هیچ ده‌قێكى شه‌رعیی تایبه‌ت له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌كردنى نیه‌، به‌ڵێ له‌سۆنگه‌ى ئه‌وه‌وه‌ بیستم كه‌ هه‌ندێك ڕه‌خنه‌و گله‌ییان له‌وباره‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌، به‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ كه‌ له‌هه‌ندێك شوێنه‌واران (آثار)دا هاتوه‌ كه‌ هاوه‌ڵان ئاگر كردنه‌وه‌یان له‌ڕۆژى نه‌ورۆزدا قه‌ده‌غه‌ كردوه‌ !

جا له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێم :

ئه‌گه‌ر گریمان سه‌نه‌دى ئه‌و شوێنه‌وارو گێرڕاوانه‌ ڕاستیش بێ، نابێته‌ به‌ڵگه‌ى قه‌ده‌غه‌بوونى ئاگركردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى ئه‌م ڕۆژگاره‌ به‌بۆنه‌ى نه‌ورۆزه‌وه‌، چونكه‌:له‌ئاشكرایه‌كانى فیقهی ئیسلامییه‌ كه‌ فه‌توا به‌پێى كات‌و شوێن‌و شه‌خس‌و عورف‌و حاڵ ده‌گۆڕێ (الفتوى تختلف زماناً ومكاناً وشخصاً وعرفاً وحالاً)، ئنجا ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له‌هاوه‌ڵان‌و زانایانى پێشین ئاگركردنه‌وه‌ى نه‌ورۆزیان قه‌ده‌غه‌ كردبێ، دیاره‌ زانیویانه‌ كه‌ خه‌ڵكى ئه‌وكاته‌ كه‌ له‌ڕۆژگارى حوكمى مه‌جووسییه‌كانه‌وه‌ نزیك بوون، به‌پاڵنه‌ر به‌پیرۆزگرتن (تقدیس)ى ئاگر ئه‌وكاره‌یان كردوه‌، بۆیه‌ قه‌ده‌غه‌یان كردوه‌، به‌ڵام بێگومان حوكمى ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌گۆڕێ له‌كاتێكدا خه‌ڵكێكى مسوڵمان‌و خواپه‌رست “نه‌ك نا مسوڵمان‌و ئاگرپه‌رست” به‌پاڵنه‌رى یادكردنه‌وه‌ى بۆنه‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یی‌و خۆشحاڵى ده‌ربڕین به‌ ده‌ربازبوون له‌سته‌م‌و چه‌وسێنرانه‌وه‌، ئه‌وكاره‌ ده‌كه‌ن !

وه‌ك چۆن پێغه‌مبه‌رى خوا “صلى الله علیه‌ وسلم” له‌سه‌ره‌تاوه‌ كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ڕۆژگارى شیرك‌و بتپه‌رستییه‌وه‌ نزیك بوون سه‌ردانى گۆڕستانى له‌ مسوڵمانانى قه‌ده‌غه‌كردبوو نه‌وه‌ك گیرۆده‌ى شیرك‌و پاڕانه‌وه‌ له‌مردووان ببن، به‌ڵام دوایی كه‌ دڵنیابوو خوا به‌یه‌كگرتن (توحید) له‌دڵیاندا چه‌سپیوه‌و مه‌ترسی شیركیان لێناكرێ، ڕێگای دان وه‌ك فه‌رموویه‌تى: (كنت نهيتكم عن زيارة القبور فزوروها) مسلم: 977، واته‌: پێشتر سه‌ردانى گۆڕستانم لێ قه‌ده‌غه‌ كردبوون، به‌ڵام ئێستا سه‌ردانیان بكه‌ن .

له‌ڕیوایه‌تێكدا هاتوه‌: ((فمن أراد أن يزور القبور فَلْيَزُرْ فإنها تذَكِّر بالآخرة) أبو داود: 3235، والنسائی: 2032، واته‌: هه‌ركه‌س ده‌یه‌وێ سه‌ردانى گۆڕستان بكات بابچێ، چونكه‌ دوا ڕۆژ ده‌خاته‌وه‌ بیر .

كه‌واته‌: هه‌ركات حاڵ‌و بارودۆخ گۆڕا، پێویسته‌ فه‌تواش بگۆڕێ، مادام به‌هۆى بارودۆخێكى جیاوازو تایبه‌ته‌وه‌ ئه‌و فه‌توایه‌ درابێ! پێشم وانیه‌ هیچ مسوڵمانێك كه‌ ئاگرى نه‌ورۆز ده‌كاته‌وه‌، به‌ پیرۆزگرتنى ئاگرى هه‌ر به‌بیریشدابێ، بۆیه‌ پێویسته‌ خۆمان به‌ فه‌توایه‌كه‌وه‌ نه‌به‌ستینه‌وه‌ كه‌ له‌كات‌و شوێنى دیكه‌داو بۆ خه‌ڵك‌و حاڵه‌تێكى دیكه‌ گوتراوه‌، ئه‌گه‌رنا له‌ بنه‌ماى: (الفتوى تختلف زماناً ومكاناً وشخصاً وعرفاً وحالاً) لامانداوه‌و سته‌میشمان له‌خه‌ڵكێكى مسوڵمان كردوه‌، كه‌ به‌ناهه‌ق تۆمه‌تبارمان كردوون به‌شیرك‌و ئاگر په‌رستییه‌وه‌ .

ئه‌وه‌ به‌نسبه‌ت لایه‌نه‌ شه‌رعییه‌كه‌یه‌وه‌، به‌ڵام به‌نسبه‌ت لایه‌نی ژینگه‌یی‌و ته‌ندروستییه‌وه‌، بێگومان بۆ هیچكه‌س دروست‌و ڕه‌وا نیه‌ هیچ هه‌ڵس‌و كه‌وتێك بكات كه‌ زیان به‌ژینگه‌و ته‌ندروستى خه‌ڵك بگه‌یه‌نێ، وه‌ك ئاگركردنه‌وه‌یه‌كى زیانبه‌خش، بۆ وێنه‌: سووتاندنى تایه‌و قیرو هتد…، كه‌واته‌: ئه‌وانه‌ى به‌و بۆنه‌یه‌وه‌و به‌نیازو مه‌به‌ستێكى شه‌رعییه‌وه‌ ئاگر ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌بێ ئاگر كردنه‌وه‌كه‌ به‌جۆرێك بێ‌و به‌ كه‌ره‌سته‌یه‌ك بێ، كه‌ نه‌بێته‌ مایه‌ى زیانگه‌یاندن به‌ژینگه‌و ته‌ندروستى خه‌ڵكى، ئه‌گه‌رنا با له‌ئه‌سڵیشدا ڕه‌وابێ، به‌هۆى زیانباربوونى خه‌ڵكه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌بێ، وه‌ك چه‌ندان ده‌قى قورئان‌و سوننه‌ت ده‌یگه‌یه‌نن، بۆ وێنه‌: (((ولا تفسدوا في الأرض بعد إصلاحها ذلكم خير لكم ان كنتم مؤمنين) الأعراف -85-، واته‌، وه‌ دواى ئه‌وه‌ى سه‌رزه‌مین باشكراوه‌، خراپه‌ى تێدا مه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ئیمانتان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ باشتره‌ .

هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌رى خوا “صلى الله علیه‌ وسلم” فه‌رموویه‌تى: (لاضرر ولا ضرار) رواه مالك: 1494، وابن ماجه: 2340، والحاكم والبیهقی وصححه الألبانی فی “صحیح الجامع الصحیح وزیادته”:1517، واته‌: له‌سه‌ره‌تاوه‌ زیان به‌خه‌ڵك گه‌یاندن‌و له‌به‌رانانبه‌ر زیاندا، زیان به‌خه‌ڵك گه‌یاندن “وه‌ك تۆڵه‌” ڕه‌وا نیه‌.پێشم وایه‌ هه‌ركه‌س به‌ ئینصافه‌وه‌ ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ بخوێنێته‌وه‌و شتێك له‌باره‌ى (فقه‌) و أصول الفقه‌))ه‌وه‌ بزانێ، بایی قه‌ناعه‌ت پێهێنانى ده‌كات‌و، ئه‌وه‌ى هه‌ر له‌بیانوو گرتنیش بخه‌فتێ‌و حه‌زى له‌شه‌ڕه‌ قسه‌ بێ، ئه‌وه‌ ڕێ له‌بیانوو گرتن ناگیرێ .

هیواداریشم كه‌س وا له‌قسه‌كانم حاڵى نه‌بێ كه‌ ئێمه‌ خه‌ڵك بۆ ئاگركردنه‌وه‌ى نه‌ورۆز هانده‌ده‌ین! به‌ڵكو مه‌به‌ستى سه‌ره‌كییم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌بێ به‌ڵگه‌ى ڕوون‌و بێ چه‌ندو چوونى شه‌رعیی، شتى موباح له‌خه‌ڵك قه‌ده‌غه‌ نه‌كه‌ین، چونكه‌ خوا فه‌رموویه‌تى: (ولا تقولوا لما تصف ألسنتكم الكذب هذا حلال وهذا حرام لتفتروا على الله الكذب، ان الذين يفترون على الله الكذب لايفلحون) النحل -116-، واته‌: وه‌ هه‌روا به‌ وه‌سفكردنى زمانتان به‌درۆ مه‌ڵێن: ئه‌مه‌ حه‌ڵاڵه‌و ئه‌مه‌ حه‌ڕامه‌ وه‌ سه‌ره‌نجام به‌ناوى خواوه‌ درۆ هه‌ڵببه‌ستن، بێگومان ئه‌وانه‌ى درۆ به‌خواوه‌ هه‌ڵده‌به‌ستن سه‌رفراز نابن .

پێغه‌مبه‌رى خواش “صلى الله علیه‌ وسلم” فه‌رموویه‌تى: (ان الله تعالى فرض فرائض فلا تضيعوها، وحدّ حدوداً فلا تعتدوها، وحرم أشياء فلا تنتهكوها، وسكت عن أشياء رحمة لكم غير نسيانٍ فلا تبحثوا عنها)، رواه الدار قطنی والطبرانی فی الكبیر والبیهقی وحسّنه النووی. واته‌: بێگومان خواى به‌رز هه‌ندێك فه‌ڕزى داناون زایه‌یان مه‌كه‌ن، وه‌هه‌ندێك سنوورى دیاریی كردوون مه‌یانبه‌زێنن، وه‌ شتانێكى قه‌ده‌غه‌ كردوه‌ توخنیان مه‌كه‌ون، وه‌ له‌ڕووى به‌زه‌ییه‌وه‌ به‌رانبه‌رتان به‌بێ له‌بیرچوون له‌ هه‌ندێك شت بێده‌نگ بووه‌، لێیان مه‌كۆڵنه‌وه‌.خواش به‌ لوتف‌و كه‌ڕه‌مى بێ سنوورى خۆى شاره‌زایی به‌دین‌و ئاشنایی ژین بۆ هه‌موولایه‌كمان زیاد بكات .

زیاتر