هەر کەسە لە هەنبانەی خۆیدا گوێز دەژمێرێ

عەلی باپیر

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
  30/04/2023  |    1205 جار خوێندراوەتەوە
خەڵك و جەماوەری بەڕێزی کوردستان!

لەوەتەی بڕیارم داوە لە سەنگەر و ڕیزی مەزڵووم و چەوساوان دابم - لەوکاتەوەی فامیشم کردۆتەوە ئەو بڕیارەم داوە –، کەم و زۆر لەلایەن کەسانێکی جۆراوجۆرەوە دژایەتییم کراوەو دەکرێ، وەك چۆن کەسانێکی زۆر زۆریش پشتگیریی و هاوکاریی خۆیانیان بۆ ڕاگەیاندووم.

پێشم وایە هەرکەس بوون و کەسایەتییەکی هەبێ، دۆستانی خەمخۆرو دڵسۆز و، ناحەز و دوژمنانی داخ لەدڵیشی هەردەبن و، پێویستە ئەوە بە شتێکی ئاسایی وەربگیرێ.
بەڵام ئەوەی نائاسایی و شایستەی هەڵوەستەیە، ئەوەیە کە کەسانێك بەناوی نووسینی یادداشت و بیرەوەریی و مێژوو و... هتدەوە، یان هەر بەبێ هیچ بۆنەیەکەوە، دەست بکەن بە هێرش و پەلامارو هەوڵدان بۆ ناشیرینکردنمان و، شێواندنی مێژوو و ڕووداوەکانی، ئەویش بە قسەی زاری ڕووت و ڕەجاڵ و بێ بەڵگە و، بەبێ خستنەڕووی هیچ دیکۆمێنتێکی سەلمێنەرو وەڕاستگێرەری قسەکانیان! 
هەڵبەتە سەرجەم ئەو قسە و تۆمەت و پڕوپاگەندانەی پێشترو ئێستاش، لەدژم کراون و دەکرێن، نرخ و بایەخی ئەوەیان نیە، ئەرکی وەڵامدانەوەو پووچەڵکردنەوەیان بکێشم، چونکە:
١- لە خودی خۆیاندا پووچ و قرپۆکن و شایستەی قسە لەسەرکردن نین.
٢- جیاوازیی نێوان ڕاست و درۆ، بەڵگەیە بۆ یەکەمیان و بێ پشت و پەنایی دووەمیانە، خوای کاربەجێش فەرموویەتی: (قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِين) البقرة -١١١-، واتە: (بڵێ: ئەگەر ڕاستن بەڵگەکەتان بێنن).
کەواتە: قسەی بێ بەڵگە، پووچەڵە وحەوجێی پووچەڵکردنەوە نیە.
٣- لەمێژە گوتوومە: (حەزناکەم وەڵامی قسەی سووکی خەڵکی بچووك بدەمەوە).
٤- فاشیلترین کەسیش بابایەکە جگە لە هەوڵدان بۆ ناشیرینکردنی خەڵك و ڕووخاندنیان، هیچ هونەرێکی دیکەی نیە.
ئەوەی پاڵنەریشم بوو ئەم چەند دێڕە بنووسم، داواکاریی و جەختکردنەوەی ژمارەیەك لە دڵسۆزان بوو گوتیان: کەسانێك کە لە نیزیکەوە ناتناسن، ڕەنگە بکەونە ژێر کاریگەریی ئەو قسەو قاڵ و تۆمەتانەی، لە سەرودڵی نەخۆشی کەسانێکەوە دێن، کە ڕەچاوی چاودێریی خواو فریشتەکانی و لێپرسینەوەی قیامەت ناکەن و، دەربەستیش نین ڕاست دەڵێن، یان درۆ.
بەهیوای ئەوەی ئەو جۆرە کەسانە چاوێك بە خۆیاندا بگێڕنەوەو دڵنیابن، کە بەو ڕەفتارە هەر خۆیان بێزراوو ناشیرین دەکەن و،  جگە لە دڵناڕەحەتکردنی خوشك و برایانێکی دڵسۆزمان، هیچ زیانێکمان لێ نادەن، چونکە ئەوان لەمێژە ئەوە پیشەیانەو هیچیشیان بە هیچ نەکردوەو، بۆ دنیا و دواڕۆژیان وا باشترە دەست لەو پیشەیان هەڵبگرن و، بێگومانیش هەر بەرژەوەندیی و تەماعێك لەو ڕێیەوە دابینی بکەن، حەڕام و پیسەو، بۆ دنیایان مایەی عەیبداریی و، بۆ قیامەتیشیان هۆکاری گوناهباریی و سزابارییە.
سەربارەش ئەوکەسانە بیانەوێ یان نا: ئاو بە ئاشی ستەمکاران و قۆرخکاران و گەندەڵکاراندا دەکەن، با هەر تەماشا بکەن لەگەڵ کێدا بوونە هاوڕاز و هاوئاواز! 
بەڵێ ئێمەومانان باجی دژایەتیی ستەمکاریی و قۆرخکاریی دەدەین و، ئەوانیش نانی هاوڕازیی و هاوئاوازیی ستەمکاران دەخۆن!
کۆتایی ئەم چەند دێڕەش بەم بیرەوەرییە کورتە دێنم:
لە زیندانی کڕۆپەری ئەمریکاییەکاندا، چەند جارێك بە ئەشکەنجەدانەوە داوایان لێکردم، لەسەر پارتی و یەکیەتیی قسەیان بۆ بکەم و زانیارییان پێبدەم! منیش پێمگوتن: خۆتان لێیان بپرسن و، من هیچیان لەبارەوە ناڵێم! گوتیان: ئەدی بۆچی ئەوان لەبارەی تۆوە زۆریان قسەی خراپ بۆ کردووین و، بە قسەی وانیش تۆمان گرتوە؟! پێمگوتن: ئەگەر ئەوان ویستبیان بە درۆ و بوختان من ناشیرین بکەن، من ئیمان و جوامێرییم ڕێم نادات بە قسەی ڕاست و حەقیش کەس  ناشیرین بکەم!
عەلی باپـیر
٣٠/٤/٢٠٢٣ز
١٠ی شەووالی ١٤٤٤ك

زیاتر