چۆن كامێرام بردە ناو زیندانی بەعس

  27/08/2023  |    5515 جار خوێندراوەتەوە

ئەو زیندانەی تایبەت بوو بە خانەوادەی پێشمەرگە  لە  شاری هەولێر
چەند وێنەیەک  لەزیندانی بەعسیەکان

ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی بیست،ئەوان ،خۆیان ڕێکخستنی نهێنی  وکەس وکاری پێشمەرگە بوون،بەڵام زیندانی کردنیان لەسەرخۆیان نەبوو،بەڵکوو لەسەر برا  پێشمەرگەکانیان بوو،فوادی هاوڕێم خۆی ڕێکخستنی کۆمەڵە و براکەی کادیری حزبی شوعی بوو،( د.دانا و کوردۆ)کوڕی مام سەعید سۆفی ، خاوەن چواربرای پێشمەرگە بوون(نەهرۆ،بڕهان،سەردار،سەرتیپ) وەک ئەرکێکی هاوڕێیەتیم بۆ "فواد" و "سەردار" و"سەرتیپ" ئەوکاتەسەردار شەهید نەببوو،ئەوەندەی بۆم دەگونجا لە ڕۆژانی سەردان،سەردانم دەکردن وئەوان هەواڵی زیندان ومنیش هەواڵی شار وشاخم پێ ڕادەگەیاندن،
هەر لەڕێی ئەوانەوە لیستی ناوی سەرجەم زیندانیەکانم دا بە "مەلا خدر" لێپرسراوی ڕێکخستنی کۆمەڵە لە دەشتی هەولێر،کە هەموویان کەس وکاری پێشمەرگەی زۆربەی حزبەکان بوون.
بەڵام بەشی زۆریان یەکیەتی بوون،لەو ماوەیەی زیندانی ئەوان لە بینایەی(بەیتەریەی کۆن)
ڕادیۆیەکی بچوک و کامیراکەی خۆم بۆ بردنە ناوزیندان،هەردوو پێکەوە نا،هەریەکەیان لە سەردانێک، کامیراکەم لە ناو خواردن حەشاردا و گەیاندمە دەستی هاوڕێکانم لەناو زیندان، بەوکامیرەیە فلیمێکی ۳٦یان پێ گرت ودوای پازدە ڕۆژ لە سەردانێکی تر کامیراکەم  لێ وەرگرتنەوە  و دواتر فلیمەکەم  چاپ کرد،وێنەکانم دابەخانەوادەی  کاک فواد،تەنیا فلیمەکە لای خۆم ما،بەڵام بەهۆی ڕوداوەکانی دواتر لێم وون بوو،ئەو وێنانەی لێرە دەیبینن،چەند وێنەیەکە کە کاک فواد پاراستویەتی،لەسەر داوای من لەم ماوەیە بۆی ناردم،ئامانجم لە خستنە ڕووی ئەم  وێنانە وئەو چەند وشەیه، 
نیشاندانی بەشێکی بچووکی ژیانی کولەمەرگی کەس و کاری پێشمەرگەیە لە زیندانەکان،گەرچی بردنی کامیرا و ڕادیۆ بۆ ناو زیندان،مەرگ و سێدارەی بەدواوە بوو، گەر پێیان بزانیبا،بەڵام  ئێستاش لێی پەشیمان نیم ومایەی سەربەرزیمە .هاوڕێکانیشم جێی شانازین .

زیاتر