بە پارتی بڵێن ئەو یارییە كۆنە
28/08/2023
|
9342 جار خوێندراوەتەوە
بەو یارییە هەرسێ لایەنی (پارتی، راكان جبوری و بەرەی توركمانی) سودمەند دەبن.
- ئەوان دژی یەكن یان هاوپەیمان؟
وەك هەمیشە دەنگۆی رادەستكردنەوەی بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركوك لەلایەن فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوكەوە بۆتە باسی گەرم.
ئەمە چ یارییەكە پارتی دەیكات؟
لە دوێنێ شەوەوە كۆمەڵێك خەڵك گوایە خۆیان بە دژە پارتی ناساندووە لە عەرەب و توركمان لە بەردەم ژووری ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك (ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی) گردبوونەتەوە و گوایە رێگری دەكەن لەوەی پارتی ئەو بارەگایەی وەربگرێتەوە.
راستیی بابەتەكە بەو شێوەیە:
بەشێك لەوانەی قسەیان بۆ راگەیاندنەكان دەكرد كە گوایە دژی رادەستكردنەوەی ئەو بارەگایەن بە پارتی، ئەندامی پارتین، واتا ناسراون لای ئێمە، بەشێكی تریان رێككەوتنێكی نهێنی نێوان پارتی، راكان جبوری و بەرەی توركمانی-یە، چونكە بەو یارییە هەرسێ لایەنی (پارتی، راكان جبوری و بەرەی توركمانی) سوودمەند دەبن.
پارتی دەیەوێت وا لە خەڵكی كەركوك بگەیەنێت كە تاكە هێزە راكان و بەرەی توركمانی دژایەتی دەكەن، بەو پێیەش دەیەوێت سۆزی خەڵك بۆ لای خۆی رابكێشێت، بە تایبەتی ئێستا هەڵمەتی هەڵبژاردن لە كەركوك زۆر گەرمە، بەڵام راستی ئەو سێ هێزە خۆیان هاوپەیمانن.
راكان جبوری ئەویش دەیەوێت وەبەرهێنانێك لەو بابەتەدا بكات و بە شەقامی عەرەبی بڵێت كە دژی هێزێكی كوردییە و بە عەقلیەتی عروبیەت كاردەكات.
هەرچی بەرەی توركمانییە كە لە ئێستادا لە كێشەی ناوخۆیی گەورەدان، پەرتبوونی زۆر لە شەقامی توركمانی هەیە، بە تایبەتی لە رووی مەزهەبیەوە، هێزە شیعەكان تێكڕا هاوپەیمانەتیەكیان پێكهێناوە كە گورزی گەورە بەر دەنگەكانی بەرەی توركمانی دەكەوێت، ئەوانیش دەیانەوێت بە رێگریكردن، هەندێك سۆزی خەڵكەكەی خۆیان رابكێشن.
بۆیە ئەو یارییەی پارتی دەستی بۆ بردووە زۆر كۆنە، دەكرا بیر لە سیناریۆ و شتی تازە بكەنەوە، بەڵام پێدەچێت بە هەمان عەقڵیەتە كۆنەكەی خۆیانەوە سیناریۆ كۆنەكان دووبارە بكەنەوە.
بیرمان نەچێت تەواوی ئەو خەڵكانەی لەناو خێمەكەدان لە بەردەم ژووری ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك، پارەی رۆژانەیان بۆ حساب دەكرێت و پارتی و بەرەی توركمانی و راكان هەموو خەرجیەكانیان لەئەستۆگرتووە.
|