ئێران باوەڕی بە بەرژەوەندیی هاوبەش نییە، بەڵام!

  19/01/2024  |    789 جار خوێندراوەتەوە

سۆڤیەتی هەڵوەشاوە ،بەعسی جاران ، عەرەبستانی  سعودیی سەردەمەکانی  پێش ئێستا ، تورکیای ئێستای ئەردۆگان ،کۆماری ئیسلامیی و حزبەدینییەکانی ئێستای عێراق  و کوردستان نمونەیەکی زیندون .

راستە کۆماری ئیسلامیی ئێران  چاکەی زۆری بەسەر خەڵکی عێراق بە گشتیی و گەلی کوردستانی عێراق بە تایبەتیی  یەوە هەیە لە  سەردەم و وێستگە جیاجیاکاندا، هەر لە سالی ١٩٧٩ ەوە تا کاتی ریفراندۆم ، بە تایبەتیی لە جەنگی دژ بە داعشدا.

ئەمە ناکاتە ئەوەی کە ئیتر  عێراق  بە هەرێمی کوردستانیشەوە  ئیتر کلکی لە بن دەستی کۆماری ئیسلامییدا بێت و هەمو شتێک دەبێت بە دڵی ئەو و فەرمانی ئەو بێت .

 دەست وەردانە ئاشکرا و دیارەکانی لە عێراق ،  ئاماژە یەکن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران گەرەکێتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێک بن لە ولایەتی فیقهە ، گەرەکێتی گەلی عێراق وەک گەلانی ئێران  بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە و مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت بەسەریاندا .

لاوازیی  زۆربەی کارەکتەرەسیاسییەکان گەندەڵیی  سیاسیی و ئیداریی ، دەمارگیریی ئاینیی و مەزهەبیی  سەرانی حزبەکان و خەفە بونی دەنگ ورەنگی مەدەنیی و دیموکراسیی ، فاکتەر ێکی ئەو دەستوەردانە زەقەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە عێراقدا کە لە سەردەمەکانی  رابردوی دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق هەرگیز وەک  ئەم  شەش حەوت ساڵە نەبوە .ئەگەر جاران لێدوانی  هەندێک لە گەورە لێپرسراوانی ئەمریکایی  راست نەبوبێت کە دەیان وت "حکومەت و پەرلەمانی عێراق هەژمونی ئێرانیان لەسەرە ئەجیندای تاران جێبەجێ دەکەن ،ئەوا ئێستا تا رادەیەکی زۆر ئەو قسەیە راستە .

بەڵێ ئێرانی ئیسلامیی هێزێکە لە ناوچەکەدا   ئامانج و ئەجیندای میللی و مەزهەبیی خۆی هەیە ،بە هەر شێوەیەک بێت ئەگەر گەلانی ئێرانیشی روت و رەجاڵ و ریسوا کردبێت، توانیویەتی پێگەیەک بۆ خۆی دروست بکات و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە مانەوەدا بپارێزێت و تەنیا و تەنیا باوەڕی بە بەرژەوەندیی خۆی هەبێت لە پەیوەندییەکاندا نەک بەرژەوەندیی هاوبەش ،کەواتە نادیدە گرتنی ئەم  دەوڵەتە  لاسار و خۆسەپێنە ،گەمژەیی سیاسییە .

هێرشە موشەکییەکەی شەوی دوشەممە لەسەر سێ شەممەی رابردوی سپای پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر ،کە ئیدانەکردن و ناڕەزایی میللی ،حکومیی ،حزبیی کوردستانیی  و عێراقیی  و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە لەگەڵ هێرشەکانی رابردو بۆ سەر سلێمانی و   کۆیە لەلایەن هەمان هێزەوە  ،پێمان دەڵێن  کە کۆماری ئیسلامیی چی گەرەکە .مەسەلەکە  هیچ پەیوەندیی نییە بە بارەگای موسادەوە ،چونکە ئێران خۆی باش دەزانێت ئێستا سیخوڕیی و  دزینی زانیاریی و نهێنییەکان  وەک شێوازە کۆنەکان نییە ،سەرانی ئێران دەزانن ،موساد ئیشی بە کوردستان و عێراق نییە بۆ چاودێریکردنی ئێران ،بەڵکو لە ناو ئێران خۆیدایە وەها لێوەیان نزیکە وەک دەماری رەگی ملیان . سەرانی ئێران گەرەکیانە  لەرێی موشەک هاویشتنەکانیانەوە چەندین پەیام بگەیەنن  بە ئەمریکا و خۆراوا ،هاوکات وریا کردنەوەی   گەورە لێپرسراوانی عێراق و کوردستان کە ئەمڕۆ هاوپەیمانی ئەمریکان تا دوێنێش هەر دۆستی خۆیان بون  .ئەمریکییەکان و خۆراوا لە پەیامەکان دەگەن و خۆیان مامەڵەی لە تەکدا دەکەن .

لێرەدا جێی ئەوە نابێتەوە کە بچمە نێو وردەکارییەکانی پەیوەست بەو قازانجە زۆر و زەوەندەیەی کە  ئێران  لە سایەی ئیسرایلدا دەستی دەکەوێت لەروی ئابوریی و بازرگانیی و ئاینیی و مەزهەبییەوە . دەی کەواتە مەسەلەکە جییە؟!.   مەسەلەکە تەنیا  مانەوەی هەژمونی خۆیەتی لە نێو هەرێمی کوردستانیشدا وەک ئەوەی ئێستا لە عێراقدا بۆی چۆتە سەر . دەیهەوێت ئەویش وەک تورکیا لە عێراق و کوردستانیشدا جێ پێیەکی هەبێت و بەرژەوەندییەکانی خۆی زاڵ بکات .بۆیە دەبێت لێپرسراوانی باڵای هەرێمی کوردستان  بتوانن  ئەو زمانە بەکار بهێنن کە سەرانی کۆماری ئیسلامیی  لێی تێدەگەن ،نەک زمانی موزایەدە و بریقەداری بەسەرچو کە لەم سەردەمەدا لە هەرزەی سیاسیی زیاتر هیچ مانایەکی  تری نییە !.

پەیامی ئیدانە و سەرکۆنەی هێرشەکەی شەوی دوشەممەی رابردو لە لایەن  بەڕێزسەرۆک بافڵ  مامجەلال تاڵەبانی ،قوباد تاڵەبانی ، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان  ، بەیاننامەی حزبی شیوعیی کوردستان و ئەوانیتریش هەڵوێستی سیاسیی و واقیعی بون ، گوزارشت بون لە دیوە سیاسیی و دیپلۆماتییەکەی ناڕەزایی بون ،کە لە پرۆتۆکۆلە جیهانیی و نێو دەوڵەتییەکاندا پەیڕەو دەکرێت .

هەولێر تا رادەیەک لە زمان و داخوازییەکانی ئانکەرە تێگەیشتوە بەڵام لەوە ناچێت لە تاران تێگەیشتبێت.

 هەر لەو روانگەیەوە ئەو راستییە زیاتر بەرجەستە دەبێت کە  تاران لەسەر بنەمای هاوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش پەیوەندییەکانی داناڕێژێت لەگەڵ  بەغدای ئێستا و هەولێر و بڕواشی پێ نییە ، بەڵام هیچ کام لەم دو پایتەختە، نابێت بە لۆجیکی دروشمە سواوەکان هەڵسو کەوت بکەن ،چونکە تاران هیچ باکی نییە هەولێر و بەغدا وێران و کاول بن  ، دەزانێت هەولێر و بە غدادێکی مەدەنی و دیموکراسیی  دژی بەرژەوەندییەکانێتی ، بۆیە چڕوچاوە دزێوەکانی وەک خەزعەلیی  و  کەتایبی سید الشهدا‌و و دەیانی تری وەک مقتدی سەدریشی لە پاکەتدا ئامادە کردوە ، دور نییە لە ھەولێر و سلێمانی و  هەڵەبجە و دهۆکیشی تێک نەدات ،ئەگەر بارەکەی نەدۆزرێتەوە بۆ تێگەیاندنی .

زیاتر