پۆستی پارێزگەر بۆ کوردی کەرکووک بەنرخە

کاوێز مەلا پەروێز

رۆژنــامەنووس
  16/08/2024  |    1116 جار خوێندراوەتەوە
کورد دوای ململانێیەکی حەوت ساڵە پۆستی پارێزگەری کەرکووکی بەدەست هێناوەتە، کە وڵاتە گەورەکانی ناوچەکە بەردەوام هەوڵی بێبەشکردنی کوردیان لە وەرگرتنەوەی ئیدارەی شارەکە دەدا. کەچی بە مەبەست و بە بیانووی جیاواز هەندێک دەیانەوێ پۆستی پارێزگەری کەرکووک بێ بەها بکەن، کە نە ئاگایان لە مێژووی خوێناویی ئەم شارە هەیە و نە ئاگاشیان لە مێژووی شارەکانی خۆیان هەیە.
بە درێژاییی حوکمی بەعس و سەردەمی کۆماریی ئێراق دەرفەت نەدراوە کورد لە کەرکووک پارێزگەر بێت، تەنانەت ڕێیان نەداوە لە دیوانی پارێزگەکەیش فەڕاش بێت. ئەمە بۆ شارەکانی تری کوردستان وا نەبووە، هەمیشە کورد پارێزگەر و زۆر جاریش بەڕێوەبەری ئەمن بووە.
لە مێژووی ئەو ساڵانە و بیست ساڵی ڕابردووی کەرکووک ئەمە سێیەم جارە کورد لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پارێزگەر بۆ شارەکەی دیاری ئەکات، کە ئەبێ وەک دەسکەوتی دیموکراسییانە چاوی لێ بکرێ، نەک ڕق بەری دڵمان بگرێت.
بەدەستهێنانی ئەو پۆستە بۆ ئێمەی کەرکووکی بەنرخە، لە کۆنەستی هەولێرییەک یان سلێمانییەک وەک ئێمەی کەرکووکی ئەوە نەچەسپیوە. لە هەولێر و سلێمانی هەر کەسێ لە ئێراق حوکمی کردبێ کوردێکی کردووە بە پارێزگەر، جا کوردەکە بەعسیش بووبێت. بەڵام لەم کەرکووکە حەیاتە هەشت نەوە بوو کورد خەونی بەوەوە ئەبینی ببێ بە سەرداری شارەکەی و مافی خۆی پێ بدرێ تا بتوانێ خزمەت بکات. نەک ئەو مافە بە کوردە پاکەکان نەئەدرا، بە بەعسییە پلە یەکەکانی کوردی شارەکەشیان ڕەوا نەدەبینی. خۆ ئەگەر بەعسییەکی نایابیش بوویتایە، لە باشترین دۆخدا دەیانناردیت بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان، وەک چۆن شێخ جەعفەری کەرکووکییان بۆ سلێمانی نارد و محەممەد پیرۆزی کەرکووکییان بۆ دهۆک نارد، کە ئەو دووە هێندەی سەددام دڵسۆزی بەعس و ئەجنداکەی بوون، بەڵام چونکە کورد بوون بە پارێزگەری کەرکووک نەدەکران.
خوا و وێژدانتان هەبێ ئەم خۆشیە لە کەرکووکییەکان تاڵ مەکەن لێیان گەرێن شاد بن.
زیاتر