ڕاستی ئەگەر درەنگیش بێت هەر دەرەکەوێت!

رێواز فایەق

سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
  25/08/2024  |    906 جار خوێندراوەتەوە
پیرۆزبایی دامەزراندن لە هەموو مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان ئەکەم، پیرۆزبایی سەرکەوتنی خەباتی مەدەنی چەند ساڵەیان لێئەکەم..
ئێستا، هیوادارم ئەو ڕاستیە ڕوونبووبێتەوە کە مامۆستایانی وانەبێژ بۆ دامەزراندیان تەنها پێویستیان بە واژۆیەکی سەرۆکی حکومەت هەبوو کە لە پێنج ساڵی ڕابردوو ئامادە نەبوو بیکات - ئێستاش ئەگەرچی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنیش بێت- گرنگ ئەوەیە کە کراوە و مامۆستایان لە دڵەڕاوکێ و نادیاری چارەنووسیان ڕزگاریان دەبێت..
ئەوکات؛ کە بۆ بەلاڕێدابردنی دۆسیەکەیان و پاراستنی حکومەت و چەواشەکردنی نوێنەرانی مامۆستایان و ڕای گشتی، بەرەو پەرلەمان ئاراستە ئەکران، ئێمە لە دانیشتنی فەرمی پەرلەمان ڕامانگەیاند:- ( دامەزراندن لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکومەتە و دەبێت ئەوان بڕیاری لەبارەوە بدەن و لەبەرئەوەی یاسای بودجەی گشتی نەهاتووەتە پەرلەمان ئەگەر هەر ١١١ پەرلەمانتارەکەش دەنگ بدات بە دامەزراندنیان تەنانەت یەک کەسیش دانامەزرێت).. 
   ئەوە ڕاستیەکە بوو، ڕاستە زۆر تاڵ بوو بۆ ئەوکات بەڵام لە درۆیەکی کاتی چێژبەخش زۆر باشتر بوو، ئەوە ڕێگە دروستەکە بوو، بەڵام هەزاران هەزار جنێۆ و قسەی ناشیرینمان لەسەر ئەو ڕاستی ووتنە پێوترا، چەندین ووتار و هەواڵ لەسەر ئەو ڕاستگۆییەمان ئامادەکرا، پەشیمان نەبووم ، تەنانەت ئەوکاتیش بە نزیکەکانمم ووت:-( خوایەک هەیە، لەهەمووان گەورەتر و بەدەسەڵاتتر و باڵاترە، ئەو دەبینێت کە بەندە تەنها ڕاستیەکەم ووتوە، بۆیە یەک ڕوونکردنەوە نادەم، سەبر ئەگرم و چاوەڕێ ئەکەم خوای گەورە کە ئاگای لە هەموو شتە،  ڕۆژێک ئەم ڕاستیە ئاشکرا بکات ،حسبي الله و نعم الوكيل)..
  هاوکات لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایان، کە زیاتر لە سێ جار لەگەڵیان کۆبووینەوە، پێمان ووتن:-( تکایە ئاراستەی فشارەکانتان بگۆڕن بۆسەر حکومەت، نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران تەنها چەند مەترێکە، گردبوونەوەکانتان ببەنە ئەوێ و دەرفەت مەدەن موزایەدەچییەکان داوا ڕەواکانتان بەلاڕێدا ببەن، دۆسیەی ئێوە واژۆیەکی سەرۆکی حکومەتی ئەوێت و  بڕۆن لەوێ فشار بکەن، هاندانتان و هاتنتان بۆ پەرلەمان بۆ کەمکردنەوەی فشارە لەسەر حکومەت و ئاراستەکردنی هەڵمەتی میدیاییە بەرەو پەرلەمان کە شوێنە ڕاستەکەی چارەسەرکردنی دۆسیەکەتان نیە)..
   سوپاس بۆ خوا دەرکەوت ئێمە لەگەڵ خەڵکی خۆمان ڕاستگۆ بووین، کات کەفیلە و خوای گەورە زۆر ڕاستی دیکەش لە زۆر دۆسیەی دیکە دەرەخات، و دڵنیاشم  یەک یەک بتەکان ،پۆپۆلیستەکان، نوسەرەکانی دەربار، بەناو ڕۆژنامەوانە ئاراستەکراوەکان و ئەوانەشی پارەداریان دەکەن، دەکەون..
سەرکەوتوو بێت ئیرادەی هەموو ئەو چین و توێژانەی کە لێبڕاوانە خەباتی مەدەنی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ئەکەن… شەرمەزاریی بۆ ئەوانەی ئاراستەی ڕاستەقینەی داخوازیەکان بەلاڕێدا ئەبەن و چەواشەکاریان کردوەتە کەرەستەی شەرمهێنەری کارکردن..
زیاتر