خۆزگەخواستن بە داگیرکەران: لە چاوەڕوانیی بەربەرییەکاندا

مەریوان وریا قانع

مامۆستای زانکۆ
  07/08/2020  |    1670 جار خوێندراوەتەوە

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاد لە ٤٤ ھەزار لوبنانی کەمپینێکی ئۆن لاینیان لە سۆشیال میدیادا ئیمزاکردوە و تیایدا داوای ئەوە دەکەن فەرەنسا بگەڕێتەوە و وڵاتەکەیان سەرلەنوێ داگیربکاتەوە. کەمپینەکە ئەم ناونیشانەی ھەیە: ”لوبنان بۆ ماوەی دە ساڵ بخرێتە ژێر ئینتیدابی فەرەنساوە“.

ئەم کەمپینە دوای سەردانەکەی دوێنێی ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ لوبنان بڵاوبوتەوە. ئەوانەی لە پشتی کەمپینەکەوەن باس لەوە دەکەن کە لوبنانیەکان ڕێگاچارەی ریفۆرم و دەسکاریکردنی سیستمە سیاسیی و ئابوورییە حوکمڕانییەکەیان لەبەردەمدا نەماوە و ئەوان دەرەقەتی ھێزە بنەماڵە حوکمڕانەکان و میلیشیاکانیان و دەوڵەتە ئیقلیمییەکانی پشتی ئەو بنەماڵە و میلیشیایانە نایەن. 

ڕادەی نائومێدبوون لە دەسکاریکردن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دۆخەکە وایکردوە ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک پەنا بۆ سەرۆکی فەرەنسا ببەن و داوای لێبکەن فەرەناس بگەڕێتەوە و وڵاتەکەیان داگیربکاتەوە. ئەو سیستمە حوکمڕانییەی لە لوبناندا دوروستکراوە سیستمێکی تائیفیی میلیشیایی داخراوە کە سەرجەمی دەسەڵاتەکانی ئەو وڵاتەی لە دەستی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی سیاسیی و دینیدا کۆکردۆتەوە و شتێک لەو وڵاتەدا نەماوە لۆژیکی تائیفیەت بەشینەکردبێت. 

گەندەڵیی و دزیی و جەردەییەکی سیستماتیک، باڵاەستیی ڕەھای مەحسوبیەت و دابەشکردنی پۆست و پلە سیاسیی و ئابوریی و بیرۆکراسییەکانی وڵاتەکە لە ڕێگای مەحسوبیەتەوە، بەربڵاوی دیاردەی میلیشیا و بوونی چەکدار و سوپای خێزانیی و تائیفیی تایبەت، ئامادەگی خەستی ھێزە ئیقلیمییەکان لەو وڵاتەدا و لە دەستدانی تەواوەتی سەروەری وەک دەرەنجامی تەڕاتێنکردنی ھێزە ئیقلیمیەکان لەناویدا، بەرفروانی دیاردەی بێئیشیی و نەبوونی خزمەرگوزارییە سەرەتاییەکان، بڵاوبوونەوەی ھەژارییەکی گەورە و بەناو بەشێکی گەورەی دانیشتواندا، ئاکارەکانی ئەو سیستمەیە کە دروستکراوە. 

لە ھەموو ئەمانەش ترسناکتر بێئەنجامیی و بێکاریگەربوونی سەرجەمی ئەو ناڕەزاییدەربڕین و خۆپیشاندانانەیە کە لوبنانییەکان بە درێژایی ئەم چەند ساڵەی دوایی پەنایان بۆبردوە بۆ گۆڕین و دەسکاریکردنی ئەو دۆخە. ئەوانەی کەمپینەکەیان ئیمزاکردوە بە ھەمووان پێیانوایە دەسەڵاتدارانی لوبنان بەھەموو جیھانیانا نیشانداوە کە ناتوانن وڵاتەکە بەڕێوەببەن و لوبنانیان لە لێواری مردن و وێرانبوونی تەواوەتی نزیککردۆتەوە.

پەنابردن بۆ فەرەنسا، بۆ ھێزێک کە بەرپرسی ژمارە یەکە لە دروستبوونی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە بەگشتیی و چۆنیەتی دروستکردنی لوبنان وەک وڵاتێک لەسەر بنەمای تائیفیەت، بەتایبەتیی، ھێما بۆ ئەو دۆخی نائومێدبوونە سەرتاسەرییە دەکات کە ئیمزاکەرانی ئەو کەمپینە تێیکەوتون. دۆخی ئەم چالاکەوانانە لە دخۆی ئەو کەسانە دەچێت کە خەریکە لە دەریادا نووقمدەبن و پەنا بۆ پوشێک دەبەن خۆیانی پێبگرنەوە. خۆزگەخواستن بە داگیرکەران بۆ ڕزگاربوون ھێمایەکی گەورەیە بۆ تاریکیی دۆخی ئێستا و داخرانی ئەگەرەکانی گۆڕانی ئەو ئێستایە. حوکمڕانانی ئەم ناوچەیە بە ڕادەیەک نابەرپرسیار و تاوانبار و موجریمن، خەڵکی ناوچەکە ھەمووشتێکی لەوان پێ باشتربێت.

دۆخی عێراق بە گشتیی و دۆخی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە دۆخی لوبنان باشتر نییە. دەسەڵاتدارانی عێراق و دەسەڵاتدارانی کوردستان لە ھەمان مەعدەنی بۆگەنی ئەوانەی لوبنان دروستکراون و سیستمی حوکمڕانییەکەشیان لەھەمان قوڕ و لیتە و پۆخڵەوات دروستکراوە. ئەوەی لەمڕۆدا جارنەجار ھەم لە ھەرێم و ھەم لە عێراقدا گوێمان لێدەبێت کە خەڵک تەمەنای گەڕاندنەوەی سەدام حوسەین دەکەن، ھەمان لۆژیکی نائومێدبوون و وەڕسبوونی لەم دەسەڵاتدارانەی لەپشتەوەیە. ھەمان ڕەشبینیی بەرامبەر بە چاکسازییکردن و دەسکاریکردنی سیستمە حوکمڕانییە خێڵەکیی و بنەماڵەیەی و خێزانی و تائیفیی و سوڵتانییەکە، خواستەکانی خەڵک دادەڕێژێت. ئەگەر لوبنانییەکان ماکرۆنیان ھەبێت پەنای بۆببەن، ئەوا عێراقییەکان، بە کوردیشەوە، تەنھا وێنەکانی سەدام حوسەینیان ھەیە تەماناکانی خۆیانی پیاھەڵواسن.

ئەو دۆخەی ئەمڕۆکە لە ناوچەکەدا باڵادەستە لەو دۆخە دەچێت کە شاعیری یۆنانی بەناوبانگ کۆستەنتین کاڤافی لە شیعری ”لە چاوەڕوانی بەربەریەکاندا“ باسیدەکات. لەو شیعرەدا کاڤافی باس لە شارێک دەکات کە لە ناوەوەی خۆیدا تەواو بۆگەن و بێمانا و بێھیوا و بێئومێد بووە، دانیشتوانەکەی بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە تەمەنا و چاوەڕێی ھاتنی بەربەرییەکان دەکەن. ئەوان ھاتنی بەربەرییەکان وەک ھاتنی ڕزگارکەرێک دەبینن و مامەڵەدەکەن. پێدەچێت میلەت و کۆمەڵگا جیاوازەکانی ئەم ناوچەیە، ھەریەکە و بەجۆرێک چاوەڕوانی بەربەرییە ڕزگارکەرەکانی خۆیان بکەن.

زیاتر