هەرێم وبەغداد، رێکەوتن یا تەسلیمبوون؟..

چۆمان محەمەد

رێكخەری ژووری یاسایی گۆڕان
  19/07/2025  |    454 جار خوێندراوەتەوە

نزیک دەبینەوە لە دواکەوتنی موچە بۆ ۸٠ رۆژ، دواجار ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد راگەیەندرا، هاتنی موچە و دابەشکردنی لە هەموو شت گرنگترو پێویستترە،بەڵام چەند  قسەیەکی حسابی هەیە دەبێ بوترێت لەسەر ئەم رێکەوتنە:

۱_حکومەتی هەرێم هەر لەسەرەتای ڕاگرتنی موچەوە، زۆر باش دەیزانی بەبێ جێبەجێکردنی رادەستکردنی نەوت وداهاتی ناوخۆ موچە لەلایەن بەغدادەوە نایەت،حیکمەتی ئەم عینادیە لەچیدا بوو؟ بۆ هێشتان ئەم ماوە زۆرە فەرمانبەران لەم دۆخە خراپەدابن،چی وایکرد مەرج و ئیلتیزاماتەکان جێەجێبکەن کە لەسەرەتادا نەتان دەکرد؟ بۆیە کە لەئێستادا رازیبوون، تکایە قەناعەتتان پێی هەبێت و جێبەجێی بکەن تاوەکو سەری ساڵ بێ گرفت موچە بنێرێت..

۲_گەر لەم هەفتەیەدا موچە بگات، نوسراوەکەی تەیف سامی گوایە هەرێم رەسێیدی نەماوە بەهای نامینێت، ئەوە دەسەلمێنرێت بنەمای نوسراوەکەی تەیف سیاسی بووە بۆ برسیکردنی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، چونکە گەر هەرێم رەسێیدی نەماوە لەناو یاسایی بودجەدا، خێرە ئێستا ئامادەی ناردنی موچەن؟

۳_حکومەتی هەرێم رازیبووە بۆ دوو مانگ بڕی۲٤٠ ملیار بداتە بەغداد وەک داهاتی ناوخۆ، دەزانین ئەم ژمارەیە کاتیە بۆ تەنها مانگی پێنج وشەشە، بەڵام دەرخەری ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە داهاتی ناوخۆی هەرێم نەئەو ژمارە جیاوازانەیە ڕادەستی بەغداد کراوە، نەو ژمارانەشە خۆتان دەیڵێن و بڵاوی دەکەنەوە، هەر ئەمەشە وایکردوە خەڵک متمانەی بەهیچ ژمارەیەکی حکومەت نەبێت، دەنا لوجیک نیە ٤ مانگی سەرەتای ئەمساڵ حکومەتی هەرێم بری ٥٠ ملیار مانگانەی لەداهاتی ناوخۆ داوە بە بەغداد، لە کاتێکدا بۆمانگی پێنج وشەش کردویەتیە ۱۲٠ ملیار، ئەوەی پێشبینی کراوە لەسەر ئەم پرسە لە داهاتویەکی نزیکدا کێشەی گەورە دروست دەبێتەوە و بەغدادیش سازش ناکات..

٤_ سەرجەم خاڵی رێکەوتنەکە لە چوارچێوەی ئەو ئەرکانەدایە کە لەئەستۆی حکومەتی هەرێمە بەپێی یاسای بودجە وبڕیاری دادگای فیدراڵی، بەم رێکەوتنەش شتێکیان جێگیرکردووە تا ئەرکەکان جێبەجێ نەبێت لەلایەن هەرێمەوە موچە نایەت، کە دەبوو حکومەتی هەرێم پرسی موچە بخاتە دەرەوەی ململانێی سیاسیەکان و ئەو ئەرکانەی لە ئەستۆیدایە، بۆیە ئەم رێکەوتنە سروشتەکەی هەم کاتیە تا کۆتایی ئەمساڵ، لەهەر بارێکدا ئەرک جێبەجێ نەکرا موچە ناردن دەوەستێت، چونکە ناردنی موچەی مانگی پێنجیان پەیوەستکردووە، بە رەزامەندی و وەرگرتنی نەوت لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق..

٥_گەر بە ڕۆحیەتی دروشم و قسەکانی رابردووی هەندێک لایەنی سیاسی بڕوانین ئەم رێکەوتنە تەسلیمبوون و خۆچەماندنە، کە لەکاتێکدا ئەم دروشم و قسانە بنەماو بەهای نیە وهیچ راستی تێدانیە ،چونکە هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەست نەبوە جگە لە ڕێکەوتن لەگەڵ بغداد..

زیاتر