هەرێم وبەغداد، رێكەوتن یا تەسلیمبوون؟..

چۆمان محەمەد

رێكخەری ژووری یاسایی گۆڕان
  25/07/2025  |    386 جار خوێندراوەتەوە
نزیك دەبینەوە لە دواكەوتنی موچە بۆ ۸٠ رۆژ، دواجار ڕێكەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد راگەیەندرا، هاتنی موچە و دابەشكردنی لە هەموو شت گرنگترو پێویستترە،بەڵام چەند  قسەیەكی حسابی هەیە دەبێ بوترێت لەسەر ئەم رێكەوتنە:
۱_حكومەتی هەرێم هەر لەسەرەتای ڕاگرتنی موچەوە، زۆر باش دەیزانی بەبێ جێبەجێكردنی رادەستكردنی نەوت وداهاتی ناوخۆ موچە لەلایەن بەغدادەوە نایەت،حیكمەتی ئەم عینادیە لەچیدا بوو؟ بۆ هێشتان ئەم ماوە زۆرە فەرمانبەران لەم دۆخە خراپەدابن،چی وایكرد مەرج و ئیلتیزاماتەكان جێەجێبكەن کە لەسەرەتادا نەتان دەكرد؟ بۆیە کە لەئێستادا رازیبوون، تكایە قەناعەتتان پێی هەبێت و جێبەجێی بكەن تاوەكو سەری ساڵ بێ گرفت موچە بنێرێت..
۲_گەر لەم هەفتەیەدا موچە بگات، نوسراوەكەی تەیف سامی گوایە هەرێم رەصیدی نەماوە بەهای نامینێت، ئەوە دەسەلمێنرێت بنەمای نوسراوەكەی تەیف سیاسی بووە بۆ برسیكردنی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چونكە گەر هەرێم رەصیدی نەماوە لەناو یاسایی بودجەدا، خێرە ئێستا ئامادەی ناردنی موچەن؟
۳_حكومەتی هەرێم رازیبووە بۆ دوو مانگ بڕی۲٤٠ ملیار بداتە بەغداد وەك داهاتی ناوخۆ، دەزانین ئەم ژمارەیە كاتیە بۆ تەنها مانگی پێنج وشەشە، بەڵام دەرخەری ڕاستیەكی حاشاهەڵنەگرە كە داهاتی ناوخۆی هەرێم نەئەو ژمارە جیاوازانەیە ڕادەستی بەغداد كراوە، نەو ژمارانەشە خۆتان دەیڵێن و بڵاوی دەكەنەوە، هەر ئەمەشە وایكردوە خەڵك متمانەی بەهیچ ژمارەیەكی حكومەت نەبێت، دەنا لوجیک نیە ٤ مانگی سەرەتای ئەمساڵ حكومەتی هەرێم بری ٥٠ ملیار مانگانەی لەداهاتی ناوخۆ داوە بە بەغداد، لە کاتێكدا بۆمانگی پێنج وشەش كردویەتیە ۱۲٠ ملیار، ئەوەی پێشبینی کراوە لەسەر ئەم پرسە لە داهاتویەكی نزیكدا كێشەی گەورە دروست دەبێتەوە و بەغدادیش سازش ناكات..
٤_ سەرجەم خاڵی رێكەوتنەكە لە چوارچێوەی ئەو ئەركانەدایە كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمە بەپێی یاسای بودجە وبڕیاری دادگای فیدراڵی، بەم رێكەوتنەش شتێكیان جێگیركردووە تا ئەركەكان جێبەجێ نەبێت لەلایەن هەرێمەوە موچە نایەت، كە دەبوو حكومەتی هەرێم پرسی موچە بخاتە دەرەوەی ململانێی سیاسیەكان و ئەو ئەركانەی لە ئەستۆیدایە، بۆیە ئەم رێكەوتنە سروشتەكەی هەم كاتیە تا كۆتایی ئەمساڵ، لەهەر بارێكدا ئەرك جێبەجێ نەكرا موچە ناردن دەوەستێت، چونكە ناردنی موچەی مانگی پێنجیان پەیوەستكردووە، بە رەزامەندی و وەرگرتنی نەوت لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق..
٥_گەر بە ڕۆحیەتی دروشم و قسەكانی رابردووی هەندێك لایەنی سیاسی بڕوانین ئەم رێكەوتنە تەسلیمبوون و خۆچەماندنە، کە لەكاتێكدا ئەم دروشم و قسانە بنەماو بەهای نیە وهیچ راستی تێدانیە ،چونكە هیچ بژاردەیەكیان لەبەردەست نەبوە جگە لە ڕێكەوتن لەگەڵ بغداد..
چۆمان محمد
زیاتر