ئەنجومەنی دەوڵەت پرسی موچەی چارەسەر دەکات؟

چۆمان محەمەد

رێكخەری ژووری یاسایی گۆڕان
  11/09/2025  |    664 جار خوێندراوەتەوە

ئایا لەسودی عێراق یاخود هەرێم بۆچون دەدات؟

هەرێم دەتوانێت پابەند نەبێت؟

چارەسەر چیە؟ 

(ئەنجومەنی دەوڵەت لەنێوان چارەسەر و
ئاڵۆزکردنی پرسی مووچە)...

حکومەتی عێراق بڕیاریدا کێشەی پێناسە و چوارچێوەی داھاتە نانەوتییەکانی هەرێم، کە پێویستە بیداتە بەغداد، ڕەوانەی ئەنجومەنی دەوڵەت بکات.

رۆژی ۲٠۲٥/۹/۹ بەنوسراوی فەرمی داوای(بیان رڕی)یان لێکراوە لەلایەن حکومەتی عێراق، لە کاتێکدا ئەنجومەنی دەوڵەت دامەزراوەیەکی سەربەخۆی دەستووریی و  یاساییە لە ‌عێراقدا کە کاری لە پێشینەی دادوەری کارگێڕیە، سەرباری ئەوەی دوو وەزیفەی گرنگی دیکەی هەیە، بریتین لە (داڕشتنەوەی پرۆژە یاساکان بۆ حکومەتی عێراق و وەزارەتەکان، لەگەڵ پێدانی رونکردنەوە و راوێژ و ڕاوبۆچوونی یاسایی تایبەت بە دەقە یاسایەکان بەلایەنە باڵاکانی عێراق لە وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە ‌وەزارەتەوە) ئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراق جێی تێرامان و تێبینی یاسایی وهەڵویستە لەسەرکردنە..

پەنابردن بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت لەزیانی هەرێمە و بێ سودە!!

بەهۆی ئەم هەنگاوەوە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق یاری بەکات دەکات هەفتەیەک زیاتر چاوەڕێی دەرئەنجامی دەکات، بەمەش ئاسان نیە چاوەڕێی هاتنی موچەی مانگی ۷بین تائەم بابەتانە یەکلادەبێتەوە، پاشان ئەم ئەنجومەنە ٥٠ ئەندامیە بۆ خوێی چێشت یەک کوردی تێدایە، بەھیچ شێوەیەک پیشبینی ناکرێت لە سودی هەرێم بڕیار بدات، سەرباری ئەوەی ئەنجومەن لە ‌ڕاڤەکردنەکەیدا پشت دەبەستێت بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت، بۆیە لە بنەڕەتەوە لە ‌بەرژەوەندی حکومەتی ناوەند دەشکێتەوە، چونکە ئەم یاسایە هیچ حسابێک بۆ هەرێمی کوردستان ناکات وەک پارێزگا دەیبینێت، بۆیە پێشبینی کراوە بۆچوونەکەیان لە ‌بەرژەوەندی حکومەتی فیدراڵی بێت.

هەرێمی کوردستان دەتوانێت پابەند نەبێت؟؟

گەر هەرێمی کوردستان رەزامەند نەبێت بەم هەنگاوە ئەوا ئەنجامی کارەکە هەرچی بێت هێزی پابەندکاری نابێت، چونکە عێراق تاک لایەنە ئەم کارەیی کردوە، پاشان هەر لە بنەڕەتەوە دەربرینی بۆچوون راوێژکاریە نەک پابەندکاری وملزم بۆ ئەم حاڵەتانە، پاشان ئەنجومەنی دەوڵەت دامەزراوەیەکی سەربەخۆیی حکومەتی عێراق نەک هەرێم، بۆیە دروست نیە ڕاڤە بۆ دوو حکومەتی جیاوازو دوو لایەنی جیاواز بکات کە سەر بە یەک حکومەت نین، چونکە لە هەریمی کوردستان هەمان دەزگا و بەهەمان تایبەتمەندی بوونی هەیە، ئەویش (ئەنجومەنی شورای هەرێم)ە، کە ‌بە یاسای ژمارە (١٤)ـی ساڵی ٢٠٠٨ کارەکانی ڕاییدەکات، ئایا بۆ نەدرایە ئەم ئەنجومەنەی هەرێم درایە ئەوەی عێراق؟؟

ڕێگای دەستوری گونجاو بۆ هەرێمی کوردستان دادگای فیدراڵیە!!

‌ چارەسەری گونجاوتر و کاریگەرتر بۆ پرسی داهاتە نانەوتیەکان ویاسای ئیدارەی مالی عێراق ئەوەیە پرسەکە بخرێتە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی لە ‌سەر بنەمای ماددەی (۹۳) لە دەستوری هەمیشەیی عێراق لەبەر ڕۆشنای رێکارەکان لە پەیڕەوی ناوخۆی تازەی دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە ١ـی ساڵی ٢٠٢٥، بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، یاخود تانەدان بە نادەستوریبوونی مادەی ۲۹ لەیاسایی بەرێوەبردنی دارایی عێراق،یاخود داوای راڤەی دەستور بکرێت، ئەم هەنگاوانە لە تایبەتمەندی ‌دادگای فیدراڵییە، بڕیارەکانی دادگاش وەک ئاشکرایە پابەندکارە بۆ هەموو دەسەڵاتەکان و یەکلاکەرەوەو بنبڕە..

چۆمان محمد

زیاتر