چاوەڕێ مەبن بۆ ئاڵا ڕاچڵەكێین

ڕۆزا تاتانی

رۆژنامەنووس
  19/10/2020  |    1312 جار خوێندراوەتەوە
ئاڵای حکومەتی هەرێم لە بەغداد دەسوتێنرێت لە غیابی کفتوگۆی بنەبڕکردنی ناسیۆنالیزمدا لە عێراق. هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە موچە وەرناگرن و حکومەت لە جێی چارە باس لە قەرزداری خۆی دەکات. لە یادی لەدەستدانی کەرکوکدا باس باسی "ڕێکەوتنی بەڕێوەبردنی شەنگالە" لە کاتێکدا کەرکوک و هەموو ناوچەی ١٤٠ لە دەستی هێزە سەربازییە نا کوردەکاندان.

لێرە پرسە نیشتیمانیەکان بێ بەها و بازاڕی جنێوفرۆشی مەزادخانەی سیاسەتن. هەموو بەهاکان کراونەتە ماڵی حیزب. مرۆڤ، ئاڵا، خاک و زمان ناسنامەی حیزبن. هاوڵاتی تا دەتوانێت دەیەوێت خاڵی بێت لە هەموو ئەمانە. کەواتا لێرە ژیان لەکوێی نیشتیمانە؟ ژیان، دەمێکە کێلێکی بێ ناوی بێ ئاڵایە لەم نیشتیمانە.

ژیان بارێکە بەسەر شانی مرۆڤەکانەوە، ماندوو ماندوو وەک عەزابێک ڕایدەکێشن. لە تەزبێح فرۆشەکانی بەردەم مزگەوتی گەورەوە، تا ئاوازی هاواری تەماتە فرۆشەکانی سەیداوا و دەستە زبر و ماندووەکانی عەرەبانە چیەکانی کەلار هەمان پرسیار دەکەن وەک ئەوەی شێرکۆ بێکەس کردی "ئێمە چیمان لە نیشتیمان دەویست؟" ئێمە تەنها ژیانمان دەویست. بەڵام ئێستا بێ دوو دڵی جێی دەهێڵین! بە خوێن، خەون و ڕەنجی هەموومان ئەم حکومەتە بنیادنرا. بەڵام خەون، رەنج و هیوا لەم وڵاتە یەکسانبوونەوە بە سفر. شێوازی ژیان ڕابردووی تێنەپەڕاند. سەدامی دادگایی کرد، سەدامبوونی تێنەپەڕاند.

چونکە لەم وڵاتە هەموو هاوڵاتیەک سکاڵا تۆمارکەرە و دادوەر غیاب. هەموو دادوەرێک تاوانبارە و تاوان مەچهول. حکومەت لێرە گەندەڵە چونکە نانەوا فرۆشەکانیش سەرە بە خزمەکانیان ناگرن! دز لێرە زۆرن چونکە هاوڵاتیان بۆ موچە گڵکۆی شەهیدەکان دەسوتێنن. چونکە ئێمە وەک هاوڵاتی لە دێر زەمانە وایان لێکردووین بۆ هونەری ژیان نەگەڕێین. چاومان پڕە لە تۆزێکی غەریب، داستانی پڕ تەمی مەرگێک دەگێڕینەوە لەهەر نیگایەکدا. گەر لە چاوی هەر مرۆڤێکدا خەمێکی قوڵی بێ تنۆک لە هیوا دەبینین ئەوکات زۆر شتی گەورەترمان لە خاک، ئاڵا و موچە لەدەستداوە. ئێمە ژیانمان لەدەست داوە لە نیشتیماندا. لە مێژە خەون بە بونی خۆمانەوە نابینین، بۆیە خۆمان بە تەنافی دامەزراندنەوە هەڵدەواسین، بێ ئەوەی پەلەقاژەی پڕۆژەیەک بکەینە خەمی ڕەنجمان.  خوێنەریی، ئێستاتیکا، ئافرێنەریی، ڕەنج بە بەرهەمی و ئانتی ڕۆتین و بیرۆکراسی شتگەلێکن لای ئێمە لە ژیاندا جێگایان زۆر کەمە.  غیابی ئەمانە لە غیابی نەک موچە، بەڵکو نیشتیمانیش زیاتر دەبنە هۆی لەدەستدانی ژیان و بێ واتا بوونی ئاڵا.

بەر لە دزینی موچە، کاتێک ڕێگای پەرتوکخانەکان کوێربوونەوە بۆریە نەوتەکانیش دادۆشران. فشقیات کە جێی بە داکۆکیکردن خۆشکرد دەسەڵاتداران جدیەتیان فڕێدایە زبڵدانی گەندەڵیەوە. کاتێک جدیەتی پیشەیی و بەدیهێنانی خەون کۆڵەوار بوون دام و دەزگا پوچ دەبنەوە، پوچبوونەوە کوشتنی هەموو بەهاکانە بە ئاڵاشەوە. بێ بەهابوونی بەهاکان وادەکات بەقەد مردوێک کاریگەریمان هەبێت لە گۆڕینی ڕۆتین، تەقالید، سیاسەت، ڕوانینگە و شێوازی ژیانی ئەم کۆمەڵگایە. کاتێک هەموو ئەمانە لە خەڵک جیابوونەوە ئاڵا چ واتایەکی دەبێت؟

مردووەکان بێ ئاڵان، ئێمە چاوەکانمان پرژەی مەرگی واتای بەرکەوتووە و بەرلەوەی ئەوان ئاڵاکەمان بسوتێنن ئێمە لێی تۆراوین. تۆراوین چونکە هەموو شتێک لە پەرجوی حیزب ئاڵاوە و ئێمەش چەوساوەی دەستی حیزب. بونە چەوساوە خۆی تاوانێکە لە سوتاندنی ئاڵا قورستر و ڕوخێنەرتر.

تابلۆی ژیانی ناو چاوەکانمان زۆر پێش ئاڵاکەمان سوتا و ئیدی سوتانێک نییە سنوری ئازاری ئەم سوتانە ببەزێنێت تا پێی ڕاچڵەکین. چاوەڕێ مەبە سەرۆک بۆ ئاڵاکەمان لە بەغدا ڕاناچڵەکێین! چونکە چیاکانمان دەمێکە لەژێر پۆساڵی تورکەکاندان. باپیرەم دەیگوت سەدام وتویەتی "ئەوەی چیاکانی شیمال کۆنتڕۆڵ بکات حکومداری عێراقە" چیاکانی شیمال دەمیکە ئاڵاکەی ئێمەی لێ نیە.

زیاتر