مێژووی کلتورێک بۆ خۆ کوژی

ڕۆزا تاتانی

رۆژنامەنووس
  07/11/2020  |    1122 جار خوێندراوەتەوە
من دوای ئازادی لەدایکبووم، لە ژێر هەڕەشەی شەڕی ناوخۆدا کاتێک بە پێی پەتی و قاچاخ سنورەکانم بڕی تەنها سێ ساڵ بووم. لەبەر ئەوەی باوکم پێشمەرگە بوو لە دەستی پێشمەرگەکان ڕاماندەکرد. دەیانوت ئێمە سەوز و ئەوان زەردن. گەر زەردەکان بیانگرتینایە دەیانکوشتین. هەر پەڕۆیەکیش زەرد بووایە ئێمە دەمانسوتاند. لێرە شەڕ دوانەی سیاسەتە، ئاوارەیی واڵێشی ئۆپۆزسیۆنی و بێ ڕێزیی سەدای هەموو بانگخوازەکانە.

ئێمە ئاوارەبووین بۆ سنورەکانی یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سولەیمانی موعەیەنی لێوەی هاتبووە باشور، ئەو لەبەر ئەوەی هەوڵی شەڕی چەکداری دابوو لەگەڵ ئێران ساڵی ١٩٦٨ لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکوژرێت و تەرمەکەی تەسلیمی ئێران دەکرێتەوە. لە کاتێکدا لە پەرتوکی "بارزانی و جوڵانەوەی ڕزگاری خوازی کورد"دا چیرۆکەکە وەک سزایەکی شۆڕشگێڕانە داڕێژراوە بێ ئەوەی باس لە هۆکاری تەسلیمکردنەوەی جەنازەکەی بکرێت بە ئێران!

ئەم کوشتنە یەکەمین هەنگاوەکانی بە کلتوربوونی شەڕی ناوخۆ و پێشێلکردنی بەرژەوەندی پارچەکانی تری کوردستان بوو لە کلتوری سیاسی حیزبەکانی ئێمەدا لە باشوری کوردستان. چونکە بەم کوشتنە پارتەکانی ڕۆژهەڵات لە چالاکی سەربازی سڕکران لە بەرامبەر چەند بەرژەوەندی بچوکی حیزبی.

ئەم خۆ کوژییە تورکیاشی هاتە پاڵ و باکوری کوردستانیش بووە بەشێک لە داستانی هەڵە دانپێدانەنراوەکانمان. مانگی مارسی ١٩٩٣ سەرحەد بوجاک کە یەکێکە لە کەسایەتیە دیارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تورکیا، چیرۆکی چۆنیەتی تەسفیەکردنی پ.د.ک لە تورکیا، لە بیقاع بۆ ئۆجالان دەگێڕێتەوە، بە ڕێکەوتنێکی نێوان میتی تورک و پارتی دیموکراتی کوردستان لە عێراق بۆ ڕێگیری کردن لە دروستبوونی پارتێکی کوردی خاوەن تێکۆشانی چەکداری لە تورکیا. لە ئەنجامدا سەعیت ئەلچی بە کوشتن دەدرێت و دکتۆر شوانیش داگایی دەکرێت و سزای کوشتنی بەهەمان شێوەی موعەیەنی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت. بەم جۆرە سەرکردایەتی ڕادیکاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە باکوری کوردستان تەسفیە دەکرێت لە ساڵی ١٩٧١ دا. 

لە ساڵی ١٩٧٨ نوکی خەنجەرەکە وەردەچەرخێتەوە سەر خۆمان و لە کارەساتی هەکاریدا دەگەوزێین. بێگومان ئەمەش بۆ ئاستەنگ کردنی گەیشتنە چەک بە یەکێتی و بە لە دەستدانی عەلی عەسکەری کۆتایی دێت کە کێکە لە سەرکردە سەربازیەکانی کۆنی پارتیش.

شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی ساڵی ١٩٨١ گەشتە ئاشکرابوون و سەنگەر سەنگەر، ساڵی ١٩٨٣ شوعیەکانیش بوونە بەشێک لە قوربانی ئەم شەڕە و یەکەم گەریلاکانی پەکەکە لەم کاتەدا لە چیاکانی باشوری کوردستان بونە ساردەوەبووی فیشەکی شەڕی براکوژی بە ناوەکانی مەهمەد قەرەسونگور و ئیبراهیم بیلگین لە کاتی ناوبژیوانیدا.

کێ دەزانێ ئەگەر بە ئەگەری کوانتۆمیک بگەڕێینەوە ناو چەرخی زەمان، گەر بەرەی "جود" یەکێتیشی تێدا بووایە، قۆناغی دیالۆگی ساڵی ١٩٨٣ لە نێوان ڕژێمی بەعس و کوردا سەرکەوتو دەبوو. ئەرکانی تورکیا بە تەلەفۆنێک بێ هێزی کوردەکانی بۆ سەدام نەدەسەلماند و ئێستا ئەنفال و هەڵەبجە نەدەبوو. عێڕاق دیموکراتیزە دەبوو و ڕەوتی سیاسەتی دونیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕا و ٢٠٠٣ بەڵکو کوردستانی گەورە ڕادەگەیەندرا. گەر بەرەی کوردستانی ساڵی ١٩٨٧ کلتوری شەڕی ناوخۆی بنەبڕ بکردایە، سێ ڕۆژ دوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی پازگەی سنوری ئیبراهیم خەلیلەوە شەڕی پەکەکە نەدەکرا. سەدان گەنجی جوانی کوردمان کوشتەی پەشیمانی میژوویی نەدەکرد. ساڵی ١٩٩٦ بە دەبابەی سەدام هەولێر نەدەگیرا و منیش ئاوارەی ئێران نەدەبووم. 

کەواتا ئەو شەڕی منی ئاوارە کرد و ئێستاش پێم دەنوسێت هەمان شەڕە و هیچ ساتێک کۆتایی نەهات. بەڵام داواکاری هیزە دەرەکیەکان گۆڕان و قورساییە سیاسیەکان جیاواز بوون. لەم شەڕەدا گەڕان لە تاوانبار هەڵەیە، دەبێت پانزەهیری ئەم کلتورە بدۆزینەوە.ئەوان دەهۆڵی شەڕ دەکوتن و ئێمەش وەک جاران شەڕە پەڕۆی بۆ دەکەین! لە بەرامبەر چی ئەم هەموو دەسکەوتە سەردەبڕن؟ ئێوە ٣٠ ساڵە لەو چیایەنە نین، ئەمڕۆ بۆچیتان دەوێن؟ گوندەکانمان هەموو وێرانەنە، جوتیارەکانمان لەبەر بێ باکی ئێوە بەرهەمەکانیان دەسوتێنن بۆچی ئەمڕۆ یادیان دەکەن؟ هاوڵاتیان فڕۆکە پارچە پارچەی دەکردن پیلۆتێکتان بە دادگا نەگەیاند بۆ ئەمڕۆ دادگایی پەکەکە دەکەن؟ خۆ سەرۆکی پەڕلەمان تیرۆریست نەبوو هەڵتاندایە دێگەڵە. (NRT-KNN)  گوندیان داگیر نەردبوو سوتاندتان. گەنجە ڕاپەڕیوەکان گەریلا نەبوون کوژران لە شاقامەکانی خۆیان!

دەبێت ناوێک بۆ ئەم کلتورە بدۆزینەوە، دەکرێت میدیاکان شۆڕشی دادگایی ئەم کلتورە بن. بەڵکو ئەم بای جینۆسایدە هەمیشەییە وەرچەرخێنین بە بای دار ئاوس و ئیدی بەس لە سەنگەری یەکتر کوژیدا ژەنگ هەڵێنین.
زیاتر