هۆکاری گیان لەدەستدانی گەنجان بە پەتای کۆڕۆنا

د.داهات حەوێزی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی تایبەت بە کۆڕۆنا
  13/11/2020  |    3139 جار خوێندراوەتەوە
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا وامان ئەزانی کۆڕۆنا تەنها کاریگەری لەسەر کەسانی بەساڵاچوو دەکات بەڵام ئێستا وا دیار نیە، ڕۆژانە نەخۆشی گەنج گیرۆدەی پەتاکە دەبن و بەداخەوە هەندێکیان گیان لەدەست ئەدەن.

گرنگترین ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی تێکچونی تەندروستی گەنجان و گیان لەدەستدانیان بەهۆی ئەم ڤایرۆسە بریتین لە:

١) هەندێک لەو نەخۆشە گەنجانە خۆیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەکو شەکرە و زەخت و نەخۆشی دڵ و شێرپەنجەکان بەمەش نەخۆشیەکەیان لەسەر قورستر ئەبێ

٢)سترێس و دڵەڕاوکێ و تۆقین لە کۆڕۆنا هۆکارێکی زۆر دیارە لە گەنجان، چونکە سترێس هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ زیاددەکات کە بەرگری لەش دائەبەزێنێ، ترسی لەڕادەبەدەر خوێن خەست ئەکاتەوە و ڕێژەی دی دایمەر (D DIMER) لە خوێنا زیاددەکات کە مەترسی جەڵتەی سیەکان زیاددەکات، هەروەها هەموو کەسێک کاتێک زۆر ئەترسێ شپرزه ئەبێ و هەناسەی زۆر توند ئەبێ و جەستەی هاوکاری ناکات بۆ سوود وەرگرتن لە چارەسەرە دەرمانیەکان.

٣) زۆرێک لەو گەنجانە دوای تووشبونیان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا خۆیان فەرامۆش ئەکەن و درەنگ دێن بۆ نەخۆشخانە بەمەش هەوکردنەکە زیاتر تەشەنە دەکات و ئیتر سوود لە پلازما و چارەسەرە تایبەتەکانی کۆڕۆنا نابینن.

٤)دەستنیشان کردنی هەڵە ( ئەمە گرانەتایە یان پەتای وەرزیە! ) و هەروەها وەرگرتنی چارەسەری هەڵە لەڕێگای سۆشیاڵ میدیاوە بۆ کۆڕۆنا هۆکارێکی تری خراپ بوونی تەندروستی ئەو کەسانەیە چونکە هەموو نەخۆشێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و لە کەسێکی تر ناچێ بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

٥) پڕبوونی نەخۆشخانە حکومیەکان و نەمانی شوێن لە بەشی چاودێری وورد هۆکارێکی گرنگە کە ناتوانین ژیانی گەنجان ڕزگار بکەین.

٦)هۆکاری بۆماوەیی لەوانەیە ڕۆڵی هەبێ لە قورسبوونی حاڵەتەکە لەسەر هەندێ گەنج، تێبینی ئەوە کراوە هەندێ جار هەموو ئەندامانی یەک خێزان بە قورسی نەخۆشیەکە ئەگرن و خێزانێکی تر بەسووکی نەخۆشیەکە تێدەپەڕێنن.
زیاتر