چۆن منداڵان بپارێزین لە دەستدرێژیی سێکسی؟

د. دیلمان ئازاد حسن

پسپۆری پزیشکی دادوەری
  05/02/2021  |    3751 جار خوێندراوەتەوە

دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵ گرفتێکی دیاری کۆمەڵگەی ئێمەیە و ئێمە وەکو پزیشکانی دادوەری لە کوردستان زۆر بە ڕوونی تێبینی حاڵەتەکان و زیادبوونی ژمارەیان دەکەین، ئەوە لە کاتێکدایە بەشی زۆری حاڵەتەکان ناگەنە لای ئێمە  چونکە دەشاردرێنەوە یان گرنگیان پێنادریت، بەهۆی ناهۆشیاریی تاک و خێزان و کۆمەڵگەوە .

ناکرێت ئیدی ئەم گرفتە گەورەیە بەهۆی شەرمێکی ناهۆشیارانەوە بشاردرێتەوە و لە بری جارەسەرکردن، پەردەپۆشبکرێ و فەرامۆش بکرێت .

بۆ بنەبڕکردنی گرفتی دەستدرێژیی شێکسی بۆ سەر منداڵ، یان هیچ نەبێ کەمکردنەوەی، دەبێت کۆمەڵگە هۆشیاربکەینەوە و مەبەستی ئێمەش لەم زنجیرە نووسینانە ئەوەیە .

بەڵام گرنگترین هەنگاو ئەوەیە، لە سیستمی پەروەردە و فێرکردنەوە دەستپێبکەین و بۆ ئەمەش نموونەی سیستمی پەروەردەی بەریتانیاتان بە کورتی پێدەڵێم بۆ ئەم بابەتە، کە لە ڕاوێژکارێکی پەروەردە لەو وڵاتەوە وەرمگرتووە و بۆی باسکردووم .

ئەو وتی ئێمە خولێکمان هەیە بەنوی منداڵپارێزی بۆ ماوەی شەش مانگ کە ئەو خولە کارمەند و مامۆستای قوتابخانەکان زۆرەملێیە بیبینن، ئەگەر نا ناتوانن لە قوتابخانە کار بکەن .

وەکو ئەو باسیکرد لەو خولە فێرت دەکەن کە چۆن ئاگاداری منداڵ بیت و ڕۆژانە تەماشایان بکەین ئایا هیچ شتێکی نامۆ دەبینین لە مامەڵە و هەڵسوکەوتی منداڵەکە یان جێگای زەبر و برینێک دەبینین لەسەر جەستەی منداڵەکە؟

ئەگەر هەر شتێکی وا بینرا خێرا منداڵەکە دەدرێتە لیژنەی چارەسەرکردن و بەزووترین کات چارەسەر وەردەگرێت و بەدوای تاوانبار دەگەڕێین و هەر کەسێک تاوانی دەستدرێژی کردبێت بۆ سەر منداڵ، تا هاتایە لە هیچ دام و دەزگایەکدا کارکردنی فەرمی وەرناگرێت لەو وڵاتە .

ئەگەر تەماشای ئەو دەوڵەتانە بکەن چۆن منداڵ دەپارێزن، چونکە دەزانن کە منداڵ کۆمەڵگا پێکدێنێ و منداڵی نا تەندروست و دەروون ڕووخاو کۆمەڵگایەکی شکستخواردوو پێکدێنێت .

خێزان یان قوتابخانە؟

زۆر گرنگە لە سیستمی پەروەردەوە گرنگی بدرێت بە بابەتی هۆشیاریی سێکسی و ڕیگرێکردن لە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵ و ئەوەی کە منداڵ چۆن پارێزگاری لەخۆی دەکات لە حالەتی گوماناوی و مەترسیداردا

بەلای منەوە خیزان زۆر گرنگە بۆ ئەم بابەتە، بەڵام گرنگیی قوتابخانەش لە خێزانی کەمتر نییە، چونکە لەوانەیە ئەو منداڵە دایک و باوکی نەبێت یان دایک و باوکی لە بنەڕەتەوە ئەو هۆشیارییانەیان نەبێت و جگە لەوەش منداڵ کاتێکی زۆری لە قوتابخانە بەسەردەبات .

لە ئەزموونی خۆمەوە زۆر بینیومە دەستدرێژیی سێکسی بۆ چەند ساڵ بەردەوام بووە بۆ سەر منداڵ، کەچی نە منداڵ زانیویەتی ئاشکرای بکات، نە قوتابخانە دەرکیان پێکردووە، نە دایک و باوک زانیویانە مامەلە لەگەڵ حاڵەتەکە بکەن، هەمووشی دەگەرێنمەوە بۆ نەبوونی هۆشیاری .

لیرەوە دووبارە دەکەمەوە کە دانانی پلانێکی تایبەت بۆ بابەتی پارێزگارێکردنی منداڵ بۆ ئیستای کۆمەڵگەی ئێمە زۆر پێویستە.

زیاتر