سۆرانی  |  بادینی  |  English      

بەدەم رێگەوە موچە بڕین

  29/06/2021  |    1255 جار خوێندراوەتەوە

رەنگبێ زۆربەی ئەهالی بە قسەی هەندێک لە پەرلەمانتارانی دەسەڵات شاگەشکە بووبن و سەت بارەکەڵلایان بۆ ناردبن، لاکین ئەو ماستە بێ گوریس نەبوو .

هەمووی پار و پێرار بوو کە لەسەر ئەوەی یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ حزبەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن داوای پرساندنی سەرۆکی حکومەتیان کردبوو، لە سەرانسەری دەڤەری بادینان قەڵاچۆیان کردن و لە چاوتروکانێکدا پۆستیان پێوە نەهێشتن !

ئەو بابەتانەی باس کران، یەک بڕگەشیان پەیوەندیی بەو وەزیرانەوە نەبوو. چونکە یەکەم، هەموو بڕیارێک لە ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ و بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران دەردەچێ و دووەمیان هەرچی حکومەتیش دەیکات ئەم پەرلەمانتارە بەڕێزانە لەپەرلەمان بە زۆرینە بۆی تەسدیق دەکەن. کەواتا تا دز خاوەنماڵی گرت .!

ئی مایەوە چی؟

ها...دەرفەتە کابینەی پێشوو بکوتی! بۆ نا؟ نا نا بوەستن ئەم کابینەیەش بە دووساڵ چوار ملیار و نیو دۆلار قەرزدارە! خۆ ئەگەر نرخی نەوت وەک سەردەمی شەڕی داعش بایە، ئێستا چوار ئەوەندە قەرزار دەبوو. چاکی مەکە تا تێکی نەدەی !

لەوە زیاتر؟

قسەکان کران و تەواو. چونکە مەبەست قسەکردن بوو و بەس. ئەگەرنا وەک هەمیشە بە کۆی دەنگ  لێبڕینی موچەتان کۆتایی پێھێنابایە. یان ئەگەر بە ڕاستتان بوو، دوای پرساندنی سەرۆکی حکومەتتان کردبایە !

وەزیرەکانی یەکێتی و گۆڕان رەزیل کران .

کابرای ئاکرەیی کە ئێستاش نەمزانی بە چ زمانێک قسە دەکات لەو گۆڕە بووە پاڵەوان! راستییەکەی دوای قسەکانی لە جیاتی چەپڵەڕێزان دەبوایە بدرێتە دادگا، چونکە هەڕەشەی پارچە پارچەکردنی لە کەسانێک کرد کە لە روانگەی ئەوەوە(نەک قانون) گەندەڵن !

دەرکەوت مەسەلەی بڕیاری پێش دادگا بە سەر هەمواندا تەعمیم کراوە !

تێبینی: لەمەودوا مووچە بە یەک واو بنووسن، چونکە واوێکی بڕاوە .


زیاتر