سۆرانی  |  بادینی  |  English      

جامەکەی لاهور زرینگا

  13/07/2021  |    16277 جار خوێندراوەتەوە

کورد دەڵێ جام بشکێ، بەڵام نەزرینگێ!

ئەوەی ٨ تەمموز روی دا، رێک وەک هەڵبژاردنە مەحەلییەکانی پێش کۆنگرەی سێی یەکێتیی بوو، تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفای پەڕوباڵ کرد و چاوەڕێ بوو دوای ئەوە وەکو تەیرێکی مەعقولی دەستەمۆ لەناو یەکێتیدا بەردەوام بێت.

جامەکەی نەوشیروان مستەفاش زرینگا.

هەمووی چوار ساڵی نەبرد، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ تەپڵی بە یەکێتیی ناو یەکێتی لێدا و نەک جام، دەرگا و پەنجەرەی بە یەکێتییەوە نەهێشت. ئەوجا نۆرەی ئەو بوو کە تێکڕای یەکێتی بکاتە تەیرێکی مەعقول!

ئەوەی روی داوە کودتایەکە کە دەبوایە رۆژێک یەکێک لە هاوسەرۆکەکان بەسەر ئەوی دیکەدا هەر بیکات. کوڕەکانی تاڵەبانی پێگەی خۆیان لە هەولێر بەکار هێنا و دەسەڵاتیان بردەوە ناو بازنەی بچوکی خێزانی.

لە هیچ شوێنێک ئەگەر باوک میراتگرێکی هەبێ، رێگەی نەداوە ئامۆزاکەی لەسەر ئەو میراتە دانیشێت!

کوڕەکانی تاڵەبانی ئێستا سەرکەوتوون، بەڵام پێناچێ ئەوە درێژخایەن بێت. بە لابردنی (هاو) کەس نەبووە بە (سەرۆک) چونکە بەو (هاو)ەوە سەرۆک بوو!

ها لێرە بەدواوەش چی پۆخڵەواتی جیهازی ئەمنی سلێمانییە ئیتر دەبێ لە ئەستۆی بگرن و کەس ناتوانێ خۆی لە قاچاغی و سەرانەستاندن بێبەری بکات.

ئەوی کراوە لە کورت ماوەدا، رەنگبێ بە دڵی پارتیش بێت، بەڵام نەوشیروانەکەی ناو یەکێتی زۆر لە نەوشیروانەکەی سەر گردەکە بۆ پارتی باشتر بوو. بە هەموو لایەک نەوشیروانێکی کەللە رەق و سیاسییەکی تاڵەبانی ئاساتان لە خۆتان قیت کردەوە.

لێرە بەدواوە رەنگبێ (من)لەناو یەکێتیدا جێم ببێتەوە، بەڵام پێناچێ جێی لاهوری شێخ جەنگی ببێتەوە.


زیاتر