سۆرانی  |  بادینی  |  English      

کودەتاکەی ٨ی تەمموز و چەند سەرنجێک

د. بورهان یاسین

ئەکادیمیست و توێژەی دیاری کورد
  22/07/2021  |    5945 جار خوێندراوەتەوە

ئاشکرایە کە یەکێک لە بابەتە ھەرە گەرمەکان لە پانتایی باشوری کوردستاندا، کودەتاکەی ٨ی تەمموزی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.

دەڵێم کودەتا. . .!  

کودەتاش زۆر شێوازی ھەن ھەر لە کودەتای کلاسیکی کە بە ھێزی سەربازی دەکرێ تا دەگاتە کودەتای دەستوری و کودەتای قەسر و کودەتای سپی و ھتد. . .

ئەوەی لە ٨ی تەمموز روویدا کودەتای کۆشک (قەسر) بوو لە رێگای بەکاربردنێکی سنورداری ھێزی سەربازییەوە. . .

ھیچ گومانی تیا نییە کە نەبوونی کاردانەوەی توند لای کودەتا لێکراو (واتە لاھوری شێخ جەنگی) سلێمانی و دەوروبەری لە خوێنڕێژیێکی موحەقەق پاراست، لەوەشدا خەڵکی باشوری کوردستان، بە تایبەتی ناوچەی سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە، سوپاسگوزاریێک قەرزاری لاھوری شێخ جەنگین بۆ دەستنەبردنی بۆ بەکاربردنی ھێز، جا ئەو دەستنەبردنە بە ھەر ھۆکارێک بێت ئەوەیان گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە تا ئێستا ئەم کودەتایە خوێنڕێژی لێ نەکەوتۆتەوە. . .

------------------

قسەکردن دەربارەی ئەم بابەتە ئاسان نییە، لەبەر دوو ھۆ:

١) ئێمە ئەوەندە زانیارییەمان لەبەر دەستدا نییە بۆ ئەوەی بتوانین، بە پشڕاستی و پشتئەستور بە زانیاری پشڕاستکراوە و بەڵگەنامەی پێویست، تێگەیشتنێکی جێگیر بەرھەم بھێنین؛

٢) بە درێژایی ساڵانێک لە نووسین و قسەکردن، زۆر بە دەگمەن قسەم لەسەر کێشە و پرسە ناوخۆییەکانی حزبە سیاسییەکان کردووە. بەڵام ئەمجارەیان لەسەر رووداوەکنی ناو یەکێتی چەند تێبینیەک تۆمار دەکەم.

--------------

سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم کە پرسیارێکی گرنگ لە بابەتی رووداوەکانی ھەرە دوایی ناو یەکێتی ئەوەیە کە ئایا لە کوێوە دەستپێبکەین، لە کۆچی دوایی مام جەلالەوە، یا لە سەرەتا ھەرە سەرەتاکانی دروستبوونی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە وەک حزبێکی فرە-سەکۆ یا فرە-مینبەر. . . بە ھەر حاڵ بۆ تێگەیشتنێکی باشتری کێشەکانی ئەمڕۆی یەکێتی گەڕانەوە بۆ ھەردوو مێژووەکە گرنگە.

--

بە بۆچوونی خۆم، بۆ تێگەیشتنی ئەو پڕۆسەیەی کە یەکێتی گەیاندە دۆخی کودەتای ٨ی تەمموز، دەکرێ پەنجە لەسەر چەند خاڵێک دابنێین:

١- کۆچی دوایی مام جەلال:

کۆچی دوایی مام جەلال بۆ یەکێتی خاڵی وەرچەرخان بوو. . . جگە لەوەی ھیچ کەس نەبوو لە ناو یەکێتی کە جێگە و پێگەی مام جەلال بە شایستەیی پڕ بکاتەوە، کێشەیەکی گەورەتریش ئەوە بوو کە مام جەلال دوای خۆی وە لە خانەوادەی خۆیدا کەسێکی جێنەھێشت کە بێ سێ و دوو وە لەسەر راسپاردەی خۆی جێگای ئەو پڕ بکاتەوە، بەڵکو جێماوی مام جەلال سێ جەمسەری بنەماڵەیی بوون: ڕ- کوڕانی مام جەلال؛ ب- بنەماڵەی ئیبراھیم ئەحمەد؛ ج- برازاکانی مام جەلال. لەم سێگشەیەشدا ھێرۆخان دوو رۆڵ دەبینێ: ئەو کچی ئیبراھیم ئەحمەدە و خێزانی مام جەلالیشە!

ھەڵبەتە ھەر زوو دەرکەوت کە ئەم سێ جەمسەرە  و سەرکردە کلاسیکییەکانی یەکێتی، بە تایبەتی خانەوادەی کۆسرەت رەسوڵ، ناتوانن لەگەڵ یەکدا ھەڵبکەن. . . بە واتایەکی دیکە ئەم ململانێیە پێویستی بە یەکلاکردنەوە ھەبوو.

بە ھەر حاڵ، لە ٨ی تەمموزدا نەک ھەر ئەو ململانێیە کۆتایی نەھات بەڵکو پێی نایە ناو قۆناغێکی مەترسیدارترەوە؛

٢- کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، لە بری ئەوەی ببێ بە دەرفەتی چارەسەرکردنی کێشەکان، بوو بە رووداوێک کە لە رێگایەوە جەماوەری یەکێتی بۆ ماوەیەک بەنجکرا، زۆرێکیش لە کێشەکان پاڵدرانە پێشەوە بە ھیوای ئەوەی دواتر چارەسەربکرێن وە ھەندێکیش لە کێشەکان، وەک کورد دەڵێ، خرانە ژێر بەڕەوە، واتە لە کێشەی بینراوەوە کران بە کێشەی نەبینراو؛

٣- دەنگی زۆرینەی لاھوری شێخ جەنگی لە کۆنگرەدا، نەک ھەر کێشەی سەرۆکایەتی یەکێتی چارەسەر نەکرد، بەڵکو ئەم زۆرینەیە خۆی لەخۆیدا بوو بە کێشە وە، ھەرنەبێ ماوەیەک، چارەسەری راستەقینەی کێشەکەی دواخست، بۆ ئەوەی دواتر نەک بە زۆرینەی کۆنگرەیەک یا پلینۆمێکی دیکە چارەسەر بکرێ، بەڵکو بە کودەتای ٨ی تەمموز چارەسەر بکرێ، ئەگەر ئەسلەن پێی بڵێین چارەسەر؛

٤) یەکلاکردنەوەی کێشەی سەرۆکایەتی یەکێتی دوای ٨-٩ رۆژ لە کودەتاکە لە چوارچێوەی مەکتەبی سیاسیدا لە بەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی، دانانی مینێکی زەبەللاحە لەسەر رێگای یەکێتی روو لە داھاتوو؛

٥) بە بۆچوونی خۆم، لە قۆناغی دوای کۆنگرەی چوارەم، یەکێتی کەوتە ناو دژایەتیێکی گەورە و چارەنووسسازەوە: لە لایەکەوە، وڕێنە و بانگەشەی سەرکردەکانی یەکێتی، زۆر بە تایبەتی لاھور و بافڵ، بۆ ھەڵسانەوە و نوێبوونەوەی ئەو حزبە؛ کەچی لە لایەکی ترەوە، ھەر بە پێی بانگەشەی ئەم دوو سەرکردەیە، بۆ ئەم ھەڵسانەوە و نوێبوونەوە دەبێ یەکێتی ببێتەوە بە "یەکێتییەکەی مام جەلال." (لە راستیدا یەکێتییەکەی مام جەلال یەکێتییە کۆنەکەیە).

بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا بۆ ئەم دوو خاڵە (واتە ھەڵسانەوە لە لایەک، وە گەڕانەوە بۆ یەکێتییەکەی مام جەلال لە لایەکی تر) دژ بەیەکەن؟

لە کاتێکدا لاھور شێخ جەنگی بە ئاشکرا و بە بڕیار، لە پێناو ھەڵسانەوە (بەر لە کۆنگرە و دوای کۆنگرە)، کاری لەسەر ئەوە دەکرد کە یەکێتی لە ژێر سێبەری قورس و ھەژموونی پارتی دەربھێنێ، کەچی گەڕانەوە بۆ یەکێتییەکەی مام جەلال پێویستی دەکرد یەکێتی بەردەوام بێت لەو دۆخەی کە تیای بوو، واتە دۆخی قەبووڵکردنی ھەژموونی پارتی و حاڵەتی بە "بارمتەگیراویی یەکێتی" لە چوارچیوەی ئەم ھەژموونەدا.

ھەر ئەم دژایەتییەش بوو کە خۆی بە جوانی دوای کۆنگرە خۆی دەربڕێ، کاتێک بافڵ تاڵەبانی چوو بۆ لای مەسعود بارزانی، لە کاتێکدا مەسعود بارزانی بە ھیچ شێوەیەک رازی نەبوو لاھور شێخ جەنگی ببینێ، بە ھەر حاڵ لاھوریش رازی نەبوو وەک کورد دەڵێ "بچێتە خزمەت بارزانی لە سەری رەش، بەو شێوەیەی کە بارزانی دەیخواست."

دەرەنجام: تۆ ناتوانیت لە لایەکەوە ھەوڵی ھەڵسانەوە و نوێبونەوەی یەکێتی بدەیت، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بەوە رازی بیت کە بگەڕێیتەوە بۆ یەکێتیەکەی مام جەلال، ئەو یەکێتییەی کە دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦، بە تایبەتیش دوای ٢٠٠٣ و لەوێشدا ھەڵپەی مام جەلال بۆ وەرگرتنی کورسیەکەی سەرۆک کۆماری، رازی بوو بە بەرجەستەکردن و جێگیرکردنی ھەژموونی پارتی و ئەو دەسەڵاتە، کەم یا زۆر، رەھایەی کە ئەو حزبە لە ٣١ی ئابدا بەدەستی ھێنابوو. . .

زۆر بە کورتی و زۆر بە چڕی: ئەم دژایەتییە لە ٨ی تەمموزدا تەقییەوە!

--------------

رۆڵی تورکیا و پارتی

کێشەکانی لاھور لەگەڵ تورکیا

١) بە تایبەتی لە ماوەی دواییدا، لاھور بە ئاشکرا رایگەیاندوە کە یەکێتی ھەرگیز ناچێتە ژێر باری شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە؛

٢) یارمەتیدانی رۆژئاوای کوردستان لە روی سەربازی و دیپلۆماسییەوە، کاتێک ئەو بەشەی کوردستان کەوتە ژێر ھەڕەشەی داعش.

ئەی پارتی بۆ؟

ماوەیەکی زۆر بەر لە ئێستا لە وتارێکمدا باسی ئەوە دەکەم کە پارتی باوەڕی بە شۆک و تۆڵەسەندنەوەی توند ھەیە لەبەرامبەر دژەکانیدا، ھەر کاتێک ئەم دژانە بووبنەتە و ئاڵنگاری و ھەڕەشە بۆ سەر ھەژموون و قەلەمڕەوی پارتی: ٣١ی ئاب ئەو شۆکە بوو کە پارتی لە یەکێتی دا؛ کودەتاکەی ١٢ی ئۆکتۆبەریش ئەو شۆکە بوو کە پارتی لە گۆڕانی دا.

    بە پێی ئەم بۆچوونە یەکێتی، ھەر لە ریفراندۆمە ناسەرکەوتووەکەی ٢٠١٧وە، کۆمەڵێک ھەنگاوی ھاویشت کە ھەموویان لە لایەن پارتییە وەت ئاڵنگاری بۆ ئەو حزبە خوێندرانەوە و بەم پێیەش پارتی چووە پێگەی تۆڵەسەندنەوە لە یەکێتی. لە راستیدا ھەر ھەنگاوێک لەوانە بە تەنیە، بە پێی بۆچوونی پارتی، پێویستی بە شۆک و تۆڵەی پارتی ھەبوو.

ئەم ھەنگاوانە چین، کە ھەر یەکێکیان شایستەی تۆڵەو شۆکن لە لایەن پارتییەوە؟: ١) ١٦ی ئۆکتۆبەر؛ ٢) دەستشکانەوەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە تیایدا بەرھەم ساڵح براوە بوو و کاندیدی پارتی و بارزانیش دۆڕاو بوو، واتە لەم "زۆرانبازێ" سیاسییەدا نەک ھەر پارتی بەڵکو کەسیی بارزانی دەستی شکایەوە، چونکە فوئاد حوسێن کاندیدی شەخسیی بارزانی بوو، بەر لەوەی ھی پارتی بێت؛ ٣) بەستنی کۆنگرەی یەکێتی، بە تایبەتی دەنگی یەکەمی لاھور لە کۆنگرەدا؛ ٤) لە دوای کۆنگرە لاھور ھەرگیز ئەوەی قەبوڵ نەبوو بچێتە ژێر باری قورسی ھەژموونی پارتی و بارزانی؛ ٥) یەکێتی، بەڵام زۆر بە تایبەتی ئاراستەی لاھور لەو حزبەدا، تا ئێستا رێگر بوونە لەوەی مەسعود ببێ بە مەرجەعی "نەتەوەیی،" لە باشوری کوردستان.

ئەوەشی لێرەدا زۆر گرنگە ئەوەیە کە پارتی پێی وایە لە ھەر پێنج رووداو و بابەتەکانی سەرەوەدا لاھور رۆڵی کلیلی بینیوە. تەنانەت لەوەش گرنگتر، پارتی ئەوە باش دەزانی کە ئەو پشتگیریە جەماوەرییەی لاھور بەدەستی ھێناوە ھی ئەوەیە کە ناوبراو "کۆدی بەرەنگاربوونەوەی پارتی و "وتنی نا بە پارتی" بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاربردووە بۆ جۆش و خرۆشدانی ئەو جەماوەرە."

بە ھەر حاڵ، ئەگەر چی زانیاری کەمە لەسەر رۆڵی راستەوخۆی پارتی لە کودەتاکەی ٨ی تەمموزدا، بەڵام ئەگەر قسەکانی لاھور شێخ جەنگی، کە لە ١٥ی ئەم مانگەدا کردنی، بە بنەما وەرگرین، ئەوا پارتی و تورکیا ھەردووکیان رۆڵی گاریگەرییان لەم رووداوەدا ھەبووە.

ھەڵوێست و قسەکانی ماوەی دوایی لاھور، ھاوتەریب لەگەڵ ھێڕشی بەردەوامی سوپای تورکیا لە باشوری کوردستان دژ بە پەکەکە، وە ھاوکات پێویستیی پارتی بەوەی کە ململانێ خۆی و پەکەکە لە ململانێی حزبی بکات بە ھی ھەموو باشوری کوردستان، بە توندی تورکیا و پارتی لە یەک بەرەدا کۆکردەوە، ئەگەر چی ئەم "بەرەیە" شتێکی تەواو نوێ نییە!

دەرەنجام و قسەیەکیش روو لە داھاتوو:    

١) زۆر دەمێکە پارتی و یەکێتی، بوون بە دوو کۆمپانیا کە، بە ناوی کوردایەتییەوە، کۆمەڵێک سیاسیی چاوبرسی و تەماحکار، زۆر بە تایبەتی دوو بنەمالە، بزنسی پێوە دەکەن و وەبەرھێنانی تیادا دەکەن. ئەوەی لە ٨ی تەمموزدا رویدا دەکرێ دەرھاوێشتەی ئەم پێشوەچوونە بێت، واتە دەکرێ تەواوی شەڕەکە دیسان لەسەر بزنس بێت!؛

٢) کودەتاکەی ٨ی تەمموز نەک ھەر کۆتایی بە کۆمەڵێک ململانێ و دیاردەی دزێوی ناو یەکێتی نەھێنا، بەڵکو رووداوەکە ململانێکانی پشتپەردەی ھێنایە پێش پەردە، وە بووە سەرەتایەک بۆ رووداوی لەم چەشنە لە داھاتووشدا؛

٣) سەرکردە گەندەلەکانی نەوەی یەکەم لە رێگای "خەباتی" شاخەوە دەستیان گرت بەسەر دەسەڵاتدا، بەڵام نەوەی دووەم لە رێگای گەندەڵیی سیاسی و ئابووری، ھەروەھا ئیرسی سیاسییەوە دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتوە؛

٤) دوای ٨ی تەمموز ئیتر پارتی دیمۆکراتی کوردستان و ماڵباتی بارزانی چیتر پارێزراو نین لەوەی کە لەو بنەماڵەیەشدا کودەتای لە جۆری ٨ی تەمموز روونەدات، بەڵکو روو لە داھاتوو ئەمە ئەگەرێکی زۆر کراوە و بەھێزە؛

لە راستیدا ئەگەر لە ناو یەکێتی ھێشتان باس لە دوو نەوە دەکرێ بەڵام لە ناو پارتیدا تەنانەت ململانێکە لە ئێستادا لە نێوان سێ نەوە، بەڵکو تەنانەت چوار نەوەشدایە: ١) نەوەی یەکەم مەلا مستەفا، ٢) نەوەی دووەم مەسعود و ئیدریس بارزانی، ٣) نەوەی سێھەم کوڕ و برازاکانی مەسعود بارزانی، ٤) چوارەم کوڕەزاکانی مەسعود لە لایەک وە کوڕەزاکانی ئیدریس بارزانی لە لایەکی ترەوە؛

٥) من باوەڕم وا نییە کودەتاکەی ٨ی تەمموز، لە دوور مەودادا کۆتایی بە لاھور شێخ جەنگی ھێنابێت، بەڵکو ئەگەری گەڕانەوەی ئەم سەرکردەیە چ لە چوارچێوەی یەکێتیدا چ لە چوارچێوەی ھێزێکی سیاسی نوێدا، ئەگەرێکی کراوەیە، بە تایبەتیش بە ھەمان ئاراستەی بەکاربردنی کۆدی دژایەتیکردنی ھەژموونی پارتی؛

٦) ئەگەر دوای لاھور سەرکردەکانی یەکێتی بگەڕێنەوە قاڵبە کۆنەکەی پێشوو واتە یەکێتییەکەی مام جەلال، بە واتایەکی دیکە قەبوڵکردنی ھەژموونی پارتی، ئەوە بە مانای ئەوە دێت کە خەونی ھەڵسانەوە و نوێبوونەوە قەبر کرا، چونکە کۆدی بەھێزیی لاھور و سیحری ھەڵسانەوە و نوێبوونەوە ھەمان شت بوو، ئەویش وتنی نا بوو بە ھەژموونی پارتی. . .

ئەوە راستە، کە ئێستاش جەماوەری یەکێتی دەخوازێ بە پارتی بڵێ نا، بەڵام لە ئێستادا (بە ھەر حاڵ ئەگەر بۆ کاتێکی کورتیش بێت) ئەم جەماوەرە ئەو رەمز و سەرکردەیەی لەدەستداوە کە بە دەنگێکی بەرز بە پارتی دەوت نا؛

٧) رووداوەکەی ٨ی تەمموز یەکێتی، بە تایبەتی بافڵ و قوبادی، خستە بەر تاقیکردنەوەیەکی زۆر قورس، تەنانەت یەکلاکەرەوەش: تاقیکردنەوەکەش لە شێوازی پرسیارێک خۆی دەردەبڕێ، ئەویش ئەوەیە کە ئایا بە راست مەبەست لە کودەتاکەی ٨ی تەمموز چاکسازیی بوو، وە ئەگەر وایە جەماوەری یەکێتی، بە تایبەتی لایەنگرانی لاھور شێخ جەنگی، دەبێ بۆ چەند ماوە چاوەڕوان و "تەحەممول" بکەن بۆ ئەوەی ئەو چاکسازییە یا پێچەوانەکەیان بۆ پشتڕاست ببێتەوە؛

٨) رووداوی ٨ی تەمموز زام و برینی جەماوەری خەڵکی کوردستانی قوڵتر کردەوە، بێھیوابوونی لە سیاسەت و توێژ و دەستەبژێری سیاسیی بردە ئاستێکی زۆر مەترسیدارتر لە جاران. . . بەم مانایەش ئەم رووداوە کار و خەباتی ئەو کەسە دڵسۆزانەی ئەستەمتر کرد کە مەبەستیانە باشوری کوردستانی لەو ھەڵدێرە بگەڕێتەوە و خەڵکی کوردستانیش ھیوای بە دوارۆژ و سیاسەتکردن و توێژی سیاسی بۆ بگەڕێتەوە؛

٩) ماوەیەکی زۆرە باشوری کوردستان پێویستی بە ھەژان و تەکانێکی سیاسیی ھەبووە.

جا دەکرێ رووداوەکانی ٨ی تەمووز ببن بە سەرەتای تەکانێک، کە ئێمە سەرەتاکەمان بینیوە، بەڵام بە ئاسانی ناتوانین پێشبینی داھاتووی ئەم تەکانە بکەین.  لە رۆژانی داھاتوودا دەکرێ شاھێدی دوو ئاراستە و شێواز لە ھەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم تەکانە بین: یەکێکیان دەخوازێ، تا بکرێ، کاریگەرییەکانی ئەم تەکانە تا بکرێ قوڵ و فراوانتر بکات نەک ھەر لە پانتایی یەکێتی نیشتمانیدا بەڵکو لە تەواوی پانتایی سیاسی باشوری کوردستان، بەڵام لە بەرمابەردا ئاراستەکەی تریان کار دەکات بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی ئەم تەکانە! 

 

 

 

 

 

زیاتر