موقتەدا سەدر و پرسی سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتووی عێراق

  05/12/2020  |    1551 جار خوێندراوەتەوە
لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕی بچوککردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن بۆ ئاستی قەزا لەناو ئەنجومەنی نوێنەران و چەسپاندنی, موقتەدا سەدر پرسی بەدەستهێنانی زۆرینەی لەهەڵبژاردن و بەدەستهێنانی سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوی عێراقی فڕێدایە ناو گۆڕەپانی سیاسی و میدیایی عێراق[١]. گەلۆ، پاڵنەرەکانی ئەم گوتارە تازەیەی سەدر چین و لە بنەڕەتدا خواستی بەدەستەوەگرتنی حکومەتی داهاتوو لەلایەن سەدرەوە تا چەند کردەنییە؟

راگەیاندنی پێشوەختەی سەرکەوتن!

پێشبینی و خولیای موقتەدا سەدر بۆ بردنەوەی زۆرێک لە کورسییەکانی پەرلەمانی داھاتوو، لە ھەژماری تویتەریی (ێالح محمد العراقی) و لە زاری وەزیر و بەرپرسەکانیتری رەوتەکەیەوە زیاتر روونکراوەتەوە. بە گوێرەی ئەوەش، سەدرییەکان لە پەرلەمانی داھاتوودا بەتەمای بەدەستھێنانی ١٠٠ کورسین بە پاڵپشتی دەوروبەری ٥ ملیۆن دەنگ.[٢]ئەمەش لە ڕووی تیۆرییەوە، زۆرینەیەکی یەکلایان بۆ پێکھێنانی حکومەت بۆ دەستەبەر دەکات.

ھەندێک ئەم لێدوان و وروژاندنە پێشوەختەی سەرکەوتن، بەنمایشێکی سیاسیی سەدر سەیردەکەن و ھەندێکیتریش وەک ریکلامێکی پێشوەختەی ھەڵبژاردن دەیبینن.[٣]بەڵام بە وردبوونەوە لەھەنگاوەکانی ئەمدواییەی رێبەری ڕەوتەکە؛ موقتەدا سەدر، دەردەکەوێت کە ھەڵپەی سەدرییەکان بۆ دەستگرتن بەسەر جومگە گرنگەکانی عێراق شتێکی تازە نییە. ئەمەش لەسایەی ئەو ھاوکێشە سیاسییە شڵۆقەی کە دۆخی وڵاتەکەی پێدا گوزەر دەکات و خول لەدوای خول گۆڕانکاریی کتوپڕو خێرا دەھێننە پێشەوە وەک: دوورخستنەوەی حیزبی دەعوە لە سەرۆکایەتی حکومەت (٢٠١٨)، ناچارکردنی عادل عەبدولمەھدی بە دەستلەکارکێشانەوە (٢٠١٩) و دواتریش دانانی مستەفا کازمی کە سەدر خۆی بە قسەکەری یەکەم دەزانێت لە دانانی، چوونکە مستەفا کازمی ھیچ کورسییەکی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا نەبووە[٤].

سەدر بۆ گەیشتن بەسەرۆکایەتی وەزیران چانس و دەرفەتی زۆری ھەیە. ئەو پێیوایە خۆی و بنەماڵەکەی قوربانی گەورەی دەستی بەعسن، بە وتەی خۆی شەڕی ئەمەریکییە “داگیرکەرەکانی” کردووە و شەڕی داعشی کردووە و خاوەنی ھێزی سەربازییە (سرایا سلام). ھەروەھا پێیوایە کە شەڕی بۆ چاکسازی کردووە و لە خۆپیشاندانەکانیش بەشدار بووە. لەوانەش گرنگتر، خاوەنی بنکەیەکی جەماوەریی بەھێزە کە لە ھەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی پێ دەبەخشن.[٥] یاسای ھەڵبژاردنی ئێستا کە عێراقی کردووە بە ٨٣ بازنە، دەرفەتی زیاتر دەدات بەو گردبوونەوە و کۆمەڵگا سەدرییانەی لەبەغدا و شارەکانیتر ھەن، تا لەھەموو لایەنەکانیتری شیعە باشتر کەڵک لەدەرفەتەکان وەربگرن. جەماوەری لایەنەکانی دیکە پەرش و بڵاوە و وەکوو ئەوەی سەدرییەکان کۆکراو نین. بەگەڕانەوە بۆ تۆماری ھەڵبژاردنەکانی رابردووش، رەوتی سەدر وەک جەماوەریترین تەوژمی ناو شیعە بەردەوام لەھەڵکشاندا بووە. بەجۆرێک، ٣٠ کورسیی لە یەکەم ھەڵبژاردنی ٢٠٠٥ بەدەستھێناوە، کەچی لە ٢٠١٠دا کورسییەکانی بەرز کردووەتەوە بۆ ٣٩ کورسی، لە ٢٠١٤دا گەیشتووەتە ٣٦ کورسی و لە ٢٠١٨دا لەڕێگای ھاوپەیمانیی سائیرون بە ٥٤  کورسییەوە پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە[٦].

جگە لە گرەوکردن لەسەر ھەڵبژاردن و چەکی (سرایا سلام)، سەدر ھەندێ رێخۆشکەریی دیکەی کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لەچەشنی: وەرگرتنی پۆستی ئەمینداریی گشتی ئەنجومەنی وەزیران (حەمید غزی), دانانی جەعفەر سەدری ئامۆزای بە باڵیۆزی عێراق لە لەندەن کە باوەڕ وەھایە بۆ کردنەوەی دەرگا دیبلۆماسییە دەرەکییەکانە بەڕووی رەوتەکەی. ھەڵبەت لەگەڵ ئەم چانس و خاڵە بەھێزانەشدا رێگای سەرۆکایەتی وەزیران بۆ سەدر تەخت و بێ تەگەرە نییە، چوونکە پێشھاتێکی وەھا، ھەواڵێکی زۆر ناخۆش و شۆکھێنەر دەبێت بۆ رکابەرەکانی سەدر و ھێزە شیعەکانی وەک نوری مالیکی، عەممار حەکیم. ئەمە جگە لە ھێزەکانیتری وەک عەسایبی ئەھلی ھەق و ئەو گروپە وەلائییە ئێرانیانەی بەمدواییە دروست بوون و راستەوخۆ خۆیان بەدرێژکراوە و ھەواداری رابەری باڵای شۆرشی ئێرانی دەزانن و لایان قورسە بچنە ژێرعەباکەی سەدرەوە. ئەمە جگە لە مەسەلەی ھەڵوێستی ھێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانی لەچەشنی ئەمەریکا و وڵاتانی کەنداو کە پێشینەی باشیان لەگەڵ سەدردا نییە و ھێشتاش روون نییە کورد و سوننە و کەمایەتییەکانیتری چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ھەڵپە سەدرییەدا دەکەن، بەتایبەت کە سەدر لەبنەڕەتەوە دژی سیستمی فیدراڵی عێراق و کوردستانی بوونی کەرکوک و ریفراندۆمی سەربەخۆیی (٢٠١٧) بووە و زۆر جاریش خۆی لەسەروو رەخنە و گفتوگۆوە دەبینێت و ڕاوبۆچوونە سیاسییەکانی لەشێوەی فەتوادا بڵاودەکاتەوە.

بەر لەگەیشتن بەسەرۆکایەتی وەزیران، سەدر لەکێشمەکێش و ململانییەکی سەختدایە لەگەڵ ئەو خۆپیشاندەرانەی کە سەردەمێک ئەم پاڵپشتیان بوو. تەنانەت خۆشی بە عاشقی “شۆڕشی تشرین” ناساند[٧]، کەچی لەوە بەدوا، بارگرژی نێوانیان گەیشتە ئاستی تۆمەت گۆڕینەوە و تەنانەت کوشتنی خۆپیشاندەرانیشی بەدەستی لایەنگرانی سەدر[٨] تێکەوت. بەرلەوەی لەدوا ھەنگاودا سەدر بڕێک پاشگەز ببێتەوە و بەپێی مەرج و بەندو باوی تایبەتی خۆی[٩]داوای ھاوپەیمانی بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی “گەندەڵکاران”،  ھەروەھا بەھۆی ئەوەی ھەڵبژاردنی داھاتووـ ئەگەر ساز بکرێت لە ٦ حوزەیرانی ٢٠٢١ ـ بەدەسکەوت و بەرھەمی رەنجی خۆپیشاندەران لەقەڵەم دەدرێت و دروشمی سەدریش “پاڵپشتی چاکسازی” ییە، پێویستی بەخۆ یەکلاییکردنەوە لەگەڵ ئەو بنکە جەماوەرییە ھەیە. بەرلە بەرەنگاربوونەوەی رکابەرە سیاسییەکانی لە ململانێی پۆستی سەرۆکایەتی وەزیران، دەبێ کیشەکانی لەگەڵ خۆپیشاندەران یەکلا بکاتەوە. ئەم ھەنگاوە بۆ سەدر زۆر قورس و مەحاڵ نییە بەتایبەت زۆرجار سەدر لە ناوچەی خۆڵەمێشیدایە، ھەر لەبەر ئەمەش پێی وتراوە “پیاوی سوپرایز و خۆگونجاندن لەگەڵ دژیەکییەکان”[١٠]ھەروەھا ھەندێکی دیکە زیاتر رۆیشتوون و ناویان ناوە “سەرۆکی دژیەکییەکان”[١١]، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی لەسەر ھیچ شتێک ئۆقرە ناگرێت و ھەر لەم میانەیەشدا بەدوور نازانرێت دوای خۆپیشاندەران ھەوڵی رازیکردنی کورد و سوننە بدات.

زیاتر