هەرێمی کوردستان لە دەروازەی "ئۆڤاکۆی"دا

  07/04/2023  |    932 جار خوێندراوەتەوە
یاسین تەها 
پێشەکی

گەیشتنی ڕاستەوخۆ بە تورکیا بەبێ گوزەرکردن بە هەرێمی کوردستان و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، ساڵانێکە بووەتە خەونێکی عێراقی. لە کابینەی حەیدەر عەبادی (٢٠١٤_٢٠١٨) حکومەتی عێراق هەوڵی زۆری دا دەروازەیەکی سنوریی تایبەت بەخۆی لەگەڵ تورکیادا بکاتەوە (ئۆڤاکۆی)، بەڵام سەری نەگرت؛ لەم ساڵەی دوایشدا پڕۆژەیەکی تری هاوشێوە بەڵام گەورەتر لەچوارچێوەی پەلکێشانی چین بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەمان مەبەست سەریهەڵدا کە ناو نراوە "کەناڵی وشک" یان "ڕێگەی پەرەپێدان" کە درێژییەکەی نزیکەی ١٢٠٠کم دەبێت. ئامانج لەم ڕێگەیەیش بەستنەوەی کەنداوی عەرەبی و بەسرەو عێراقە بە تورکیاو لەوێیشەوە ئەوروپا. ئەم بابەتە لەسەر لەمپەرەکانی بەردەم پڕۆژە نوێیەکەو پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەڵوێستە دەکات.

 پڕۆژەی هەڵپەسێردراوی دەروازەی "ئۆڤاکۆی"  

گرنگیدانی زۆر بە کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لەگەڵ عێراق لای گوندی "ئۆڤاکۆی"ی تورکیا، بەشێک بوو لە تۆڵەی تورکیا لە ڕیفراندۆمی ٢٠١٧. لە پاش کۆتاییهاتنی ئەم پرۆسەیە، تورکیا بیری لە چەندان ڕێگەی جۆراوجۆر کردەوە بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان، کە یەکێک لەوانە بەرتەسککردنەوەی بازرگانیی نەوت و داخستنی ئاسمان بوو بەڕووی هەرێم، لەگەڵ بانگەشەکردن بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی نوێی سنوری بۆ ناو عێراق کە ڕێگە بە تورکیا بدات باکوری عێراق و حکومەتی هەرێم بەدەر بکات و پەراوێزیان بخات([١]).

بەگوێرەی نەخشەکان ئەم دەروازە گریمانکراوە، ١٢کم لە شاری "سلۆپی"ی تورکیاوە دوورەو ٥١کم لە ئیبراھیم خەلیل. ئەو سێگۆشە سنورییەیشی کە دەروازەکە لەخۆدەگرێت، نزیکترین خاڵی بەیەکگەیشتنی سنورەکانی تورکیایە (شڕناخ) لەگەڵ سنوری پارێزگای نەینەوا کە بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ و، بەهۆی ڕووبەری گەیەنەری هەردوولا، بە سنوری پارێزگای دهۆکدا گوزەر دەکات. دەوڵەتی تورکیا لە ٢٠١٧ داوای لە عێراق کرد هێزە فیدراڵییەکان لەو ناوبڕە کوردییە بڵاو بکاتەوە، چونکە گەیشتن بە ڕەبیعە لەلای تورکیاوە، دورییەکەی ١٠٠کم دەبێت و ئەمەیش تێچوون و ئەرکی پاراستنی زیاترو قورستر دەکات([٢]). هێزە عێراقییەکان لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧و لەسەردەمی حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیراندا هێرشێکی خوێناوییان کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی سحێلاو مەحمودیە، بەڵام بەبێ بەدیهاتنی ئامانجەکەو پاش بەرەنگاربوونەوەیەکی چەکداریی توند لەنێوان پێشمەرگەی هەرێم و "ڕۆژ" لەلایەک و هێزە عێراقییەکان لەلایەکی تر، شەڕەکە کۆتایی ھات([٣]).

هاندەری عێراق بۆ گەیشتن بەم ڕێڕەوە جگە لە کەنارخستنی هەرێمی کوردستان و تۆڵەکردنەوەی ڕیفراندۆم، هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابوری بوو لەڕێگەی زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕ لەگەڵ دراوسێکان، بەڵام لە دیوی تورکیاوە گەورەتر لە ئابوری تەماشای پڕۆژەکە دەکراو، بەگوێرەی توێژینەوە تورکییەکان سودەکانی زۆر زیاترن، لەوانەیش: دروستکردنی بەدیلێک بۆ دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل (خابور)، کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوەی شمەک، بەهێزکردنی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیی عێراق لە ناوچەکەدا، کە ئەمەیش لە بەرژەوەندیی تورکیایە کە ساڵانێکە گیرۆدەی کێشەی کوردە لە ناوخۆی وڵاتەکەی([٤]).

ئەگەر ئەم دەروازەیە سەری بگرتایە، ئەوا کۆمپانیا تورکییەکان دەیانتوانی بگەنە ناوەڕاست و باشوری عێراق. جگە لەوەیش تورکەکان بیریان لەوە دەکردەوە ئەگەر کونسوڵخانە لە موسڵ بکرێتەوەو ناوچەیەکی بازرگانیی سەلامەت دابمەزرێت، چالاکییە بازرگانییەکانی تورکیا لە ناوچەکە زیاتر دەبن و دەرفەتێکی نوێ لەدایکدەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێشاوی پەلکێشانی شیعە؛ لەچوارچێوە سیاسییەکەیشدا، دەبووە کارتێکی گوشار بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەم شێوەیە تورکیا لەڕووی ئاسایش و ئابورییەوە قازانجی دەکرد([٥]). بەڵام سەرباری پەرۆشی عێراق بۆ ئەم پڕۆژەیە، هۆکارێک کە بووە مایەی نیگەرانی و سەرچاوەی دڵەخورتێ بۆ هێزە شیعە حوکمڕانەکان، خەونە فراوانخوازییەکانی تورکیایە؛ چونکە عێراق لەوە دەترسێ تورکیا پەرەپێدان و کارتی جموجۆڵی بازرگانی بقۆزێتەوە بۆ بوژاندنەوەی پڕۆژە عوسمانییەکەی لە ناوچە تورکماننشینەکانی تەلەعفەر کە لەسەر ڕێگەی دەروازەکەیە؛ هەروەها بە پاساوی پاراستنی کاروانە بازرگانییەکانیش هێزی ئەمنی و سەربازیی زیاتر بهێنێتە ناو خاکی عێراقەوە؛ بەتایبەت کە بنکە سەربازییەکانی تری دوور نین لە ناوچەکەو، ئەوکاتیش جەنگی پەکەکەو تورکیا لە هەرێمی کوردستانەوە دەگوازرایەوە بۆ ناوچەکانی پارێزگای نەینەواو سەرئێشەیەکی تری ئەمنی بۆ عێراق دروست دەبوو([٦]).

پڕۆژە نوێیەکەی "ڕێگەی پەرەپێدان"و "کەناڵی وشک" 
لە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی بۆ تورکیا (٢١ ماسی ٢٠٢٣)، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەبارەی ئەنجامی کۆبونەوەکانی هەردوولاوە ڕایگەیاند: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەبارەت بە بەستنەوەی تورکیا بە کەنداو لە ڕێگەی عێراقەوە موژدەی نوێ دەدەن. بە قسەی ئەردۆغان ئەم پڕۆژەی بەستنەوەیە "هەستیارترین هەنگاوە" کە گەیاندنی وشکانی و ئاسنین لەخۆ دەگرێت و بەسرە بە تورکیاوە دەبەستێتەوە([٧]).

ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان کە زیاتر مۆرکی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەسەریدا زاڵە، لە دیوە عێراقییەکەیشییەوە هەر هەمان شتەو پڕۆژەکە بە یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی عێراق و تورکیا لە سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی لێکدراوەتەوەو، لە وێناکردنە عێراقییەکاندا ڕێگەکە (پەرەپێدان _ کەناڵی وشک)، بەهاکەی یەکسانە بە زێڕ بە درێژاییی سەدان کیلۆمەتر؛ چونکە مەودای نێوان وڵاتان لە بواری گواستنەوەو وزەدا نزیکدەکاتەوە([٨]).

بەر لەوەیش کە سودانی گەشتی تورکیا بکات (٢١ مارسی ٢٠٢٣) لە وتارێکدا باسی لەوە کردبوو کە "ڕێگەی پەرەپێدان" لە ڕێگەیەکی خێراو هێڵی شەمەندەفەر پێکدێت و بە دیوانییەو نەجەف و کەربەلاو بەغداو موسڵدا تێدەپەڕێت و تا سنوری تورکیا درێژدەبێتەوە؛ پاشان لەڕێگەی ئەستەنبوڵەوە ڕێگە بۆ بەندەری مێرسین و ئەوروپا دەکاتەوە. سودانی گرنگیی پڕۆژەکەیشی بەوە دیاریکردووە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان عێراق و تورکیا گەیشتووەتە نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار، کە زیاتر بریتین لە بەرهەمە کیمیایییەکان، تۆو، دانەوێڵە، مۆبیلیات و دەرمان و پێداویستیی پزیشکی؛ لە بەرامبەریشدا ھەناردەی عێراق بۆ تورکیا لە نەوتدا چڕ بووەتەوە([٩]).

گرنگیی پڕۆژە نوێیەکە بۆ عێراق و تورکیا

لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ لە شاری بەسرە کۆنفڕانسی "بەندەری فاوی گەورەو کەناڵی وشک" بەڕێوەچوو. فەرحان ئەلفەرتوسی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەندەرەکانی عێراق، ڕێڕەوە پێشنیارکراوەکەی بە "ڕێگەی ئاوریشمی" عێراق ناوبردو بە گرنگترین پڕۆژەی ئابوری و ستراتیژیی ناوچەکەی دایە قەڵەم. فەرتوسی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دوو پڕۆژەیە نەخشەی ئابوریی جیهانی دەگۆڕن. بەمەیش کاتەکانی ترانزێت بۆ ئەو کەشتییانە کەمدەکاتەوە کە لە ڕێڕەوی ئاوی ڕۆژاوای ئاسیاو دەریای سورەوە گەشت دەکەن بە تێکڕای ٢٠ بۆ ٢٥ ڕۆژ؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تێچوون بە قەبارەی ملیۆنان دۆلار([١٠]).

عێراق خوازیارە لەم ڕێگەیەوە ببێتە ناوەندێکی گواستنەوە لەنێوان ئاسیاو ئەوروپا. پاش ئەوەی بەندەری گەورەی فاو لە شاری بەسرە تەواو دەبێت، پەیوەست دەکرێتەوە بە بەندەرەکانی تورکیاوە؛ ئەمەیش بەلای هەندێ شرۆڤەکاری عێراقییەوە هیچی کەمتر نییە لە سامانی نەوت. ئەردۆغان لە نێوەندی بانگەشەکردن بۆ پڕۆژەکە جەختی لەوە کردووەتەوە "ملیۆنان کەس لە ناوچە بەرفراوانەکان لە ئەوروپاوە تا کەنداو، سودمەند دەبن لەو بەها زیادەیەی کە لەگەڵ دروستکردنی ئەم ڕێگەیەدا سەرهەڵدەدات. هەروەها ئاماژەی بەوەیشکردووە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی هاوکارییە ناوچەییەکان، پەرەپێدانی بازرگانی و بەهێزکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان و گوتی، "ڕێگەی گەشەپێدان، ڕێگەی ئاوریشمی نوێیە بۆ ناوچەکەمان"([١١]).

بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنانەی هەن، لە حاڵەتی تەواوبوونی پڕۆژەکەدا ئەو کەشتییانەی کە لە بەندەری شەنگەهای چینەوە بارکراون بۆ بەندەری ڕۆتەردام و نزیکەی ٣٣ ڕۆژیان پێویستە، بە گۆڕینی ڕێگەکە تەنیا ١٥ ڕۆژیان پێویستە؛ بە مەرجێک لە شەنگەهایەوە بچنە بەندەری گوادار لە پاکستان، پاشان بۆ بەندەری گەورەی فاو، لەوێیشەوە لە ڕێگەی کەناڵی وشکەوە بۆ بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست لە سوریاو تورکیا تا دەگەنە بەندەری ڕۆتەردام لە باشوری هۆڵەندا. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە گواستنەوە لە ڕێگەی عێراقەوە، کەمبوونەوەی بەرچاو لە تێچووی گواستنەوەی کاڵاکان تا زیاتر لە نیوە دابیندەکات"([١٢]).

بنەماکانی ئەم پڕۆژەیە کاتێک گەڵاڵە بوون کە چین لە ٢٠١٣ ڕێڕەوی ئابوریی چین و پاکستان (CPEC)ی ڕاگەیاند وەک بەشێک لە دەستپێشخەریی "پشتێنەو ڕێگەوبان" کە بەهاکەی چەندەها تریلیۆن دۆلارەو پارێزگای شینجیانگ لە باکوری ڕۆژاوای چین، بە بەندەری گواداری پاکستان لەسەر زەریای هیندی دەبەستێتەوە. ئەم بەندەرەیش تەنیا ٤٠٠کم لە گەرووی هورمزەوە دورە کە لە بەشی باشوری سنورە ئاوییەکانی عێراقە([١٣]).

هەنگاوەکانی پڕۆژەکەو نەخەشە عێراقییەکەی

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوە فەرمییەکان، تورکیا وەزیرەکانی خۆی ڕاسپاردووە کار لەسەر پڕۆژەکە بکەن([١٤]). لە دیوی عێراقیشەوە کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسنی عێراق، دەستپێکردنی دانوستانەکانی لەگەڵ کۆمپانیای "یابی مەرکەزی"ی تورکیی ڕاگەیاندووە، بە ئامانجی وەبەرهێنان لە پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵی ئاسنین لە فاوەوە تا تورکیا لە ڕێگەی "کەناڵی وشک_ ڕێگەی پەرەپێدان". کۆمپانیا تورکییەکەیش خواستی خۆی خستووەتەڕوو بۆ لێکۆڵینەوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە بازرگانییەکانی هێڵی ئاسنی عێراق و درێژەدان بەو کۆبوونەوانە([١٥]).

بەگوێرەی پلانەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش، وردەکارییەکانی پڕۆژەکە بریتییە لە ڕێگەی زەمینی و هێڵی ئاسنی خێرا بۆ گەشتیاران و کاڵاکان لە بەندەری گەورەی فاوەوە بۆ تورکیا؛ لەوێش بە تۆڕی ڕێگەی ئەوروپییەوە بەستراوەتەوە. لە قۆناغی یەکەمیشدا توانای دەگاتە ٣.٥ ملیۆن کۆنتێنەرو ٢٢ ملیۆن تۆن کەلوپەل؛ لە قۆناغی دووەمدا بەرزدەبێتەوە بۆ ٧.٥ ملیۆن کۆنتێنەرو ٣٣ ملیۆن تۆن کاڵا. لەبارەی هێڵی ئاسنەکەیش شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگری خێرای دەبێت بە خێراییی ٣٠٠ کم لە کاتژمێرێکدا، بە توانای ١٣.٨ ملیۆن سەرنشینی ساڵانە. هەروەها شەمەندەفەری دووەمیش تایبەت دەبێت بە بارو گواستنەوەی شمەک بە خێراییی ١٣٠_١٤٠کم لە یەک کاتژمێرو، بە نزیکەی ٩ پارێزگادا تێدەپەڕێت و کۆی درێژیی ڕێگەکەیش دەگاتە ١١٩٠ کم([١٦]). ئەو پارێزگایانەیشی پێیدا دەڕوات، لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە شاری بەسرە تا ناسریە، پاشان سەماوەو نەجەف بەرەو ڕۆژاوای شاری کەربەلا، پاشان دەچێتە ناوچەی ئەبوغرێب لە بەغدا، پاشان لەڕووی باکورەوە بۆ سامەڕا، پاشان بۆ تکریت، پاشان بێجی بۆ موسڵ، پاشان ڕۆژاوای نەینەوا تا سنوری سوریا لە شاری ڕەبیعە، پاشان لە سنوری عێراق و تورکیا کۆتایی دێت([١٧]). ئەوەیشی جێگەی سەرنجە هیچ لەم ڕێگەیانە هەرێمی کوردستانی تێدا نییە!

لەمپەرەکانی بەردەم "ڕێگەی پەرەپێدان"و ئەگەرەکانی سەرکەوتن 

لە کاتێکدا کەناڵی وشک و بەندەری گەورەی فاو دەرفەت بۆ عێراق دەڕەخسێنن کە پێگەی جیۆپۆلیتیکیی خۆی بەرزبکاتەوە، بەڵام تەحەددای ناوخۆیی وەک خراپ بەڕێوەبردن و دابەشبوونە سیاسییەکان و تەحەددا دەرەکییەکانی وەک کێبڕکێی وەبەرھێنان لەنێوان چین و ئەمریکا، ئاستەنگن لە بەردەم سەرکەوتن([١٨]). لەسەر ئاستە ناوخۆیییەکەیش بەگوێرەی ئەو توێژینەوانەی کراون([١٩]) سەرکەوتنی پڕۆژەکە پەیوەستە بە کۆمەڵێک ھۆکاری جیۆپۆلیتیکییەوە. ڕاستە دەرفەت هەیە بۆ ئێران کە لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینێکەوە کە لە بەسرە تا سنورەکانی درێژدەبێتەوە، سود لەم پڕۆژەیە وەربگرێت، بەڵام ڕەنگە ئێران وەک زلهێزێکی ناوچەیی، هەست بکات کە لە ڕێگەی ڕێڕەوە نوێیەکەیەوە گۆشەگیر دەبێت. ئەگەریش سەرکردەکانی ئێران هەست بکەن کە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە مەترسیدایە، دەتوانن لەڕێگەی نفوزی ئێران لە عێراق و کەنداو هەوڵی تێکدانی پڕۆژەکە بدەن. هەر لەم نێوەیشدا هەندێک پەرلەمانتاری شیعە نیگەرانی و دڵەخورتێی ئەوەیان هەیە تورکیا زیاتر کەڵک لە پڕۆژەکە وەربگرێت و، باس لەوە دەکەن "کەناڵی وشک سودێکی کەم بە عێراق دەگەیەنێت"، کە بەپێی پێشبینیی ئەوان ڕێژەکەی ٢٥% زیاتر نابێت([٢٠]). بەهۆی ئەوەیشی پێشبینی دەکرێت فاو پێش "بەندەری جەبەل عەلی"ی دوبەی بکەوێت- کە لە ئێستادا گەورەترین بەندەری کۆنتێنەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا-، ئەگەری ڕێگریی ئیماراتییەکان دور نییە.

لەسەر ئاستی ناوخۆش ئەو ناسەقامگیرییە سیاسی و تەناهییەی لە عێراق هەیە، ڕەنگە پڕۆژەکە بخاتە مەترسییەوە. هەرچەندیشە ئێستا دۆخی ئەمنی، ئۆقرەییی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا داعش چالاکیی هەیە، پەکەکە لە ناوچەکەدا هەن کە نەیاری تورکیان؛ جگە لەم گروپانە، ڕەنگە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران بەربەست بخەنە بەردەم دروستکردنی ئەو ڕێگەیە بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتن بە تورکیا، بەتایبەت کە کێبڕکێی نێوان ئێران و تورکیا لە باکوری عێراق لە موسڵ، تا دێت بەرەو هەڵکشان دەچێت.  

پەیوەندیی پڕۆژەکە بە کوردستانەوە

لەو نەخشە فەرمییانەی کە ڕاگەیەنراون، هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی ڕێگەی "کەناڵی وشک"ە کە ڕێڕەوێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوت و غازی عێراق بۆ ئەوروپا؛ بەڵام بەگوێرەی دەرەنجامەکانی کۆنفڕانسی بەندەری فاوی گەورە کە لە کۆتاییی ساڵی ڕابردوودا لە بەسرە بەڕێوەچوو، "دەرفەتی پەیوەندیکردن لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە واقعیترە وەک لە ڕێگەی سوریا"، بەتایبەت کە لەو وڵاتە زیاتر لە گروپێکی باڵادەست لە باکوریدا ھەن و بە دۆخێکی نائارامدا گوزەردەکات. لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ ئەوەی ئەوروپا سود لە سەرچاوە وزەی عێراق وەربگرێت، سەرەتا دەبێت کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی لە بەغداو حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن و لەم نێوەندەیشدا لێکنزیکبوونەوەی نێوان هەولێرو بەغدا دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە لە کوردستان بەرهەمهێنانی وزە زیاد بکات؛ چونکە هەرێمی کوردستان یەدەگی سەلمێنراوی غازی زیاتر لە ٢٥ ترلیۆن پێ سێجایە. ئەمەیش یەکسانە بە ٢٠%ی کۆی یەدەگی سەلمێنراوی غاز لە عێراق؛ کەچی عێراق کە لە ئێستادا لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٠%ی پێویستیی غازی خۆی لە ئێرانەوە هاوردە دەکات([٢١])، بە گوێرەی لێدوانەکانی سودانی ساڵانە زیاتر لە ٧ ملیار دۆلار لە پای غاز دەداتە ئێران.

کۆبەند

گۆڕانکارییە ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی ناوچەکە تیژو خێراو گەورەن، بەتایبەت پاش پەلکێشانی چین وەک زەبەلاحێکی ئابوریی گەورە بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. عێراق بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە یەکێکە لەو وڵاتانەی لە ھەوڵدایە لە ڕێگەی کەناڵی وشکەوە ڕۆڵێکی گەورە لە کورتکردنەوەی ڕێگەی بازرگانیی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا بگێڕێت لە ڕێگەی پەیوەستکردنی بەندەری فاو و لەوێیشەوە بۆ تورکیاو دوایی بۆ ئەوروپا. ئەم پڕۆژەیە کە خاڵی سەرکەوتنی زۆرەو لەمپەری زۆریشی لەبەردەمە، بەهەر هۆکارێکیش بووە پڕۆژەکە لە دیزاینە بەرایییەکانیدا هەرێمی کوردستانی هەڵاواردە کردووەو بۆ ئەوەی بە هەرێمدا گوزەر نەکات بە سوریادا دەڕوات. بەهۆی گرنگیی ڕێگەکەو بەهۆی ئەوەی سەدەی داهاتوو پێگەی نەوت ڕوو لە لاوازییەو سەردەم سەردەمی غازو ڕێگە بازرگانییەکانە، پێویستە هەرێمی کوردستان لەسەر هەموو ئاستەکان کار بکات بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لەم پڕۆژە گەورەیە؛ بەو پێیەی تێپەڕین بە خاکی هەرێمدا ئاسانترو ڕەخساوترە بە بەراورد بەوەی ڕێگەکە لە سوریاوە بچێتە ناو تورکیا. ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمە دەرفەتی نزیکبوونەوەی هەولێرو بەغدا بقۆزنەوە بۆ دڵنیاییدان بە عێراق و تورکیاو، بە هەر جۆرێک بووە نەهێڵن هەرێم لەو دەرفەتە بێبەش ببێت؛ ئەگەرنا وەک گیرفانێکی فەرامۆشکراوی لێدێت لە عێراق، بەتایبەت پاش ئەوەی بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی و دادگەی بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، کارتی فرۆشتنی نەوتی بەسەربەخۆ لەدەستدا.

زیاتر