ئەحمەد سالار ئاشت بکەنەوە..!

توانا ئەمین

نوسەر و چیرۆکنوس
  28/08/2020  |    3182 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد سالار حەفتا ساڵ تەمەنی خۆی لە شانۆی کوردیدا سەرف کردووە، پێشرەوی شانۆی کوردی و دامەزرێنەری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانییە. زیاتر لە ۱۸٠ شانۆیی و دراما و فیلم و بەرهەمی هونەریی کردووە، زیاتر لە ۲٤ کتێبی لە باشترین دەقە شانۆییەکانی جیهان وەرگێڕاوە و ۳٦ شانۆیی نووسیوە. ئەحمەد سالار بۆ شانۆی کوردی ستانسلافسکی و مایرهۆڵدە، هەم تیۆری هەم پراکتیکی ٥۳ ساڵە هیچ کوردێک هێندەی ئەحمەد سالار لەسەر شانۆ نەبووە. ٤۳ ساڵ لەمەوپێش خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە عێراقدا وەرگرتووە.
تاوان نییە ئەحمەد سالار مەلایی بووبێت، ئەحمەد سالار بەعسی نەبووە، ماڵە پێشمەرگەی نەداوە بەدەست ئەمنەوە، جاش نەبووە، قەڵەمی شەڕی ناوخۆ نەبووە، قەڵەمی ئەژنۆی خەڵکی نەشکاندووە، دیلی ئازار نەداوە، نینۆکی خەڵکی هەڵنەکەندووە.
ئەحمەد سالار شکۆی شانۆی کوردییە، بە شانۆییەکانی چەخماخە و پاڵتۆ و جەنابی موفەتیش و پیسکەی تەڕپیر بووە بە بەشێک لە نوستالۆژیای هەموو کورد.
یەکێتی دەبێ لەمە گەورەتربێت کە هەیە، ئەحمەد سالار بهێننەوە بۆ سلێمانی لە باشترین و بەرچاوترین شوێنی ئەو شارەدا پەیکەرێکی گەورەی شایانی بۆ بکەن. ئەحمەد سالار شێکسپیر و مۆلێر و چیخۆف و گۆگۆڵی وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی.
ڕەنگە سەرنجڕاکێش بێت ئەگەر بزانن گۆرانی (بۆ دواجارە بەجێت دێڵم) کە هونەرمەندان کاڵێ و تایەری خەلیلی و لەیلای فەریقی دەیڵێن شیعری ئەم پیاوەیە. ئەحمەد سالار کوڕی سلێمانی و موڵکی کوردستانە، ئەو پیاوە چۆتە تەمەنەوە سبەینێ خوانەخواستە مەرگ زەفەری پێ بهێنێت بەدڵشکاوی دەمرێت. ئەو سەرکردایەتییە نوێیەی یەکێتی حەقە لەمە گەورەتربێت کە هەیە، بوغز و شەڕی کۆنەقین لە گڵبنێت، بە جۆرێک مامەڵە بکات کە خەڵک هەست بکات شتێ گۆڕاوە! ئەو پیاوە دوور لەم شارە بمرێت عەیبەیەکی گەورە لەسەر ناوچەوانی سلێمانی مۆر دەبێت، کە پەیکەری کەرێکیان دانا و نەیانهێشت پەیکەری ئەحمەد سالار لە سلێمانی دابنرێت.
هەستن ئەحمەد سالار ئاشت بکەنەوە... ئیتر درەنگە..
زیاتر