سۆرانی  |  بادینی  |  English      

كابینەكەی مەسرور، هاوڵاتیانی مەسرور نەكرد!

ئیبراهیم عەلی

رۆژنامەنووس
  07/08/2020  |    245 جار خوێندراوەتەوە
نایشارمەوە لەسەرەتای راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، پێم وابوو مەسرور بارزانی دەتوانێت كابینەی حكومەتەكەی لەكابینەكانی پێشووتری باشتر بكات و دەتوانێت لەزۆر روەوە هەنگاوی باش بنێت... تاكە شتێك لەو پیاوەدا دەمبینی ئەوەبوو كە مەسرور بارزانی پیاوێكی ئەمنییەو لەهەناوی دەزگایەكی هەواڵگری هاتۆتە دەرەوەو بەهۆی پێگە ئەمنییەكەی دەتوانێت زۆر شت بكات. چونكە ئەوانەی بەرپرسن لەخراپی دۆخی ئەم هەرێمە كەسانی دەستڕۆیشتوون و لەسەر حیسابی داهاتی گشتی بونەتە ملیاردێر، پێم وابوو گەڕاندنەوەی داهاتی گشتی بۆ خەزێنەی حكومەت بەزەبری هێز دەكرێت، چونكە هێز هۆكارێكی سەرەكی جێبەجێكردنی یاسایە... بەڵام بەداخەوە خەریكە نزیك دەبینەوە لەنیوەی تەمەنی كابینەكەی مەسرور بارزانی هیچ هەنگاوێكی گەورەمان نەبینی... بگرە دەبێت بڵێین سەد خۆزگەمان بەكفن دز...

ماوەیەك بەر لەئێستا لەگەڵ بەرپرسێكی ئەو وڵاتە قسەم دەكرد گفتوگۆمان لەسەر دۆخی ئابوری و سیاسی كابینەی نۆیەم بوو كە ئەو بەرپرسە یەكێك بوو لەوانەی زۆر هیوای بەمەسرور بارزانی بوو، بەڵام قسەیەكی جیاوازی كرد وتی ئەسڵەن نەك دۆخەكە باش نابێت، بەڵكو ”دۆخێك دێتە پێشەوە كە رەنگە دوعاكردن بۆ كابینەكانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەو هەموو گەندەڵییە بەعیبادەت حیساب ببێ”.

خۆزییە ئەو دەسەڵاتە ئەمنی و عەقڵیەتە ئەمنیەی سەرۆكی حكومەت بخرابایە خزمەت گێڕانەوەی پارەی دزراوی ئەو میللەتە... نەك دۆخەكە خراپتر بكرێت... هەموو هیوای ئەو كابینەیە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بوو، بەداخەوە جێبەجێكردنی ئەم یاسایە بووەتە ئەستەم. لەڕووی موچەشەوە رەنگە تا كۆتایی ئەمساڵ لەباشترین حاڵەتیدا سێ موچەی پێبدرێت. واتە لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا حكومەت سێ موچە قەرزداری فەرمانبەران بوو ئەو ڕێژەیە لەو كابینەی بۆ دوو هێندە زیاتر بەرزدەبێتەوەو حكومەت حەوت موچەی فەرمانبەران قەرزدار دەبێت...

ئیدی كوردستانێكی بەهێز ئێوە خۆش...

زیاتر