یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی دوومین دیدار، بەو بۆنەیەوە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا
پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی و راسپاردەی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووەمین دیداری خۆی ئەنجامدەدات، لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری لیژنەکە ئەمڕۆ دووشەممە(١٨/١١/٢٠٢٤) لە دەباشان کۆبووەوە.
بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی پەسندکراوی کۆنگرەی پێنجەم و راسپاردەی دواکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ئەنجامدرا، ئامانجی سەرکی کۆبوونەوەکە باس کردن بوو لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دووەمین دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بڕیارە لە ساڵی داھاتوودا بەڕێوەبچێت.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەداوە کە یەکێتی وەک حیزبێکی چالاک و خاوەن پێگەیەکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، هەموو کات ئامادەکاری دەکات بۆ قۆناغ و ئەگەرە جیاوازەکان، ئێستاس لەپاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە ئەگەر و گۆڕانکاریی بەڕێوەیە وەک نەریتێکی یەکیەتییانە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی دیدارەکە دەکەین .
دیداری ئەمجارەی یەکێتی لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی یەکێتی لەبوارە جیاجیاکاندا، و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەموو چین و توێژەکان؛ ئامادەکاری بۆ قۆناغی داهاتوو دەکات لەپێناو باشتر خۆڕێکخستنەوە و خۆگونجاندنی زیاتر لەگەڵ پێویستییەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.