سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق زانیاری نوێ لەسەر پرۆسەی سەرژمێری ئاشکرادەکات و دەڵێت، " سەرژمێری گشتی دانیشوان دەبێتە هۆی راستکردنەوەی ئاڕاستەی سەرجەم پلانە خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و وەبەرهێنانەکان".
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: لە دوو رۆژی داهاتوودا پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەنجامدەدرێت، دوای تێپەڕبونی (٣٧) ساڵ بەسەر ئەنجامدانی دواین سەرژمێری گشتی، ئەوەش توانای پرۆسەی پلاندانان بەرزدەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: سەرکەوتنی پرۆسەی سەرژمێری دەرفەتی ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنێت سەرجەم ئاڕاستەکانی پلانە خزمەتگوزارییەکان راستبکەینەوە، لەگەڵ کەرتی بەرهەمھێنان و کەرتەکانی تریش، بەوپێیەی جێبەجێکردنی پرۆژە پیشەسازی و کشتوکاڵی و خزمەتگوزارییەکان، پێویستی بە بوونی داتای راست و وردو باوەڕپێکراو هەیە.
دەشڵێت: وێڕای ئەوەی سەرژمێری بە پێوەری بنەڕەتی دابەشکردنی داهات و تەرخانکراوە داراییەکانی نێوان پارێزگاکان دادەنرێت، لەڕێی سەکۆی داتایەکی تێروتەسەلی سەرژمێری گشتی و، تێپەڕاندنی پرۆسەی خەمڵاندن، کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو پشتی پێبەستراوە.
باسی لەوەشکرد: سەرژمێری گشتی، ئەو پارێزگایانەمان بۆ دەستنیشان دەکات کە زۆرترین پێویستی بە یەکەی نیشتەجێبونە و، زۆرترین رێژەی هەژاری و بێکاری و کەمترین ئاستی خزمەتگوزاری تیادایە، ئەوەش وادەکات چارەسەر بۆ پرۆسەی پێشخستنی ماوچەکان و بەدیهێنانی گەشەی بەردەوام بەدیبهێنین.