عەبدوڵڵای حاجی مەحمود: سێ جار ماڵمان ڕووخێندراوە

  2024-11-19  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاشکرای دەکات کە تاوەکو ئێستا سێ جار ماڵیان ڕووخێندراوە و دەڵێت، "لە ئێستاشدا جارێکی تر ماڵەکەم لە لایەن (حەمەی حاجی مەحمود) ڕووخێندرا".

عەبدوڵڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند: سێ جار ماڵمان ڕووخێندراوە لە ساڵەکانی ١٩٧٩ و ١٩٨٨ و ٢٠٢٤ـدا، گوندی گوڵەخانەی دەڤەری شارەزوور یەکێک بوو لەو گوندانەی کە لە ساڵی ١٩٧٩ـدا لە لایەن حزبی بەعسەوە وێرانکرا، ماڵی ئێمەش ڕووخێندرا.

ئاماژەی بەوەداوە: ساڵی ١٩٨٨ لە دوای بڕیاردانی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان و هەڵەبجە، جارێکی تر بە فەرمانی (عەلی حەسەن مەجید) ماڵەکەمان لە شارۆچکەی سەیدسادق ڕووخێندرا، لە ئێستاشدا جارێکی تر ماڵەکەم لە لایەن (حەمەی حاجی مەحمود) ڕووخێندرا.

باس لەوەشدەکات: سەردەمەکان جیاوازن بەڵام بیری شۆڤێنی و خۆپەرست لە هەر پێکهاتە و نەتەوەیەکی جیاواز بن هیچ جیاوازییەکیان نییە.

لە کۆتایشدا جەخت لەوەدەکاتەوە کە، پێویستە ئەم جۆرە کەسانە لە کۆمەڵگا دووربخرێنەوە، چونکە بیری شۆڤێنییانە لە داهاتوودا دەبێتە مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگا و مەترسیی تیرۆر و کۆمەڵکوژی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، مێژوو سەلماندوویەتی کە ئەمیش لە داهاتوودا باجی تاوانەکانی خۆی دەدات.