سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی دەستپێکردنی پرۆسەی سەرژمێری رایگەیاند، "دەست بە جێبەجێکردنی سەرژمێری گشتی دەکەین لەپێناو تەواوکردنی کارە لەپێشینەکانی حکومەت".
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا: سبەینێ پێکەوە هەنگاوێکی شارستانی و گەشەکردنی گرنگ دەنێین، کە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیەو ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانی دەکرێت.
وتیشی: دەست بە جێبەجێکردنی سەرژمێری گشتی دەکەین لەپێناو تەواوکردنی کارە لەپێشینەکانی حکومەت، بڕیاری جێبەجێکردنی سەرژمێرماندا، چونکە باوەڕمان بە توانای دەزگا حکومییەکانە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاند: پشتمان بە تازەترین شێوازو ئامرازی نوێ بەستووە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری بە پرۆسەیەکی ئەلەکترۆنی ورد، بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی لە خزمەتی ئێستاو داهاتووی عێراقیەکاندا بێت.
سودانی باسی لەوەشکرد: بنکەی داتاو زانیارییەکان بەنرخ دەبن لە خزمەتکردانی دامەزراوەکان دەوڵەت، ئەو زانیارییانە پشتیوانی مافی ئەو چینانە دەبێت کە پێویستی زیاتریان بە خزمەتە.
لەبارەی سەرژمێریەوە ئەوەی وت: کە سەرژمێری تەنها ژمارە نییە کەڵەکە بکرێت، بەڵکو خاڵی یەکلاکەرەوەیە لەنێوان خەمڵاندن و راستی، ئامرازێکی یەکلاکەرەوەشە بۆ دیاریکردنی بڕیارە گرنگ و کاریگەرەکان.
لەکۆتایدا هێمای بۆ ئەوەکرد: داوا لە هاوڵاتیان دەکەین هاوکاری تیمە راسپێردراوەکان بە ئەنجامدانی سەرژمێری بکەن و، پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن و زانیاری دروست پێشکەش بکەن.