قوباد تاڵەبانی: پێویستە بە خێرایی حکومەتی نوێی خزمەتگوزار لە کوردستان پێکبهێنریت

  2024-11-18  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا _ کوردستان بە سەرۆکایەتی دەیڤد تافوری سەرۆکی ئەنجومەنەکە و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئەمریکا و کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە (18/11/2024) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی کە خۆی لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا – کوردستانە، پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجومەنەکە دووپات کردەوە و هیوای خواست ژمارەی کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەنجومەنەکە زیاترببێت و راشیگەیاند؛ ساڵ لە دوای ساڵ ئەنجومەنەکە گەورەتر دەبێت و ئەوە ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی خواستی کۆمپانیاکان و بازرگانانی ئەمریکا بۆ کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەزیادبووندایە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە قۆناغی پاش هەڵبژاردن لە کوردستان کرا. جێگری سەرۆکوەزیران روونیکردەوە کە پێویستە بە خێرایی حکومەتی نوێی خزمەتگوزار لە کوردستان پێکبهێنریت کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتییانی کوردستان و دۆستانی هەرێمی کوردستاندابێت. 
هەر لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەشدا کە گرنگە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستور و وتیشی: ئەرکی ئەم خولەی پەرلەمانە کار لەسەر دانانی دەستور و هەموارکردن یان پەسندکردنی ئەو یاسایانە بکات کە هاندەری پەرەپێدانی وەبەرهێنانن لە کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە و بەردەوامبوونی هەڕەشەی تیرۆر کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد کە هێشتا داعش هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و لە دواین کردەوەی تیرۆریستیدا رۆژی رابردوو کە چەند کەسێک بەهۆی بۆمبی چێنراوی ئەو گروپە تیرۆریستییەوە شەهیدبوون. وتیشی ئەو رووداوە سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە دەبێت هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر زیاتر بکرێت.

لەلای خۆشیانەوە وەفدی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا – کوردستان سوپاسی قوباد تاڵەبانیان کرد کە بەردەوام پشتیوانی ئەنجومەنەکە بووە. روونیشیان کردەوە کە لەسەر ئاستی ناوچەکەدا هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارام و گونجاوە بۆ گەشەسەندنی وەبەرهێنان و بازرگانی و لەم چوارچێوەیەدا خواستی خۆشیان بۆ کارکردنی زیاتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە