سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە ئاڕاستەی هاوڵاتیانی کەرکوک دەکات و دەڵێت، "لە کۆبونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، نوێنەرانی حکومەتی هەرێممان لەگەڵ بوو، رێککەوتین لەسەر ئەوەی ئەو سەرژمێرییە بە زامنکردن یاخود جێبەجێکردنی مادەی (١٤٠) دانانرێت".
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: لە کۆبونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، نوێنەرانی حکومەتی هەرێممان لەگەڵ بوو، رێککەوتین لەسەر ئەوەی ئەو سەرژمێرییە بە زامنکردن یاخود جێبەجێکردنی مادەی (١٤٠) دانانرێت، با هەمووان مێشکی خۆیان ساف بکەن.
ئاماژەی بەوەشداوە: بەم کارەی ئەیکەن بە هێنانی خێزانەکان لە سلێمانی و هەولێرەوە بۆ کەرکوک، دەلالەت لەوە دەکات ئەمانە لە بنەڕەتدا خەڵکی کەرکوک نین، ئەگینا بۆ لە کەرکوک نیشتەجێنین و لەماڵ و حاڵی خۆیان دانەنیشتون، بە حزبە کوردستانییەکان دەڵێم ئەوە بزانن پرۆژەی لکاندنی کەرکوک بە هەرێمی کوردستانەوە کۆتایهات و بیری لێمەکەنەوە.
دەشڵێت: لێگەڕێن خەڵکی کەرکوک لە ئاسایش و ئارامیدا بژی، ئێوە هەموو رێگایەکتان تاقیکردەوەو نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک، بەڵگەش راپرسیە شکستخواردووەکەتانە، فێڵ لەگەلی کورد مەکەن بەم کارانە، لەبری ئەوە خزمەتیان بکەن، ئێوە ناتوانن موچەیان بۆ دابین بکەن، هەموو مانگێک لە لە بەغداد دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی موچەتان بداتێ.
لە کۆتایدا دەڵێت: جارێکی تر داوا لە حزبە کوردیەکان دەکەم هۆش بێننەوە بەر خۆیان، ئێوە جارێک هەڵەیەکتان کرد و نەگەیشتنە ئەنجام، جگە لەوەی پێکهاتەکانی کەرکوکتان لێکترازان، پێتان دەڵێم، ئێمە لەگەڵ وەزیری پلاندانان و سەرۆک وەزیران رێککەوتوین، تەنها ئەوانەی لەکەرکوک نیشتەجێن خەڵکی کەرکوکن، ئەگەر سەد جاریش تۆماریان بکەن فێڵیان لێدەکەن.