سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەیادی شەهیدانی حزبەکەی دەڵێت، "رۆژی شەهیدی یەکێتی بەرز رادەگرین. سڵاو و خۆشەویستیی زۆرمان بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان دەنێرین ".
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ بە شانازی و وەفاداریی هەمیشەییمانەوە یادی شەهیدانمان دەکەینەوە و رۆژی شەهیدی یەکێتی بەرز رادەگرین. سڵاو و خۆشەویستیی زۆرمان بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان دەنێرین و لەبەرامبەر دڵسۆزی و خۆڕاگرییاندا سەری رێز دادەنەوێنین.
ئاماژەی بەوەشداوە: ئەمڕۆ بۆ ئێمە یادکردنەوەی مێژووی پڕ لە سەروەری و تێکۆشانی حزبەکەمانە لەپێناو ئازادی و سەرفرازیی گەلەکەمان، یادکردنەوەی هەموو ئەو قارەمانانەیە کە خوێنی خۆیان پێشکەشی خاکی کوردستان کرد و بە ژیانی خۆیان ئەم ئەزموونەیان هێنایە کایەوە. بۆیە کاتێک بیر لەو رابردووە پرشنگدارەمان دەکەینەوە، سوورترمان دەکات تاوەکو لە داهاتووشدا بە هەمان رۆحییەتی یەکێتییانەوە بەگژ نادادی و نایەکسانیدا بچینەوە و ئەو بەڵێنەی بە خەڵکمان داوە، پارێزگاریی لێبکەین و هەنگاو بۆ داهاتوویەکی سەقامگیرتر و شەرەفمەندانەتر بنێین، بەمەش رۆحی شەهیدانمان شاد دەکەین و کوردستان بەرەو قۆناغێک ئاڕاستە دەکەین کە شایستەی ئەو رووبارە خوێنەی رۆڵەکانمان بێت.
لەکۆتاییدا سەرۆکی یەکێتی دەڵێت: دروود بۆ رۆحی شەهیدانی یەکێتی و سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادی و سەرفرازیی کوردستان و سەربەرزی بۆ کەسوکارە تێکۆشەرەکانیان.