ڕۆژنامەی "زە ناشناڵ"ـی بەریتانی بڵاویکردەوە، سوپای سوریا پلانی هەیە لە مانگی تشرینی یەکەمدا هێرشێکی بەرفراوان بكاتە سەر پارێزگاكانی رەققە و دێرەزوری ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سوریای دیموركرات 'هەسەدە'.
سەرچاوەکان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ئەگەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) زۆربەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستیاندایە ڕادەست نەکەن، هێزێکی هێرشبەری سووری کە لە 50 هەزار سەرباز پێکدێت و لە نزیک شاری بیابانیی تەدمور کۆکراوەتەوە، بەرەو باکور پێشڕەوی دەکات و بە پشتیوانیی هۆزە عەرەبەكان، پارێزگاکانی رەققە و دێرەزور کۆنترۆڵ دەكات.
یەکێک لە سەرچاوەکان، کە پۆستێکی هەستیاری ئەمنی لە سوریادا هەیە و داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت وتی، هێرشەکە "بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکا" ئەنجام نادرێت. خاڵێکی سەرەکی دیکە دڵنیابونەوەیە لە دەستوەرنەدانی ئیسرائیل، کە مانگی ڕابردوو بۆ ڕێگریکردن لە هێرشێکی حکومەت بۆ سەر ناوەندی پارێزگای سوەیدا لە باشور، دیمەشقی بۆردومان کرد.