سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە بەغداوه بەرەو هەولێر، لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا دەستپێدەکات، ئەوەش وەک جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتۆن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عەرەبییەکان رایگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد و فڕۆکەخانەی بەغدا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەکشێتەوە و روو لە هەولێر دەکات.
دەشڵێت، ڕاهێنەرە سەربازییەکان لە وڵاتدا دەمێننەوە و پەیوەندییان بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە نییە.
لە هەمان کاتدا، هەردوو رۆژنامەی (العربی الجدید) و (الشرق الاوسط) راپۆرتێکی هاوشێوەیان بڵاوکردووەتەوە، سەبارەت بە دەستپێکردنی کشانەوە و گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازیی ئەمریکی لە بنکەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق، وەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی عێراق و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئەیلوولی 2025، لە کاتێکدا هێزەکان تا ئەیلوولی 2026 لە هەولێر و هەرێمی كوردستان دەمێننەوە.