وابڕیارە پرۆسەی دابەشکردنی هاوکارییەکان بۆ زیانەکانی چەمچەماڵ لەهەفتەی داهاتوەوە کۆتایی بێت و لیژنەی سەرپەرشتیاریش دەڵێت، پێشنیار دەکەین ئەو بڕە پارەیەی دەمێنێتەوە بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچەکە و رێگریکردن لە دوبارەبونەوەی کارەساتی لەو شێوەیە بەکاربهێنرێت.
عەتا محەمەد سەرپەرشتیاری كۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە دەست بە قەرەبووکردنەوەی ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان دەکرێت، کە 693 ئۆتۆمبێل لە لافاوەکەدا زیانیان بەرکەوتوە، چەند مەرجێکیشی هەیە و دەبێت سەرجەم بەڵگەنامەکانیان پێبێت.
وتیشی، هەفتەی داهاتوو دەست بە درووستکردنی دوو خوێندنگەی 18 پۆلی دەکرێت لە چەمچەماڵ و تەکیە و هاوکات وەزارەتی پەروەردەش بڕیاری دروستکردنی خوێندنگەی داوە، بەڵام هێشتا شوێنەکەی دیارینەکراوە، لەهەوڵیشداین تاوەکو هەفتەی داهاتوو هەموو هاوکارییەکان دابەش بکەین، هاوکات چەند پڕۆژەیەکیشمان ئامادەکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە تەکییە.
د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، كە وەك سەرۆكی لیژنەی دابەشكردنی هاوكارییەكان هەڵبژێردراوە رایگەیاند، ئێمە وەک لیژنەی دابەشکردنی هاوکارییەکان، ئامانجمان چاودێری پرۆسەکە و دابەشکردنی هاوکارییەکانە و دەمانەوێت هیچ هاووڵاتییەک نەمابێت کە زەرەرو زیانەکانی تۆمار نەکرابێت، راستە پرۆژەکە درێژەی کێشاوە، بەڵام بەهۆی فراوانی سنورەکەوەیەو هیچ کارێکیش بێ کەموکورتی نابێت.
وتیشی: هاوکاری زیانی ئۆتۆمبێل، بۆ بچوکترین زیان 100 هەزار دانراوە و دوای هاوکاریی زیانی ئۆتۆمبێلیش کۆگا و شوێنە بازرگانییەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، چونکە پرۆسەکەمان هاوکارییە نەک قەرەبوو، هیواداراین تا هەفتەی داهاتوو ئەوانەش دابەش بکرێن، دوای دابەشکردنی هاوکارییەکانیش ئەو بڕە پارەیەی دەمێنێتەوە پێشنیاری دەکەین بۆ حکومەت کە بکرێتە پرۆژە بۆ ئەم ناوچەیە و هاوکات بۆ رێگریکردن لە دوبارەبونەوەی ئەم کارەساتە.