سیستمی هاتووچۆى عێراق و هەرێمی کوردستان یەكدەخرێت

  2024-06-23  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی هاتوچۆی گشتی عێراق رایگەیاند، شاندێک لە هەرێمی کوردستان سەردانیان کردوون بۆ دروستکردنی سیستمێکی هاتوچۆی هاوبەش، لە رێگەی ئەو سیستمەوە، ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری تابلۆی عێراق لە هەرێمی کوردستان پێشێلکاری بکات، راستەوخۆ سزای بۆ تۆمار دەکرێت.

محەمەد عەلی بەرێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتی عێراق رایگەیاند، هەماهەنگییەکی راستەوخۆ لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە لەبارەی یەکخستنی سیستمی هاتوچۆ.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەفدێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد بۆ ئامادەکردنی سیستمێکی هاتوچۆی هاوبەش، تا لە رێگەیەوە ئاڵوگۆڕی داتا و زانیارییەکان بکرێت و سیستمی پێبژاردنیش یەکبخرێتەوە.

دەشڵێت، لە کاتی کەوتنەکاری سیستمەکە، ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری تابلۆی عێراق لە هەرێمی کوردستان پێشێلکاری بکات راستەوخۆ تۆمار دەکرێت، شۆفێرەکەش دەتوانێت لە هەرێمی کوردستان پێبژاردنەکە بدات، لە عێراقیش دەتوانێت.

 

 
 
 


ڕیکلام