سودانی: ڕێگریمان له‌ 29 هێرشکردووە بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکا

  2025-07-29  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئاشكرایكرد، زیاتر له‌ 29 هه‌وڵی هه‌ڵدانی موشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانیان له‌ ناوخۆی عێراقه‌وه‌ پوچه‌ڵكردۆته‌وه‌، ده‌شڵێت، "له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم و هاوپه‌یمانان كار بۆ ده‌ستنیشانكردنی به‌رپرسیارانی هێرشه‌ درۆنیه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین".

محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئه‌سۆشێتد پرێس ڕایگەیاند، "ئێمه‌ ڕێگریمان له‌ زیاتر له‌ 29 هه‌وڵی هه‌ڵدانی موشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان له‌ ناوخۆی عێراقه‌وه‌ كرد بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "رێگه‌ به‌ هیچ تاك و قه‌واره‌یه‌ك ناده‌ین عێراق وه‌ك بنكه‌یه‌ك بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌كاربهێنێت".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ڕێگری له‌ هه‌ر لایه‌نێك ده‌كه‌ین كه‌ پاساو دروستبكات بۆئه‌وه‌ی عێراق بكاته‌ ئامانج یان رایكێشێته‌ ناو شه‌ڕه‌كانه‌وه‌، بڕیاری ئاشتی و شه‌ڕ به‌ته‌نها له‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تدایه‌، نه‌ك هیچ تاك و گروپێك".

 سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌ درۆنیه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاشكرایكردووه‌، "ئەو هێرشانە تیرۆرستین، له‌باره‌ی هێرشه‌ درۆنیه‌كانه‌وه‌ لیژنه‌مان پێكهێناوه‌ و حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان كارده‌كات بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌رپرسیارن و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن".

 

 


ڕیکلام