کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری بۆ دووەم تاقیکردنەوەی گەورەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆن باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند: کۆمسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی دووەم پرۆسەی تاقیکردنەوەی ئامێرەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی داھاتوودا.
ئاماژەی بەوەشکرد: پرۆسە تاقیکارییەکە ئامێری پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنی لەخۆدەگرێت کە کامێرای پێوەیە بۆ دڵنیابوون لە وێنەی بایۆمەتری روخساری دەنگدەر، سەرەڕای خێراکردنی ئامێری ئەنجامەکان و ئامێری ناردن کە ئەنجامەکان دەگوازێتەوە بۆ سێرڤەرەکانی نووسینگەی نیشتمانی لە بەغدا، پرۆسەی تاقیکردنەوەکە لە سەرجەم نووسینگەکانی هەڵبژاردن لە سەرجەم پارێزگا جیاوازەکان بەڕێوەدەچێت و وێستگەی دەنگدانی تایبەت و گشتیش لەخۆدەگرێت.
جێی باسە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە یەکەم پرۆسەی تاقیکردنەوە بۆ ئامێرەکانی پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنی و خێراکردنی ئەنجامەکان لە هەزار و ١٢٠ وێستگەی هەڵبژاردن ئەنجامداوە، هاوکات ئاماژەی بەوەشکردبوو کە وێستگەکان لە هەزار و ٧٩ بنکەی تۆمارکردن و نووسینگەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بوون.