سۆرانی  |  بادینی  |  English      

سەرۆک کۆمار یاسای بودجەی پەسەند کرد

  2021-04-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆک کۆمار لە کاتی ڕاستاندنی پرۆژە یاسای بودجەدا ڕایگەیاند، پێویستە بەندەکانی بەشێوەیەک پەسەند بکرێت، بەرژەوەندی هاوڵاتیان بەدی بهێنێت و پشتیوانی لە چاکسازی ئابوری و دژایەتی گەندەڵی بکات.

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە کاتی ڕاستاندنی یاسای بودجیە فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ڕایگەیاند، ئەم ڕاستاندنە بۆ دڵنیاییدانە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆڵەکانی گەل و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و بودجە پێویستەکانی بەکاربردنی حکومەت، بەشێوەیەک کە دادپەوەریی کۆمەڵایەتی بۆ سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەموو پێکهاتەکان و توێژەکانی بەدی بهێنێت.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک کۆماری عێراق جەختیکردەوە لە پێویستی چاکسازی دارایی و ئابوری و پشتیوانی لە کەرتە جیاجیاکانی ئابوری، بەشێوەیەک پشتیوان بێت لە ئامانجەکانی گەشەپێدان و پێشکەوتن.

جەختیشیکردەوە، پەسەندکردنی بودجە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان و بەهێزکردنی ڕۆڵی فەرمانگەکانی دەوڵەت لە جێبەجێکردنی بەندەکانی یاسای بودجە، بۆ ئەوەی بتوانرێت بە هاوکاری و پشتیوانی هەموو لایەک پێداویستییەکانی هاوڵاتیان پڕ بکرێتەوە و وڵاتیش ئاوەدانبکرێتەوە.

هەروەها پشتیوانی بکرێت لە چینانەی خاوەن داهاتی دیاریکراون و دەستبەکارکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و بەردەوام بوون لەسەر ڕێچکەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

ڕاستاندنی یاسای بودجە لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە، دوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکەیە لە لایەن پەرلەمانەوە.